رۆژنامەی ھەولێر

(کاس سەنستین). ئەو ڕاوێژکارەی ئۆباما چۆن لە ٣٠ خولەک دەنووسێت؟

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(کاس سەنستین ـ Cass Sunstein)، بەرپرسی پێشووی نووسینگەی ڕێکخستنی ئۆباما، کتێبێکی نووسیوە بە ناوی (Simpler) و تیایدا باسی ڕوانگەکانی ئۆباما دەکات لەودەمەی کە سەرکۆماری ئەمریکا بووە. ئەم پڕۆفیسۆرەی کۆلێژی یاسای زانکۆی هارڤارد، لەم گفتوگۆیەیدا باسی ئەوە دەکات چۆن لە نێوان ٣٠ خولەک دەنووسێت و، باسی جیاوازیی نێوان ئەکادیمیا و حکومەت دەکات.

ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە، دوای جێهێشتنی کۆشکەسپی؟
کاس سەنستین: ئێستام بە پشکنینی ئینتەرنێتەوە دەست پێ دەکەم: ڕۆژنامە دڵخوازەکانم وەک (نیۆیۆرک تایمز – The New York Times) و (واشنتن پۆست – The Washington Post). ڕەنگە سەعاتێک یان دووان دوای لەخەوهەڵستانم، سەیری ماڵپەڕی نووسینگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ئابووری (Marginalrevolution.com) و کۆمەڵەی ئابووری ئەمریکی بکەم تا بزانم ئایا هیچ توێژینەوەیەکی نوێ هەیە یان نا. ڕەنگە سەعاتێک بە خوێندنەوەوە بەسەر ببەم. خۆی سەعات ٧:٣٠ لە خەو هەڵدەستم و ئەگەر بە ڕژدی سەرقاڵی نووسین بم، تا سەعات ٩ دەست بە نووسین دەکەم. من هەمیشە دەتوانم کەلێن لە نێو کاتەکانمدا بدۆزمەوە بۆ نووسین. بەیانیانی زوو، هیچ ڕێگرێک نییە بۆ دۆزینەوەی کەمێک کات بۆ نووسین. زۆربەی کات سەعات ٩ یان ٩:٣٠ دەگەمە نووسینگە. زۆربەی ڕۆژەکان لە ٩:٣٠ تا نیوەڕۆ دەنووسم. وەستان و دەستپێکردنەوە دەبێت و، عادەتەن لە پڕۆژەیەکەوە دەچم بۆ یەکێکی تر، بەپێی ئەوەی چۆن بەڕێوە دەچن. ئێستاش خەریکی وتارێکم لە بواری گشتیەتی ئابووریی ڕەفتاری و سیاسەتی گشتی. هەروەها خەریکی بابەتێکم بۆ گۆڤارێک لەسەر پرسێکی تەواو جیاواز. حەز دەکەم لە نێوانیاندا بێم و بچم. ئەگەر لە یەکێکیان پەکم کەوت، باز دەدەمە سەر ئەوی تریان. هەروەها خەریکی کتێبی داهاتووشمم کە هیچ پەیوەندییەکی بەم کتێبەی ئێستامەوە نییە.
ـ ئایا هیچ خوو یان باوەڕێکی خورافیت هەیە پەیوەست بە پڕۆسەی نووسینەوە؟
کاس سەنستین: پێموایە دیارترین خووم ئەوەیە کە پێویستم بە هیچ ئامادەکارییەک نییە بۆ نووسین. ئەگەر وانەکەم سەعات ٢:٣٠ تەواو بێت، لەگەڵ قوتابییەکان قسە دەکەم و وەڵامی پرسیارەکانیان دەدەمەوە تا ٢:٤٥ و، ڕێک دوای ئەوە دەتوانم دەست بە نووسین بکەم. هەندێک ڕۆژ وانەی دووەمم سەعات پێنجە، ئەگەر ڕۆژی پێشوو ئامادەکاری مابێت، پێویستم بە ٤٥ خولەکە پێش وانەکە، بۆیە لە نێوان ٣ بۆ ٤:١٥ دەتوانم بنووسم. ئەو خووەی پەرەم پێداوە ئەوەیە کە لە هەر نیو سەعاتێکی بەتاڵ کە دەستم بکەوێت، دەنووسم.
ـ دەتوانیت سێ کتێبی دڵخواز لە بواری خۆت پێشنیار بکەیت؟
کاس سەنستین: بێگومان. کتێبی (دەرچوون و دەنگ و دڵسۆزی – Exit، Voice، and Loyalty) لە نووسینی (ئەلبێرت هیرشمان – Albert O. Hirschman) پێشنیار دەکەم، چونکە ئێستا خەریکی شتێکم لەسەری، بۆیە لە مێشکمدایە. کتێبێکی گەورە و خۆشە. کتێبی (ئابووریی نیمچە-عەقڵانی – Quasi-Rational Economics)ی (ڕیچارد تایلەر – Richard Thaler)م خۆش دەوێت، کە کۆمەڵێک وتاری سەرنجڕاکێشی تێدایە و بناغەی ڕاستەقینەی ئابووریی ڕەفتارییە. بۆ سێیەم کتێبیش؟ پێموایە کتێبێک پێشنیار دەکەم کە زۆر لە بوارەکەی منەوە دوورە، ئەویش ڕۆمانی (خاوەندارێتی – Possession) لە نووسینی (ئەی.ئێس بایات – A. S. Byatt)ە. تەنها ڕۆمانێکی گەورەیە؛ پەیوەندییەکی نزیکی بە کارە ئابوورییەکانمەوە نییە، بەڵام چ کێشەیەکی هەیە، ئەویش دەربارەی سروشتی مرۆڤە.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
جووڵەی ناتەواو و سەیروسەمەرەی تووتکە سەگەکان.
ـ ڕۆژەکانی کارکردنت لە کۆشکەسپی چۆن بوون؟
کاس سەنستین: قەرەباڵغتر بوون لەوەی ئێستا. لە ناو حکومەتدا شتێک نییە بە ناوی ڕۆژێکی ئاسایی. ئەوەی ڕوو دەدات ڕۆژ بۆ ڕۆژ دەگۆڕێت، بەڵام هەموو ڕۆژێک کۆبوونەوەکانی سەعات ٨:٣٠ـی بەیانیان دەکرا. لە حکومەتدا، تۆ نووسەر نیت، تۆ کارگێڕیت. من بەرپرسی نووسینگەیەکی بچووک بووم کە سەرپەرشتی ڕێسا حکومییەکانی دەکرد. زۆرجار چوار یان پێنج کۆبوونەوە لە هەر بەیانییەکدا دەکرا و، زۆرجار کۆبوونەوەکان تا سەعات ٨ی شەو یان درەنگتر بەردەوام دەبوو. هەمیشە دەبوو چاوت لەسەر مۆبایلەکەت بێت. ئەگەر کاتێکی بەتاڵت لە نێوان کۆبوونەوەکان دەستکەوتبایە، ڕەنگە کارت لەسەر بەڵگەنامەیەکی فەرمی کردبایە. ئێستا وەک ئەکادیمییەک، بەشێکی زۆری کاتەکانم بە نووسین بەسەر دەبەم و زۆر کەم لە کۆبوونەوەدام. لە حکومەتدا، بە ئاسایی دادەنرێت بۆ ئەوە کە لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی ترەوە بگەیتە ئەنجام.
ـ چی هەیە کە زۆربەی خەڵک دەربارەی دەستوور یان یاسای دەستووری تێناگەن و تۆی سەرسام کردووە؟
کاس سەنستین: ڕەنگە نەبوونی پێزانینی تەواوە بۆ ئەوەی دەستووری شتێکی میکانیکی نییە. بابەتەکە تەنها جێبەجێکردنی ڕێساکان نییە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕێساکان لە ماوەی چەندین نەوە گەشە دەکەن و، زۆر پرسیش هەن یەکلایی نەکراونەتەوە و چارەسەرکردنیان پێویستی بە جۆرە دادوەری و بڕیاردان هەیە.
ـ من لەگەڵ مێژوونووسێکی ئایینیدا قسەم دەکرد، ئەو ئینجیلی وەک دەقێک وەسف کرد کە زۆر بەکاردەهێنرێت و دەکرێتە چەک هەرچەند کە نەیانخوێندووەتەوە و لێکۆڵینەوەیان تێدا نەکردووە. منیش بیرم لەوە کردەوە کە ڕەنگە دەستووریش شایستەی پلەی دووەم بێت لەم ڕووەوە. بۆ نموونە، مافی دەستووری بۆ هەڵگرتنی چەک لە چوارچێوەی هێزێکی چەکدار، نەک تەنها گەڕان بە چەکەوە لە ناو شار؟
باشە، من پێم وایە دەستوور لە زۆر شوێندا تەمومژاوی و ناڕوونە. دادگای باڵا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە هەموارکردنی دووەمی دەستوور مافی تاکەکەسی بۆ خاوەنداریەتیکردنی چەک لەخۆدەگرێت، منیش پێم وایە ئەمە خوێندنەوەیەکی تەواو شەرعی و دروستە بۆ هەمواری دووەم. مێژوونووسان نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی، بەڵام پێم وایە لێکدانەوەکەی دادگا، کە دەڵێت مافە تاکەکەسییەکانیش دەگرێتەوە، بە دڵنیایییەوە خوێندنەوەیەکی شەرعی و گونجاوە بۆ دەقەکە.
ـ تۆ سەرۆک ئۆباما لە نزیکەوە دەناسیت و ساڵانێکی زۆر کارت لەگەڵ کردووە. شتێک هەیە دەربارەی سەرۆک کە خەڵک سەرسام بکات و بە شێوەیەکی بەرفراوان نەزانراو بێت؟
کاس سەنستین: خەڵک وادەزانن ئەو کەسێکی لەسەرخۆ و ساردە.

ـ جا وایە؟
کاس سەنستین: ئەو کەسێکی زۆر ئارامە، بەڵام میهرەبانییەکی بێوێنەشی هەیە. دڵئاوایی و میهرەبانییەکەی بەرامبەر تاکەکان، لەوانەش بەرامبەر بەندە، بەشێکە لە خەسڵەتی ئەو پیاوە. میهرەبانی و بەخشندەییەکی نائاسایی.
ـ کتێبە نوێیەکەت دەربارەی شێوازی نوێی حوکمڕانییە. ئایا هیچ حکومەتێکی بیانی هەیە کە سەرسامی بیت و پێت وابێت شێوازەکانیان نموونەیین؟
کاس سەنستین: من پەرۆشییەکی زۆرم بۆ حکومەتەکەی خۆمان هەیە. پێموایە ئێمە مۆدێلێکی تا ڕادەیەک باشین. بەریتانیا، هەندێک شتی سەرنجڕاکێشی کردووە لە ڕووی تاقیکردنەوەی مەیدانیی سیاسییەوە، تا بزانن ئایا دەگەنە ئامانجە چاوڕوانکراوەکە یان نا. ئێمە لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵیان دەربارەی پێویستیی تاقیکردنەوەی ئەزموونی. ئەوان لەگەڵ ئێمە هاوڕان لە بەرەوپێشچوون بەرەو حکومەتێک کە لەسەر بنەمای بەڵگە و داتا بێت، نەک لەسەر بنەمای گریمانە و هیوا.
پرسیار: وەک یاریی بەیسبۆڵ وایە. هێنانی شێوازی(مەنیبۆڵ – Moneyball) *بۆ ناو سیستەمی حکومڕانی.
کاس سەنستین: لە ڕاستیدا، کتێبەکەم بەشێکی تێدایە بە ناونیشانی (مەنیبۆڵی ڕێکخستن – Regulatory Moneyball).
ـ کۆتا پرسیار. حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
کاس سەنستین: ئەو هێشتا زیندووە!
تێبینی:
ـ ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.
ـ چەمکی (مەنیبۆڵ – Moneyball)، ئاماژەیە بۆ شێوازێکی بەڕێوەبردن کە تێیدا لە جیاتی پشتبەستن بە بۆچوونی کەسی و خەمڵاندن یان نەریتی کۆن، بەتەواوی پشت بە داتا، ئامار و لێکۆڵینەوەی وردی زانستی دەبەسترێت بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام بە کەمترین تێچوو. لێرەشدا مەبەست لێی بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەت و داڕشتنی یاساکانە لەسەر بنەمای داتا و ژمارە ڕاستەقینەکان.