رۆژنامەی ھەولێر

فیستیڤاڵی کوردستان بۆ ژینگەپارێزی

ئاری ئاغۆک*
کاتێ باس لە پەیوەندیی نێوان (هونەر و ژینگە _ ژینگە و هونەر) دەکەین، ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە پەیوەندیی نێوان ئەم دوو چەمکە تەنیا بابەتێکی سادە و ساکار نیە، بەڵکو پرسی ژینگە لە کردارێکی قووڵەوە لە ڕێگەی زمانی هونەرەوە بگەیەنرێتە هەموو شوێنێک، لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ لە یەکێک لە لقەکانی هونەر بابەتی (ژینگەپارێزی) بکەینە ناوەرۆکی بابەتی گشتی ئەو هونەرە زیندوەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دیدگای بینەر و، جەماوەر هەیە ئەویش بریتیە لە هونەری سینەما و پرسی ژینگە.
بێگومان لەم لایەنەوە سینەما تەنیا گێڕانەوەی چیرۆک و نیشاندانی بابەتی ژینگەیی نیە، بەڵکو نیشاندانی ڕاستیەکانی سەر گۆی زەوینە بە هەموو ئاریشەکانیەوە، بە جوانی و ناشیرینیەوە، چونکە هونەری سینەما وەک وێنەیەکی جووڵەداری زیندوو لە هەموو قۆناغەکان توانیویەتی لەگەڵ بابەتی سەردەم هاوگونجاو بێت و ببێتە زمانحاڵی کێشەکان.
یەکێک لەو پرس و بابەتە گرنگانەی سەردەم بریتیە لە کێشەی ژینگە. چونکە ژینگە وەک بابەتێکی هەستیار، ژینگە وەک هەناسەی ژیان، ژینگە وەک پرسێکی نیشتمانی، ئەوا دەبێ لە چەندین لاوە بە کردار پەیامەکە بگەیەنرێ، نەک تەنیا چێژێکی ئیستاتیکی بەڵکو گەیاندنی پەیام و چیرۆکی ژینگەیی لە ڕێگەی هونەری سینەماوە بە ئیشکردن و گرنگیدان بە زەوی و خاک و ئاو و هەوا و سروشت و پاکژی و پیس‌نەکردنی ژینگەی دەورووبەرمان و فڕێ‌نەدانی پاشماوەی خواردن و خۆراک، بۆیە بوونی فیستیڤاڵێک بەم لایەنە گرنگانەی ژیان جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشیە.
لەم سۆنگەیەوە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەری هەولێر _ بەڕێوەبەرایەتی سینەما _ بە پاڵپشتی پارێزگای هەولێر فیستیڤاڵی کوردستان بۆ ژینگەپارێزی، هەفتەیەک بۆ ژینگەدۆستی ئەنجام درا، بێگومان ئەم جۆرە جموجۆل و چالاکیانە تەنیا نیشاندانی چەند فیلم و بەرهەمێک نیە، بەڵکو ڕەهەندێکی فکری و کرداری ژینگەیی لەخۆ دەگرێ ئەویش بە (دووپاتکردنەوەی پاراستنی زەوی و خۆشەویستیمان بۆ خاک و نیشتمان، پاکڕاگرتنی ژینگەی سروشتی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی) هەمووی لە چوارچێوەی ئەو نامە و پەیامەیە کە دەبێ هەر یەکەمان لە شوێنی خۆمانەوە بەرگریی لێ بکەین و ژینگە بکەینە خەمی لەپێشینەمان. جگە لەمەش ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە دەبێتە ناوەندێکی بەهێزی یەکتربینین و دیداری هونەرمەندانی شارەکانی دیکەی کوردستان کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتە پرس و گفتوگۆ و دیالۆگێکی کراوە دەربارەی ژینگە و ژینگەپارێزی، گەرچی هەرکامەمان و لە شار و شارۆچکەی دیکەوەین، بەڵام لە خەم و کێشەی ژینگەدا هەموو یەکسانن.
لەم کاتەدا سینەما دەبێتە پەیامێکی ئاسان و خێرا و کاریگەر لە نێوان هونەرمەندان و جەماوەر، کاتێ لەخۆمان دەپرسین ئێمە لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە بەرەو پێش دەچین و ژیریی دەستکرد و گۆڕانکارییە خێراکان جێی بایەخن! بەڵام کاتێ ئاوڕ لە ژینگە و ژینگەپارێزی دەکەینەوە بەداخەوە لە ئاستی ئەو پێشکەوتنە خێراییەدا نین، کەواتە دەبێ لەو هەنگاوەوە دەست پێ بکەین کە هونەری سینەما و پرسی ژینگە بکەینە وێنەیەکی جووڵاوی کاریگەر تا کار لە دید و بۆچوونەکان بکات بۆ ئەوەی بە کردار ئەم تایتڵە بیسەلمێنین کە (ژینگەپارێزی و نیشتمانپارێزی، خەمی هەمووانە).
کەواتە ئەم جۆرە چالاکی و فیستیڤاڵانەی دەربارەی ژینگە، کارێکی گرنگە و پێویستە زیاتر بایەخی پێ بدرێت نەک تەنیا لە بۆنەیەک بەڵکو وەرز دوای وەرز بەرهەمی سینەمایی دەربارەی ژینگەپارێزی زیاتر و فراوانتر پێشکەش بکرێت.

*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی هەولێر