كارزان گلی – ههولێر
بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دێتە توركیا و بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە دەكات.
ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆ، كە بڕیارە لە ٧_٨ی مانگی تەمووز لە ئەنتاڵیا ئەنجام بدرێت، ترە مپیش بەشداری دەكات و بەیەكێك لە كۆبوونەوە هەرە گرنگەكانی ناتۆ هەژمار دەكرێت.
بۆ ئەمساڵ، توركیا وەكوو ئەندامی ناتۆ، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ناتۆ دەكات و بڕیارە سەرۆكی وڵاتی هەموو ئەندامانی ناتۆ بەشداری تێدا بكەن.
رۆبیۆ دەڵێت: ”ترەمپ بەشداری دەكات، چوونكە كۆبوونەوەكە لە كاتێكی هەستیاردا ئەنجام دەدرێت، پێموایە ئەم كۆبوونەوەیەی ناتۆ، كۆبوونەوەیەكی لووتكەی مێژوویی و گرنگ دەبێت، هەربۆیەش ترەمپ بۆ خۆی بەشداری تێدا دەكات.“
ئەو باسی لەوەش كرد، كۆمەڵێك پرس هەیە ناكۆكی لەسەرە، بۆیە دەبێت لەو كۆبوونەوەیە قسەی لەسەر بكرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
لە شەڕی هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ داوای لە وڵاتانی ناتۆ كرد، بەشداری ئەو شەڕە بكەن، بەڵام هیچ وڵاتێكی ئەندام لە ناتۆ بەشداری نەكرد و بەگوێی ئەمریكایان نەكرد، ئەمەش ترەمپی توڕە كرد و هەڕەشەی كشانەوەی لە ناتۆ كرد.
ترەمپ چەند جارێك گوتی: ”ناتۆ بەبێ ئەمریكا، وەكوو پڵنگی سەر كاغەز وایە، بۆیە بیر لەوە دەكەینەوە لە ناتۆ بكشێینەوە.“
وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، ترسیان لێنیشتووە ئەمریكا لە ناتۆ بكشێتەوە، بۆیە بودجەی سەربازی وڵاتی خۆیان زیاد كرد، تەنانەت وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا بیر لەوە دەكەنەوە، هێزێكی تایبەت دروست بكەن، بۆ ئەگەری هەر هێرشێكی رووسیا بۆ سەریان، چوونكە ئەگەر ئەمریكا لە ناتۆ بكشێتەوە، ئیدی رووسیا چاو دەبڕێتە خاكی وڵاتانی ئەورووپا.
چەند میدیایەكی توركیا باس لەوە دەكەن، لە كۆبوونەوەی ناتۆدا لە ئەنتاڵیا، بەجیدی باس لە كشانەوەی ئەمریكا لە ناتۆ دەكرێت و لەوێدا وڵاتان بەرچاویان روون دەبێت، ئایە ئەمریكا لە ناتۆ دەكشێتەوە یان نا؟
رۆبیۆ بەڕوونی ئاماژەی دا، ئەو هاوپەیمانییەی دروست كراوە، پێویست دەكات گۆڕانی بەسەردا بێت و وڵاتان لە كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆدا بەجیدی باس لەو گۆڕانكارییانە دەكەن و گفتوگۆی جیدی لەسەر دەكرێت، بۆیە ترەمپ بۆ خۆی بەشداری تێدا دەكات.
ئیسپانیا، یەكێك بوو لەو وڵاتانەی زۆر بەتوندی دژی هێرشكردنە سەر ئێران بوو و سەرۆك وەزیرانەكەی چەندین جار لەگەڵ ترەمپ بوو بەشەڕە قسەیان، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیاش بەشدارە و بەئەگەرێكی زۆرەوە ترەمپ باس لە هەڵوێستی ئیسپانیا دەكات و هەروەها گلەییش لە وڵاتانی ناتۆ دەكات، كە بەپیل داواكەی ئەمریكاوە نەهاتوون.
ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لەو كۆبوونەوە لووتكەیەدا، مانەوە و هەڵوەشانەوەی ناتۆ باسی لێوە دەكرێت و بڕیاری گرنگ لەوبارەیەوە دەدرێت، بۆیە بەلایانەوە كۆبوونەوەیەكی گرنگ و مێژوویی دەبێت.
كۆبوونەوەكە لە ٧_٨ی تەمووز ئەنجام دەدرێت، لەو رۆژەدا لە ئەنتاڵیا هەموو چالاكییەك دەوەستێت و لەو شارە دوو رۆژ بۆ فەرمانبەران دەبێتە پشووی فەرمی

