رۆژنامەی ھەولێر

توركیا دەیەوێت لە ڕووی پیشەسازیی سەربازییەوە سەربەخۆ بێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

وەزارەتی بەرگریی توركیا، لە ٥ی ئایاردا، مووشەكێكی كیشوەربڕی نمایش كرد بە ناوی یڵدرمخان (Yıldırımhan) و گوتیان خاڵی وەرچەرخانە بۆ توركیا. ئەمە یەكەم جارە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا، بتوانن مووشەكی كیشوەبڕ بەرهەم بهێنن.

بەگوێرەی گوتەی شارەزایانی سیاسی و سەربازی، ئەو مووشەكە نوێیەی توركیا، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە توركیای بردە قۆناغێكی تر و ئیدی رەقیبەكانی توركیا بە چاوێكی تر سەیری توركیا دەكەن و، توركیاکەی جاران نەماوە نەتوانێت لە ڕووی پیشەسازیی سەربازییەوە پێش بكەوێت.
سەرهەد گوڤەنج، مامۆستای زانكۆ لە زانكۆی قادرهاس لە ئیستانبۆڵ، قسەی بۆ بەشە تورکیەکەی ئاژانسی بی‌بی‌سی كردووە و دەڵێت: ”ئەم مووشەكەی توركیا پێمان دەڵێت، توركیا لە ڕووی ستراتیژی سەربازییەوە بەبێ ئەوەی پشت بە هیچ وڵاتێك ببەستێت ئامانجی گەورە دەپێكێت. هەروەها لە ڕووی ناوچەییەوە توركیا حیسابی جیدی بۆ دەكرێت.“
بەشێك لە شارەزایانی سەربازی پێیان وایە، ئەم قۆناغە پێمان دەڵێت، ئیدی هەموو وڵاتێك دەبێت لە ڕووی سەربازییەوە خۆی بەهێز بكات و ناچارە چەكی قورس بەرهەم بهێنێت، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی دەیەوێت لە ناوچەكە و جیهاندا ببێتە هێزێكی گەورە.
مووشەكی كیشوەربڕی توركیا، بە دنیای سەلماند توركیا لە ڕووی پیشەسازیی سەربازییەوە زۆر گەشەی كردووە، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئاخۆ ئەو كەسانەی مووشەكەكەیان دروست كردووە توركن یان سەر بە وڵاتی ترن، چونكە بەرهەمهێنانی سەیارە كارەباییە توركیاکردەکەی TOGG، لەلایەن ١٠٠ ئەندازیاری ئیتاڵییەوە دروست كراوە و توركیا رۆڵی لە بەرهەمهێنانیدا نەبووە، بۆیە ئەو پرسیارە جیدییە، مووشەكی یڵدرمخان، زانایانی توركیا دروستیان كردووە یان وڵاتانی تر؟
سدقی ئێگلی، ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ لە ئیزمیر، پێی وایە ئەوەی توركیا بەرهەمی هێناوە كە مووشەكێكە شەشهەزار كیلۆمەتر دەبڕێت، بۆ هەموومان سوپڕایز بووە و كەس چاوەڕێی ئەوەی نەكردووە توركیا خەریكی دروستكردنی مووشەكێكی لەو شێوەیە بێت.
مووشەكی یڵدرمخان، لە میدیاكانی جیهاندا دەنگی دایەوە، رۆژنامەی (فاینەنشنال تایمز) بڵاوی كردووەتەوە، توركیا مووشەكێكی بەرهەم هێناوە دەگاتە توركیا و هەروەها باسی لەوە كردووە، ئەمە هەڕەشەیەكە بۆ ئەمریكا كە مووشەكی توركیا دەگاتە ئەو وڵاتە.
ئەمریكا لە نزیكەوە چاودێری ئەو مووشەكە دەكات، چونكە لە كاتی نمایشكردنی مووشەكەكە لە توركیا، لە ڤیدیۆیەكدا باس لەوە كرا مووشەكەكە دەگاتە ئەمریكا، بۆیە ئەمە نیشانەی پرسیاری لای بەرپرسانی ئەمریكا دروست كردووە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، رەنگە لە ناتۆ بكشێتەوە، ئەمە كاریگەریی زۆری لەسەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دروست كرد، چونكە ناتۆ بەبێ ئەمریكا پڵنگێكی سەر كاغەزە، بۆیە وڵاتانی ئەورووپا چاو بەكەرتی سەربازیدا دەخشێننەوە و ملیاران دۆلاریان بۆ ئەو كەرتە تەرخان كردووە.
توركیا، یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆیە، وەكوو ئەوەی باس دەكرێت ترسی توركیا لەوەیە ئەمریكا لە ناتۆ بكشێتەوە و ناتۆ هەڵوەشێتەوە، بۆیە دەبێت لە ڕووی پیشەسازیی سەربازییەوە خۆی بەهێز بكات و بەرهەمهێنانی مووشەكی كیشوەربڕی یڵدرمخانیش بۆ پارێزگاریكردنە لە خۆی لە غەزەبی رووسیا و ئیسرائیل.
هەرچەندە بە گوێرەی یاسای ناتۆ بێت، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ نابێت لە ڕووی پیشەسازیی سەربازییەوە سەربەخۆ بن، دەبێت لە هەموو هەنگاوێكی سەربازیدا پرس بە یەكتری بكەن و رەزامەندی بەرهەمهێنانی چەكی قورس لە یەكتری وەربگرن، بەڵام بەگوێرەی بۆچوونی شرۆڤەكارانی سیاسی، رەنگە توركیا بڕیاری دابێت لە ڕووی پیشەسازیی سەربازییەوە سەربەخۆ بێت.
سەرهەد گوڤەنج پێیوایە، توركیا چاوی لەوە نییە بەبەرهەمهێنانی ئەو مووشەكە كیشوەربڕە جەنگ بەرپا بكات و لەوڵاتان بدات، بەڵام ئەم مووشەكە دەبێتە هۆی ئەوەی توركیا رۆڵی لە ئاشتی ناوچەكەدا هەبێت، چونكە تەنیا چەند وڵاتێك خاوەنی مووشەكی لەو جۆرەن، ئەو وڵاتانەی زلهێزن، وەكوو ئەمریكا و چین و رووسیا و ئیسرائیل و هیندستان و كۆریای باكوور.