د. مەروان مەزهەر
د. مەروان مەزهەر، خاوه‌نی 10 توێژینه‌وه‌ی زانستی و مامۆستا لە به‌شی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لە زانكۆی هه‌ڵه‌بجه، لە دیمانەیەكی “هەولێر”ـدا ئەوەی خستەڕوو:” سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی زیره‌كی ده‌ستكرد گۆڕانكارییه‌كی خێرا له‌سه‌ر ئاستی تاك و كۆمه‌ڵگه دروست ده‌كات”. ئاماژەی بەوەیش كرد :” به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی به‌رچاو ده‌كه‌وێت ئێستاکە شپرزییەکی زۆر هه‌یه له سۆشیال‌میدیا، به بێ گوێدانه پسپۆڕی و شاره‌زایی هه‌موو كه‌س هه‌ر قسه ده‌كات”.
دۆخی ئێستاکەی زانستی کۆمەڵناسی لە نێوان “تیۆریی ئەکادیمی” و “واقیعی کۆمەڵایەتی”دا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا توانیویەتی لە دیوارەکانی زانکۆ بێتە دەرەوە و بچێتە ناو ژیانی خەڵکەوە؟
سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵناسی وه‌ك خوێندنی ئه‌كادیمی، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌رچه‌نده له چه‌ندین زانكۆ له هه‌ریمی كوردستاندا به‌شی كۆمه‌ڵناسی به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م به‌شه وه‌ك پێویستیه‌كی كۆمه‌ڵگه‌یی بایه‌خی پێی نه‌دراوه له سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان، ئاسۆكانی كاركردنی ئه‌م زانسته ڕوون نییه و پسپۆڕان و ده‌رچووانی ئه‌م به‌شه نه‌یانتوانیوه له كۆمه‌ڵگه‌دا خۆیان بسه‌لمێنن، ئه‌وه‌ی هه‌یه كۆمه‌ڵێك هه‌وڵی تاكه‌كه‌سییه، هه‌ربۆیه دابڕانێكی زۆر به‌دی ده‌كرێت له نێوان كۆمه‌ڵناسی وه‌ك زانستی توێژینه‌وه له‌سه‌ر كێشه و دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ واقعی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه كێڵگه‌یه‌كی ئێجگار به‌سووده بۆ لێكۆلێنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به كۆمه‌ڵناسی.
هەندێک پێیان وایە کۆمەڵناسی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە قەیراندایە و نەیتوانیوە شرۆڤەی ورد بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی کۆمەڵگە بکات؛ خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم بۆچوونە چییە؟
له ڕاستیدا ئه‌م قسه‌یه نه‌ك ته‌نها بۆ كۆمه‌ڵناسی به‌ڵكو بۆ زۆرێك له به‌شه‌كانی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان درووسته، زیاتر په‌یوه‌سته به‌و ئاڕاستەیهی كه كۆمه‌ڵناسی كاری له‌سه‌ر ده‌كات بۆ نموونه هه‌تاوه‌كو ئێستاش سنووری كاركردنی ئه‌م زانسته ڕوون نییه، هه‌روه‌ها به‌شێكی په‌یوه‌سته به‌و بابه‌ت و پرۆگرامانه‌ی كه ده‌خوێنرێت له قۆناغی زانكۆدا ده‌شێ له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت كه له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا پراكتیك بكرێت، به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كه نه‌توانراوه سوود له ده‌رچووان و پسپۆڕانی كۆمه‌ڵناسی وه‌ربگیرێت له چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه خێراكانی كۆمه‌ڵگه. كۆمه‌ڵناسان پێویسته كۆمه‌ڵگه ئاڕاستە بكه‌ن و كۆمه‌ڵگه به‌ڕێوه ببه‌ن، به‌ڵام ده‌بینی له‌و پێگه و شوێنانه‌ش كه ده‌بێت ئه‌وان ڕۆڵ ببیین ده‌رفه‌تی خۆ سه‌لماندیان پێ نادرێت، بۆ نموونه چه‌ندین وه‌زاره‌ت و سه‌نته‌ر و دامه‌زراوه و ڕێكخراوی په‌یوه‌ندیدار هه‌یه كه پێویسته كۆمه‌ڵناسان به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن، به‌ڵام له‌و مافه بێ به‌ش كراون. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌شێكی زۆری پسپۆڕانی ئه‌م به‌شه نه‌توانن له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا خزمه‌ت بكه‌ن.
ئایا توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا تەنها بۆ بەدەستهێنانی پلەی زانستین، یان بەڕاستی دەبنە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی دیاردە و کێشەکان؟
هه‌رچه‌نده كۆمه‌ڵناسی زانستی توێژینه‌وه‌یه له كێشه و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌نجامدانی به‌شێكی زۆری توێژینه‌وه‌كان و به‌شدارییكردن له كۆنفرانسه‌كان له چوارچێوه‌ی زانكۆیدا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی و به‌ده‌ستهینانی پله‌یه، له سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ش هه‌ندێك هه‌وڵی كه‌م و سنووردار هه‌یه كه له ڕێگه‌ی (ڕێكخراوێك، سه‌نته‌رێك، دامه‌زراوه‌یه‌ك ….هتد) بیانه‌وێت له ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه قسه له‌سه‌ر كێشه و دیاره‌ده‌كانی كۆمه‌ڵگه بكرێت، ئه‌ویش كه‌متر ڕۆڵ و كاریگه‌ری كۆمه‌ڵناسان به‌رچاو ده‌كه‌وێت. بۆیه كه‌متر ده‌بینی توێژینه‌وه‌یه‌ك كرابێته بنه‌ما بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه.
ڕۆڵی کۆمەڵناس لە کاتی قەیرانەکاندا (وەک قەیرانی ئابووری، جەنگ، یان دۆخە نالەبارەكان) چییە؟ ئایا لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵناسانی ئێمە بە مەیدانی ئامادەیییان هەبووە؟
ده‌كرێت كۆمه‌ڵناسان بتوانن له كاتی قه‌یران و دۆخه نه‌خوازراوه‌كاندا له ڕێگه‌ی توێژینه‌وه و ڕێنماییه‌وه هاوكاری تاك و خێزان و گرووپه‌كان بن، به مه‌رجێك پێشتر له ڕووی تیۆری و پراكتیكییه‌وه پڕ چه‌ك كرابن، له‌سه‌ر ئاستی تیۆری و توێژینه‌وه ئاماده‌گیه‌كی كه‌م ده‌بینین، بۆ نموونه ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه ده‌رباره‌ی(قه‌یرانی ئابووری، مادده‌ی هۆشبه‌ر، تیرۆر، كرۆنا، بێكاری. هتد). كۆمه‌ڵناسان ئه‌گه‌ر ئاماده‌یی مه‌یدانیشیان نه‌بووبیت به‌شێكی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه كه هه‌ل و ده‌رفه‌تی كاركردنییان كه‌متر پێ به‌خشراوه، هه‌روه‌ها كه‌متر ئاشنا كراون به چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی قه‌یرانه‌كان و ڕۆڵی كۆمه‌ڵناسان له‌م بواره‌دا.
جیاوازیی نێوان “کۆمەڵناس” و “كەسێكی ئایینی یان بانگخوازێ” لای خەڵکی ئاسایی ڕوونە؟ یان هێشتا سنوورەکان تێکەڵن و خەڵک چاوەڕێی ئامۆژگاری دەکەن لەبری شیکردنەوەی زانستی؟
به دڵنیاییەوە خه‌ڵكەکە ئه‌و هۆشیاره‌ی هه‌یه كه ئه‌م دوو پسپۆڕییه له یه‌ك جیا بكاته‌وه، خاڵی هاوبه‌شیان ئه‌وه‌یه هه‌ردوو لا هاوكاری و یارمه‌تی كه‌سانێك ده‌ده‌ن كه پێویستیان پێی هه‌بێت به‌ڵام به دوو ئاڕاستەی جیاواز، به‌ڵام خاڵی جیاوازییان ئه‌وه‌یه كه مامۆستای ئایینی زیاتر ئامۆژگاری ده‌كات، به‌ڵام كۆمه‌ڵناسان ڕێنمایی ده‌ده‌ن، هه‌ربۆیه به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی زیاتر گوێی له ئامۆژگاری و وته‌كانی مامۆستایه‌كی ئایینی ده‌گرن به‌راورد به كۆمه‌ڵناسێك، بۆ نموونه له كاتی بوونی ناكۆكییه‌ك له نێوان هاسهراندا، ژن و میرد هێنده په‌نا بۆ مامۆستایه‌كی ئایینی و بانگخوازێك ده‌بن كه‌متر پشت به ڕێنماییه زانستیییهكانی كۆمه‌ڵناسێك ده‌به‌ستن، دووباره ئه‌مه‌ش به‌شێكی په‌یوه‌ندی به ئاماده‌گیی مامۆستای ئایینه‌وه هه‌یه له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا، كه به‌رده‌وام له نێو خه‌ڵكدان و سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانن. به‌شێكی ده‌كرێت په‌یوه‌ست بیت به ئاستی هۆشیاریی تاكه‌وه.
میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چۆن کاریان کردووەتە سەر ڕۆڵی کۆمەڵناس؟ ئایا “شیكەرەوەی فەیسبووکی” جێگەی توێژەری ئەکادیمیکی گرتووەتەوە؟
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی به‌رچاو ده‌كه‌وێت ئێستاکە شپرزییەکی زۆر هه‌یه له سۆشیال‌میدیا، به بێ گوێدانه پسپۆڕی و شاره‌زایی هه‌موو كه‌س هه‌ر قسه ده‌كات، هه‌ر ڕووداێك كه ڕووده‌دات ئه‌گه‌ر پسپۆڕیش نه‌بێت هه‌ر ئه‌بێت قسه‌یه‌كی هه‌بێت، حه‌زی خۆ ده‌رخستن به ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت، سرووشتی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش به‌و شێوه‌یه‌یه كه‌متر قسه‌ی جدی و زانستی هه‌ڵده‌گرێت زیاتر قسه‌ی لاوه‌كی و گاڵته‌وگه‌په، بۆیه چالاكوانانی فه‌یسبووك له ئێستا له بری كۆمه‌ڵناسان، ده‌روونناسان یاساناسان، مێژووناسان قسه ده‌كه‌ن. شیكردنه‌وه بۆ كهسیهت تاك ده‌كه‌ن، قسه له‌سه‌ر جیابوونه‌وه و ناپاكی ده‌كه‌ن، شرۆڤه‌ی خۆكوشتن ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه هێنده‌ی چالاكوان و شیكه‌ره‌وه‌ی فه‌یسبووك بینه‌ریان هه‌یه كه‌متر پسپۆڕان بینه‌ریان هه‌یه.
ئایا کۆمەڵناسی لە ناوچەکەماندا توانیویەتی “تیۆری خۆماڵی” بەرهەم بهێنێت کە لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی بگونجێت، یان هێشتا هەر پشت بە تیۆرییە ڕۆژئاواییەکان دەبەستین؟
ڕاستییەکەی هێشتایش نه‌مانتوانیوه ببین به خاوه‌ن تیۆرێکی کوردی و خۆماڵی؛ زیاتر پشتبه‌ستنه به تیۆره ڕۆژئاواییه‌كان بۆ خوێندنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی زانسته‌كه و خستنه‌ڕووی تیۆره‌كان زیاتر هه‌ڵقولاوی له نێو هه‌ناوی ڕۆژئاوادایه، سه‌ره‌ڕای بوونی پسپۆڕی ورد له‌م بواره‌دا به‌ڵام تا ئێستاش نه‌گه‌یشتووین به ئاستی ئافراندنی تیۆری خۆماڵی.
زۆربەی دەرچووانی بەشی کۆمەڵناسی لە بازاڕی کاردا دەرفەتیان کەمە؛ ئەمە کێشەی سیستەمی خوێندنە کە قوتابی بەهێز پێناگەیەنێت، یان کێشەی تێنەگەیشتنی دامەزراوەکانە لە گرنگیی ئەم پسپۆڕییە؟
ئه‌م كێشه‌یه چه‌ندین ساڵه ڕووبه‌ڕووی به‌شێكی زۆر له زانسته مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بووته‌وه، كۆمه‌ڵناسی له ڕووی مێژووی دامه‌زراندنیه‌وه وه‌ك به‌شێكی سه‌ربه‌خۆ مێژوویه‌كی نوێی هه‌یه و ته‌نها چه‌ند ساڵێك ده‌رچووه‌كانیان دامه‌زران له قوتابخانه‌كاندا، پاشان ئیدی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دامه‌زراندن بۆ ئه‌م به‌شه كه‌م بوویه‌وه به مه‌رجێك ده‌رچووانی ئه‌م به‌شه ده‌توانن له زۆرێك له دامه‌زراوه‌كاندا خزمه‌ت بكه‌ن، به‌شێكی ئه‌م كێشه‌یه په‌یوه‌ندیی به سیاسه‌تی حكومه‌ت و وهزرارهتهكانهوه هه‌یه كه نزیك به ده ساڵه ده‌رچووانی ئه‌م به‌شه له كه‌رتی حكومی دانه‌مه‌زراون و له گرنگی و سوودی ئه‌م به‌شه بۆ (فه‌رمانگه و دامه‌زراوه و باخچه و قوتابخانه‌كان، دادگا.. هتد) تێنه‌گه‌ن. ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندی به كه‌رتی ئه‌هلییه‌وه هه‌یه نه‌توانراوه وه‌ك پێویست سوودیان لێ وه‌ربگیرێت، بۆ نموونه ده‌یان ڕێكخراو و سه‌نته‌ر و په‌یمانگا هه‌یه كه پێویسته ده‌رچووانی ئه‌م به‌شه كاری تێدا بكه‌ن بەڵام ده‌رفه‌تیان بۆ نەڕەخساوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پرۆگرامی خویندنی زانكۆیی و ئاماده‌كارییه‌كانی زانكۆ، خودی خوێندكاریش به‌رپرسن له‌م كێشه‌یه‌دا، بۆ نموونه (حه‌زی خوێندكار له به‌شه‌كه، حه‌زی خویندكار به خوێندنه‌وه و فێربوون، په‌ره‌پێدان به لێهاتووییه‌كانی و، هتد). هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌ر ده‌بن له ده‌ستكه‌وتنی هه‌لی كار بۆ دهچوویهكی كۆمه‌ڵناسی.
لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرد و جیهانگیریدا، بەها کۆمەڵایەتییەکان، خێراخێرا دەگۆڕێن؛ ئایا کەرەستەکانی دەستی کۆمەڵناسانی ئێمە بۆ پێوانەکردنی ئەم گۆڕانکارییانە کۆن نین؟
بێگومان سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی زیره‌كی ده‌ستكرد گۆڕانكارییه‌كی خێرا درووست ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی تاك و كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام هێشتا ئاسۆی كاریگه‌رییه‌كانی به ته‌واوی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ڕوون نییه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك كه‌س گه‌شبین و هه‌ندێكی دیكه‌ش ڕه‌شبینن به‌م گۆڕانكارییه، به‌ڵام پێویسته كۆمه‌ڵناسان به هۆشیاریی و واقعییه‌وه كار له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به خۆیان بكه‌ن، هه‌رچه‌نده هه‌تاوه‌كو لایه‌نی ماددی كۆمه‌ڵگه زیاتر پێش بكه‌وێت به دڵنیاییه‌وه لایه‌نی مه‌عنه‌وی خاوتر گه‌شه ده‌كات ئه‌مه‌ش دواكه‌وتن و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی به شوێن خوی‌دا ده‌هێنی و كۆمه‌ڵناسان ده‌توانن زیاتر له‌م كێڵگه‌یه‌دا كاری زانستی ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها ده‌شكرێت له ڕێگه‌ی زیره‌كی ده‌ستكرده‌وه زیاتر ئاشنایی په‌یدا بكه‌ن له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به كۆمه‌ڵگه و كۆمه‌ڵناسییه‌وه.
گەورەترین مەترسی کە لە ئایندەدا ڕووبەڕووی شیرازەی کۆمەڵگە دەبێتەوە چییە و، پێشنیازی ئێوە وەک کۆمەڵناس بۆ ئامادەسازی چییە؟
ئێستاکە كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سه‌ره‌كی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به‌رچاو ده‌كه‌ویت، له‌سه‌ر ئاستی خێزان (جیابوونه‌وه و ناپاكی هاوسه‌ران، خراپبه‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆجیا) له‌سه‌ر ئاستی تاك (هۆکارەیی ‘ئالووده‌بوون به مادده‌ی هۆشبه‌ر’، بێكاری، وازهێنان له خوێندن، كۆچكردن، چه‌كداری، بیری توندڕه‌وی). ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت دوور نییه له داهاتوویه‌كی نزیكدا قه‌یرانی گه‌ورتر به شوێن خۆیدا بهێنێت. پێشنیازی به‌نده ئه‌وه‌یه پێویسته له‌سه‌ر دوو ئاست كار له‌سه‌ر ئه‌م كێشانه بكرێت، ئاستی یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندیداره به حكومه‌ت و لایه‌نی به‌رپرسی حكومی به‌وه‌ی ئاوڕێك له گه‌نجان بده‌نه‌وه، هیچ نه‌بێت هه‌لی كار بۆ گه‌نجان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، به‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ كار دەکاتە سه‌ر كێشه‌كانی دیكه. ئاستی دووه‌م: په‌یوه‌سته به خودی خێزان و تاكه‌وه، كه خێزان بتوانیت ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و گرنگتری هه‌بێت له پێگه‌یاندنی تاكدا، هاوكاری بكات له گه‌شتن به به‌شێك له خواست و داواكارییه‌كانیان. خودی تاكیش پێویسته هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تی بكات و كات و وزه‌ی خۆی بۆ فێربوون و وه‌رگرتنی لێهاتووییه‌كانی ته‌رخان بكات.

