رۆژنامەی ھەولێر

زانكۆی سەلاحەدین وەك ناوەندی زانست ڕۆڵی پێشەنگی خۆی دەبینیت لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسانی حكوومی سمپۆزیۆمی ڕۆژی جیهانیی ژینگە (٢٠٢٦) بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەكەدا سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین وتارێكی پێشكەش کرد و گوتی خۆشحاڵم پیرۆزباییەكی گەرم پێشكەش بە خەمخۆرانی ژینگە و هەموو ئەوانە بكەم كە كار دەكەن بۆ پاراستنی ژینگە و دڵنیابوون لە بەردەوامی سەرچاوە سروشتیەكان، گرنگیدان بەم بۆنەیە لە كاتێكدایە كە جیهان بە گشتی و ناوچەكەمان بەتایبەتی ڕووبەڕووی ئالنگارییە گەورەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و كەمداگەڕانی سەرچاوە ئاوییەكان و لە دەستدانی جۆراوجۆریی زیندەیی و زیادبوونی پاشماوەكان دەبێتەوە.
زانكۆ وەك ناوەندی زانست و ڕۆشنبیری پێویستە ڕۆڵی پێشەنگی خۆی ببینێت لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و پشتگیری توێژینەوە زانستییەكان و هەماهەنگی دامودەزگاكانی حكومەت لە پێناو پاراستنی ژینگە و پەروەردەكردنی نەوەیەك كە بەرپرسیارێتی پاراستنی ژینگە هەست پێ بكات.
سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین لە میانەی وتارەكەی وتی لەم سۆنگەیەوە ئێمە لە زانكۆی سەلاحەدینی هەولێردا هەوڵمان داوە بە چەندین شێوازی جیاواز ئەم ئەركەی خۆمان بەجێ بگەیەنین، یەك لەو هەوڵانە دامەزراندنی یەكەی چاودێریی ژینگە و گۆڕانی ئاوهەوایە لە بەڕێوبەرایەتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانكۆمان، كارەكانی ئەم یەكەیە جێگای دەستخۆشیە كە توانیویانە لەماوەی دەسبەكاربوونیان سەرباری كاركردن لەسەر چەندین توێژینەوەی زانستی ئەم چالاكییەی ئێستاو چەند چلاكییەیەكی دیكەش ئەنجام بدەن لەوانە:
1ـ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی سیستەمی زانیارییە جوگرافییەكان (GIS) و بەستنی كۆڕبەندێكی زانستیی تایبەت بەم بۆنەیە و تۆماركردنی لە پێگە فەرمییەکەی كۆمپانیای (ESRI)ـدا.
2ـ سیمپۆزۆمێك دەربارەی بەكارهێنانی بنكەداتای پۆرتاڵی (WaPOR) بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی (FAO)ـدا.
3ـ سیمپۆزیۆمی دەرئەنجامەكانی
كۆنفرانسی جیهانی ئاووهەوا (COP30) لێكەوتە و دەرفەتەكان بۆ هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی گۆڕانی كەشوهەوا لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان.
4ـ جێبەجێکردنی خولی ڕاهێنان بۆ كارمەندانی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بە مەبەستی بەرزگردنەوەی توانا تەكنیكییەكانی كارمەندان لە شیكردنەوەی داتا و بەكارهێنانی سیستەمە پیشكەوتووەكان وەك خولی سیستەمە زانیارییە جوگرافییەكان بۆ پرۆگرامی (ArcGIS Pro).
5ـ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی زانستی بۆ بارودۆخی ژینەگەی هەولێرو پێشبینییەكان بۆ داهاتوی ژینگە تا ساڵی (2050) بە پشتبەستن بە تویژینەوە زانستیەكانی مامۆستایانی زانكۆمان و ڕاپۆرت و داتای دەزگا فەرمییە تایبەتمەندەكانی حكومەتی هەرێم، لە ڕێگای مۆدێلی پێشكەوت و كۆمپویوتەری ئاست بەرز (سوپەر كومپیوتەر) و بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد.
6ـ هەماهەنگییەکی بەردەوامی زانستی لەگەڵ دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگای ئامادەكردنی توێژینەوە و ڕاوێژی زانستی تایبەت بە گرفتە ژینگەییەكان و دەستنیشانكردنی باشترین ڕێگای چارەسەر بۆ ئەم گرفتانە بەمەبەستی زامنكردنی ئاسایشی ژینگەیی بۆ هەرێمی كوردستان.
لە كۆتایدا لە چوارچێوەی دروشمی ئەم كۆڕبەندە جەخت دەكەینەوە لەسەر گرنگیی بەكارهێنانی زانست و تەكنولوجیا بۆ چارەسەری كێشە ژینگەییەكان، هیوادارم هەموومان بە هەماهەنگی و پێکەوە بتوانین هەنگاوی كاریگەر بنێین بۆ پاراستنی ژینگە و گەیشتن بە گەشەیەكی بەردەوام و دڵنیابوون لە داهاتووی نەوەكانمان، لە كوردستانێكی لەگەشەی بەردەوامدا.
جیگای باسە ئەم مەراسیمە بە ئامادەبوونی (پ.د. كامەران یونس محمدامین) سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین و (د. چنار سعد) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و (د. ئامانج برادۆستی) بەرپرسی ناوچەی زانكۆ و (پ.د. سەمیر جودت بلال) بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ڕاگر و سەرۆكبەش و مامۆستایان و قوتابیان بەڕێوە چوو.