ماكوان عيززهت – هەولێر
گریانی بەردەوامی منداڵانی تازەلەدایکبوو، بەتایبەت لە کاتی ئێواران و شەواندا، زۆرجار لەلایەن دایکان و باوکانەوە تەنها بۆ باوبژ (غازات)ـی سک دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام پزیشکێکی پسپۆڕ ئاشکرای دەکات کە ڕەنگە ئەم گریانە نیشانەی تەسکبوونەوەی زگماکیی بۆریی گورچیلە (حالب) بێت.
بەشێوەیەکی گشتی، منداڵانی تازەلەدایکبوو لە تەمەنی ١٥ ڕۆژانەوە تا نزیکەی سێ بۆ چوار مانگان، تووشی شەپۆلێکی گریانی زۆر دەبن كە بەتایبەت لە دوای ئێواران و شەواندا چڕ دەبێتەوە. هەرچەندە لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی باو ئەم حاڵەتە بە باوبژی سک لێک دەدرێتەوە، بەڵام پزیشکان ئاماژە بە هۆکارێکی دیکەی جیاواز و گرنگ دەکەن.
د. وریا ناسح سابیر، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان، ڕوونی دەکاتەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی گریانی زۆری منداڵان بریتییە لە بوونی گرفت لە بۆریی گورچیلەکان (حالب). وەک ئەو پسپۆڕە ئاماژەی پێ دەدات، هەندێک لە منداڵان بە شێوەیەکی زگماکی بۆریی گورچیلەکانیان تەسکە، ئەمەش وا دەکات میز بە باشی نەیەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا گورچیلەکان دەئاوسێن و گەورە دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئازار و گریانی بەردەوامی منداڵەکە.
سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە، د. وریا ناسح ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرجار لە کاتی دووگیانیی دایکەکە و لە ڕێگەی پشکنینی سۆنەرەوە هەست بەم گرفتە دەکرێت. هەروەها لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا، دوای لەدایکبوونی منداڵەکە و لە تەمەنی چەند ڕۆژییەوە تا نزیکەی یەک مانگی، لە ڕێگەی سۆنەرەوە دەردەکەوێت کە گورچیلەکانی گەورە بوون و تەسکی لە بۆرییەکانیدا هەیە.
دوابەدوای دەستنیشانکردنی سەرەتایی، منداڵەکە پشکنینی تیشکیی زیاتری بۆ دەکرێت تاوەکوو ڕادەی تەسکبوونەوەکە بە وردی دیاری بکرێت و بەپێی پێویست چارەسەری بۆ بکرێت.
لە کۆتاییدا ئەو پزیشکە پسپۆڕە شێوازەکانی چارەسەر دەخاتە ڕوو و دەڵێت: «هەندێک لە منداڵەکان تەنها پێویستیان بە چاودێریکردنی پزیشکی هەیە و لەگەڵ گەورەبوونیاندا خۆیان چاک دەبنەوە، بەڵام ئەگەر لە پشکنینەکاندا دەرکەوت گیران و تەسکییەکە زۆرە، ئەوا پێویستە نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت بۆ لابردنی گیرانەکە و بەم شێوەیە بە تەواوی چارەسەر دەبن».
