رۆژنامەی ھەولێر

هۆشیاریی تاک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنە نەرێنییەکانی سۆشیال‌میدیا

حوسێــــن عــــــەلی
لە سەردەمی ئێستاماندا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (سۆشیال‌میدیا) تەنها ئامرازێکی لاوەکی نین بۆ کاتبەسەربردن، بەڵکو بوونەتە بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی هەر یەکێک لە ئێمە. زۆربەیشمان ئەو دەستەواژەیە زۆر بەکار دەهێنین کە سۆشیال‌میدیا جیهانی کردووە بە گوندێکی بچووک و سنوورەکانی بڕیوە و گەیاندنی زانیاری و پەیوەندییەکانی ئاسان کردووە. بەڵام لە پاڵ ئەم هەموو سوودە زۆرەدا، کاریگەریە نەرێنییەکانی زۆر بە روونی دەرکەوتیە بۆ ناو کۆمەڵگە بۆتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ناڕاست و کاریگەری دەروونی خراپ لەسەر گەنجان و ئالوودەبوونی منداڵان پێوەی و نەمانی کات. بۆیە بە بۆچوونی من “هۆشیاریی تاک” دەبێتە گرنگترین فاکتەر بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا بەکارهێنانی زۆریی ئەم تەکنەلۆژیایە خزمەت بە تاک و کۆمەڵگە دەکات یاخود وێرانەی بەدواوەیە و کۆمەڵگە هەڵدەوەشێنی.
زۆر گرینگە تاک هۆشیاریی هەبێت لە وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاریەکاندا چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕن لە زانیاری ڕاست و چەواشەکاری. تاکی هۆشیار ئەو کەسەیە کە نابێتە کەرەستەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی فەیک. پێش ئەوەی هەر بابەتێک “لایک” یان “شەیر (Share)” بکاتەوە، پێویستە لە سەری لە ڕاست و دروستی سەرچاوەکان بکۆڵێتەوە. تاکی بەئاگا دەبێت بزانێت هەواڵ و زانیاری ناڕاست کە تاک و کۆمەڵگە تووشی دڵەڕاوکێ و بێ‌متمانەیی دەکات.
تاک دەبێت بزانێت کە میدیا دیجیتاڵییەکان بە جۆرێک دیزاین کراون کە سەرنجی مرۆڤ ڕابکێشن و هۆگربوونی (ئالوودەبوون) لە دەروونی دروست بکات بۆیە هۆشیاریی تاک کاتێک دەردەکەوێت کە مرۆڤەکان بتوانن هاوسەنگی لە نێوان ژیانی ڕاستەقینە و ژیانی مەجازیدا رابگرێت، لەبەر ئەوەی بەکارهێنانی زۆری و بێئاگایی لە سۆشیال‌میدیا دەبێتە هۆی دابڕانی تاک و کۆمەڵگەیەکی ناکۆمەڵایەتی و خەمۆکی و بێدەرفەت. بۆیە تاک یان باشتر بڵێم مرۆڤی هۆشیار سنوور بۆ کاتەکانی دادەنێت و ڕێگە نادات شاشە بچووکەکان کاتی دانیشتنی خێزانی و بەرپرسیارێتییە ڕاستەقینەکانی لێ وەربگرێتەوە بێ ئەوەی هەستی پێ بکات. ڕاستیەک هەیە دەبێت تاک‌ بە تاک ناو کۆمەڵگە بزانێت کە سۆشیال‌میدیا شوێنێکی گشتییە نەک تایبەتی. بڵاوکردنەوەی هەموو وردەکارییەکی ژیانی تایبەتیی خۆت یان خێزانت دەرگای مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کەسی و خێزانی دەکاتەوە، لە لایەکی ترەوە هۆشیاری کۆمەڵایەتی وا دەخوازێت کە لە کاتی کۆمێنت نووسین و دەربرینی رای خۆمان لەسەر هەر شتیک لە سۆشیال‌میدیا دووربکەوینەوە لە زمانی ڕق و کینە و ناوزڕاندن و بوختان و قسەی نەشیاو. لە ئەنجامدا بۆمان روو دەبێتەوە کە سۆشیال‌میدیا هاوشێوەی چەقۆیەکی دوودەم وایە، هەر یەک لە ئێمە چ وەک تاک یان وەک مرۆڤێکی ناو کۆمەڵگە دەکرێت بۆ چاکەکاری و فێربوون و پێشکەوتن و سوودی خۆمان و کۆمەڵگە بەکاربهێنرێت وە دەکرێت بۆ تێکدان و کات کوشتن و قسەی نەشیاو هەواڵی فەیک بەکار بهێنریت.
هەموومان دەبێت ئەوا باش بزانین کە کۆمەڵگەیەکی تەندروست تەنها بە یاسا کۆنترۆڵ ناکرێت و بنیات نانرێت بەڵکو بە بوونی تاکی هۆشیار و بەپرسیار بنیاد دەنرێت. با هەموو لایەکمان سۆشیال‌میدیا بکەینە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و جوانی و ئاشتی لە ناو کۆمەڵگەی کوردی کە ئێستا لە هەمووکات زیاتر پێویستامان پێ هەیە نەک پێچەوانەکەی.