رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵی ڕاگەیاندن و پەروەردە و کۆمەڵگە لە پاراستنی ژینگەدا

میدیا سەلاح عوسمان جاف
ژینگە سەرچاوەیەکی هەرە گرنگی ژیانە؛ تەندروستی و ئارامشی مرۆڤ بە پاکڕاگرتن و پاراستنی ژینگەوە بەستراوەتەوە؛ ئێستاکە پیسداگەڕانی ژینگە و زیادبوونی خۆڵ و خاشاک بووەتە هەڕەشە بۆ ژیان، پێویستە هەموو هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین بۆ پاراستی سروشت و شۆێنی حەوانەوە.

ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەیە لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پاراستنی ژینگە، چونکە دەتوانێت زانیاری و هۆشیاری بگەیێنێتە بینەر لەسەر مەترسیەکانی پیسداگەڕانی ژینگە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی مرۆڤ لە ڕێگەی (رادێۆ، تەلەڤیزیۆن، ڕۆژنامە، سۆشیال میدیا)وە؛ هانی خەڵک بدات بۆ پاراستنی سروشت و کەمکردنەوەی پاشماوە لە شەقام و باخچە و سەیرانگاکان؛ با ئاسوودە بین لە کاتی گەشتدا. پێویستە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ هەر بابەتێک کە پەیوەستە بە تەندروستیی مرۆڤەوە بەردەوام بەرنامەی تایبەت ئامادە بکەن بە تایبەت لەسەر گرنگی و پاراستنی ژینگە؛ هەرجارەو بە فلیمێکی دیکۆمینتاری یاخود داوای هاوکاری و ڕاوێژی ژینگەی بکەن لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ژینگە، بۆ ئەوەی بەرنامە و بابەتەکانیان کاریگەریەکی باشتری هەبێت و، بایەخ بدرێت بە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانە و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنیەکان بۆ زیادبوونی هۆشیاریی ژینگەی کە مەترسیەکانی پیسداگەڕانی ژینگە بۆ کۆمەڵگا بخەنە ڕوو، چونکە ڕاگەیاندن دەتوانێت زۆر خێرا کاریگەری دروست بکات.
پەروەدە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەری دەبێت لە هۆشیارکردنەوەی نەوەکانمان سەبارەت بە ژینگە، مناڵ و گەنج ئەگەر لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە و خۆشەویستی خاکی بۆ بکرێت لەو تەمەنەوە لە گەڵیدا گەورە دەبێت، پێویستە قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەیەکان وەکچۆن لە هەوڵی فێربوونی زانستن بۆ قوتابیان وانەیەکی ژینگەیش بەهەمان شێوە بخرێتە نێو بەرنامەی پەروەردە و چالاکی ڕۆژانەی قوتابیان شان‌بەشانی ژینگەپارێزان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئەو ڕۆڵە بگێرن تاکو ژینگە بە ماڵی خۆیان بزانن و هەستی بەرپرسیارێتیان لا دروست بکرێت؛ وەکچۆن هاوتەمەنەکانیان لە وڵاتانی دەوروبەر ژینگەیان خۆش دەوێت و بەردەوام دەیپارێزن، کاتێک پەروەردە و فێرکردن دەبێتە وانەی ڕۆژانە ئەوا داهاتوویەکی گەشتر و هۆشیارتر چاوەڕێمانە.
پاراستنی ژینگە تەنها ئەرکی حکومەت یان ڕێکخراوی ژینگەپارێزان نیە ئەرکی سەرشانی هەمووانە و پێویستە هەرتاکێک بە هەستی بەرپرسیارێتی هەبێت بەرامبەر بەو شوێنەی تێدا دەحەوێتەوە، پاک ڕاگرتنی ژینگە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئارامی و ئاسوودەی مرۆڤ، کاتێک شوێنێک بە پاک و خاوێنی دەبینیت هەست بە ئارامی و سروشتێک جوانتر دەکەیت وەکچۆن لەبەر کردنی جلوبەرگێکی جوان سەرنجی دەوروبەر ڕادەکێشێت.
بەجێهێشتنی زبڵ و پاشماوە لەژێر درەختی باخچە و سەیرانگا و کانیاو شوێنە گشتیەکان و، هەڵدانی پاشماوە لە جامی ئوتۆمبیلەوە بۆ نێو شەقام، دیاردەیەکی زۆر نەشیاو و ناشرینە؛ دوورە لە کولتوورو پاراستنی ژینگە. با هەمووان فێری ڕێزگرتن لە سروشت و ژینگە بین بۆ ژیانێکی تەندروستتر و کۆمەڵگەیەکی پاکتر؛ لەبڕی پیسکردنی ژینگە و جێهێشتنی خۆڵ و خاشاک، با نەمامێک بچێنین؛ فەرموودەیەکی پێغمبەرمان درودی خودای لەسەربێت دەفەرمێت (ئەگەر نەمامێکت بە دەستەوە بۆ چاندن و قیامەت هەڵسا، نەمامەکە بچێنە.) چونکە چاندنی هەر دار و نەمامێک کە دەچێنرێت هەنگاوێک دەبێت بۆ ژینگەیەکی سەوزتر و تەندروستتر؛ ئەمەش هەر بە قسە نابێت هەڵسوکەوت و کردەوی باشی هەرتاکێک بە چاندنی نەمامێک و پاکڕاگرتنی داهاتوویەکی جوانتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دیاری دەکات.
سۆشیال‌میدیا ئێستاکە بووەتە ئامرازێکی هەرە بەهێز و کاریگەری سەر بیر و ڕەفتاری خەڵک؛ ڕاپۆرتێکی (Digital 2024 Iraq – DataReportal) ئاماژە بەوە دەکات کە 88.2٪ـی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە عێراق بە لای کەمەوە پلاتفۆرمێکی سۆشیال‌میدیایان هەیە؛ هەروەها تۆژینەوەیەکی دیکە باس لەوە دەکات کە نزیکەی 95٪ لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە جیهاندا سۆشیال‌میدیا بەکار دەهێنن؛ ئەمەش دەرفەتێکی گەورە دروست دەکات بۆ قۆستنەوەی سۆشیال‌میدیا وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ پەروەردە و هۆشیارکرنەوەی ژینگەیی بە (ڤیدێۆ، وێنە، ڕیکلام) و هانی خەڵک بدەن شەقام و شۆێنی کارەکەیان پاک ڕابگرن.
دینی ئیسلام، گرنگیەکی زۆری بە پاکی و پاراستنی ژینگە داوە؛ ئایەت و فەرموودەی لەسەر هاتووە؛ وەک لە ئایەتی ٥٦ـی سوورەتی (الاعراف)ـدا دەفەرمێت: (ولا تفسدوا فی الارض بعد اصلاحها)؛ زەوی مەگەنێنن دوای ئەوەی چاک کراوەتەوە؛ ئەوە هانمان دەدات بۆ پاکوخاوێن‌ڕاگرتنی دەورووبەر، چونکە دینی ئیسلام دینی جوانی و پاکیە؛ جا ئێمەی موسڵمان کە هەمیشە گرنگی بە خوداپەرستی و پاکوخاوێنی دەدەین، پێویستە هەمان هەستی بەرپرسیارێتیمان هەبێت بەرامبەر بە ژینگەش، وا باشترە لە مینبەری مزگەوتەکانەوە و لە ڕێگای وتاری هەینیەوە خەڵک ئامۆژگاری بکرێن بۆ پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی، ئەگەر کەسێک هەست بە بەرپرسیارێتی نەبێت بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە و سروشتی وڵاتەکەی، ئەوا ناتوانێت بانگەشەی خۆشەویستی نیشتمانەکەی بکات؛ پاراستنی ژینگە ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانیە؛ پێویستە هەموومان کێبڕکێی لەسەر بکەین.