فازڵ میرانی
ئەمە گوتارێکی واقیعییە و نووسینەوەی ئەرکێکی مێژووییە؛ چونکە لە واقیعبینیی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئێمە خاوەنی بنەمایەکی نەگۆڕین کە نابێ بلەخشێت، یان ڕێگە بدەین تەمومژی کێبڕکێیەکی نەخوازراو دایانپۆشێت. دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە و ئەوەی لە ئایندەدا چاوەڕوان دەکرێت، ڕەنگە زۆر لەوە سەختتر بێت کە پێشبینی دەکرێت. کوردستان شایستەی ئەوەیە لەپێناویدا کۆتایی بە لۆمەکردن و پاساوی یەکتری بهێندرێت؛ چونکە نەدەبوو ڕێگە بدەین کار بەم ئاستە بگات.
هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین یەکڕیزیی نێوانمان درزی تێبکەوێت و ببێتە هەوێنێک بۆ ئەوەی نەیاران گرەوی لەسەر بکەن و بمانخەنە پێگەیەکەوە کە شایستەی ئێمە و گەلەکەمان نییە.
پەرلەمانی کوردستان، ئەو دامەزراوە دەستووری و نیشتمانییەی کە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیی لەپێناو دراوە، نابێت پەک بخرێت. ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە و دەدەین لە چوارچێوەی لۆژیک و ڕێڕەوی ڕاستدا هەنگاو بنێین.
نەتەوە و ڕابردووی هاوبەشمان، گەورەترین سەرمایەن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان؛ننابێت ئەم دەستکەوتە نیشتمانییانە لە ململانێیەکی سیاسیی ناڕووندا کە ئەنجامەکانی نادیارن، بەفیڕۆ بدرێن. ئێمە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانمان تێدەکۆشین، بۆیە نابێت تووشی پەتای ئەو جۆرە مامەڵە سیاسییانە ببین کە لە بەها ڕەسەنەکانمانەوە دوورن؛ ئەو بەهایانەی لە سەختترین ڕۆژگارەکاندا پاراستوومانن. پێداچوونەوەیەکی نیشتمانیی بێلایەن، دەرفەت لەو کەسانە دەبڕێت کە دەیانەوێت شکست و کەمکوڕییەکانی خۆیان لەژێر پەردەی ئەم ململانێ ساردەی ئێستادا بشارنەوە.
ئێمە و گەلەکەمان دەمانەوێت ئەزموونی کوردستان وەک نموونەیەکی درەوشاوەی خەبات و کاری پەرلەمانی و حکومی بمێنێتەوە؛ بزووتنەوەیەکی ئەخلاقی و هۆشیار بێت کە داکۆکی لە دادپەروەری و ئازادی و دیموکراسی دەکات. بزووتنەوەیەک کە لە هەموو خەوش و دەستکارییەک پارێزراو بێت و یەکڕیز و یەکهەڵوێست بێت.
ئەو گەلەی وەک جەنگاوەر و ئاوەدانکەرەوە متمانەی پێ بەخشین، شایستەی وەفادارییە.
نرخی ئەم متمانەیە لای ئێمە زۆر لە هەموو ئەو فریودانانە گەورەترە کە نەیاران بۆ تێکدانی یەکڕیزییەکەمان دەیخەنە ڕوو. ئێمە هەمیشە دڵ و باوەشمان بۆ براکانمان کراوەیە، چونکە لەپێناو نەتەوەکەماندا، هیچ ڕێگەیەکی دیکە شک نابەین.

