رۆژنامەی ھەولێر

دەستگیركردنی شارەوانییەكانی جەهەپە بەردەوامە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیركردنی سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بە جەهەپە لە توركیا بەردەوامی هەیە، چەند رۆژێك لەمەوبەر، سەرۆكی شارەوانیی گوزەل باخچە، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیر كرا.

لەسەر داوای، داواكاری گشتی ئیزمیر، مستەفا گونای، سەرۆكی شارەوانیی گوزەل باخچە و حەوت كەسی تری سەر بە هەمان شارەوانیی، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كران.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراوەتەوە، مستەفا و حەوت فەرمانبەرەكەی تر، بە تۆمەتی ئەوەی رەشوەیان وەرگرتووە، هەروەها گەندەڵیان لە چەند تەندەرێكدا كردووە و جیا لەوەش ویستوویانە گروپێك دروست بكەن، بۆ كاری نایاسایی.
دوو تۆمەتباری تریش لەسەر هەمان دۆسییە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە بەڵام لە توركیا نەبوونە و لە دەرەوەی وڵاتن، بۆیە پێیان نەکراو دەستگیریان بکەن.
پۆلیس هەڵیكوتاوەتە سەر باڵەخانەی شارەوانی و لێكۆڵنەوە و پشكنینیان كردووە و دەستیان بەسەر چەند دۆسیەیەكدا گرتووە.
مستەفا گونەی، سەرۆكی شارەوانیی گوزەل باخچە، لە ساڵی ١٩٦٢ لە مالاتیای باكووری كوردستان لەدایك بووە، لە ١٩٨٥، وەكوو فەرمانبەر كاری دەست پێ كردووە.
لە هەڵبژاردنی ٣١ی ٣ی ٢٠٢٤، توانی لەسەر لیستی جەهەپە، ٥٠٪ زیاتری دەنگەكانی شارەوانیی گوزەل باخچە بباتەوە و بەمەش بووە سەرۆكی شارەوانی.
جەهەپە، رەتی دەكاتەوە مستەفا گەندەڵی كردبێت و دەڵێت ئەمە لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنەیە كە دژی جەهەپە دەست پێ كردووە و دەیانەوێت شتێك نەمێنێت بەناوی ئۆپۆزسیۆن و ئەگەر هەشبێت دەبێت لاواز بێت.
تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ١٥ شارەوانیی سەر بە جەهەپە دەستگیر كراون و شارەوانییەكەیان قەیوم كراوە، دیارترینیان ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بوو، كە تۆمەتی گەندەڵیان دایە پاڵی و دەستگیریان كرد.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستاش، بەبڕیاری دادگا، كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە هەڵوەشایەوە، بەمەش ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە وەكوو سەرۆكی ئەو پارتە لا درا و كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی ئەو پارتە بووە سەرۆكی جەهەپە، ئەمەش گورزێكی گەورە بوو بۆ جەهەپە، چونكە دوای ئەوەی لە ٢٠٢٣، لە كۆنگرەی ٣٨دا ئۆزەل بووە سەرۆكی جەهەپە، لە یەكەم تاقیكردنەوەیاندا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤دا، جەهەپە دوای ٢٠ ساڵ بووە پارتی یەكەم و ئاكەپە بووە پارتی دووەم، ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو.
ئەوەی قسەی زۆری لەسەر دەكرێت و بووەتە رۆژەڤی میدیاكانی توركیا، ئەگەر بەهێزە مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەراش دەستگیر بكرێت و شارەوانییەكەی قەیوم بكرێت، بە تۆمەتی ئەوەی پارەی شارەوانیی بەهەدەر داوە، بەتایبەت لە ٢٠٢٠، ئەوكاتەی چەند كۆنسێرتێكی بۆ گۆرانیبێژانی توركیا كردەوە و پارەكەشی لەسەر داهاتی شارەوانیی ئەنكەرا دابین كرد.