ڕائیب جادر – هەولێر
شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان دەست بە خولێکی نوێی سەردانەکان بۆ لای ھێزە سیاسییەکان دەکاتەوە، ئەم جووڵە نوێیە لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانییە، ئامانج لێی کۆکردنەوەی لایەنەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ و وەرگرتنی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکان. شرۆڤەکاران، دەڵێن، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی گرنگە و دەبێت لایەنەکان ئەو دەرفەتە لە دەست نەدەن و بە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییەوە بچنە ژێر باری تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکان و کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی بێنن.
لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، سەرۆک بارزانی دەستپێشخەریی یەکڕیزی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل دەکات و داوا لە لایەنەکان دەکات واز لە ململانێی بێ ئەنجام و بەرژەوەندییە تەسکەکان بێنن و بە ھەستی نیشتمانپەروەرانە ڕووبەڕووی قەیرانە سیاسییەکان ببنەوە. شرۆڤەکاران و لایەنە سیاسییەکان، پشتیوانیی دەستپێشخەرییەکە دەکەن و چاوەڕێ دەکەن پەرلەمان کارا بکرێتەوە و گرفتە سیاسییەکان تێپەڕێندرێن.
بڕیارە بەمزووانە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، سەرۆک بارزانی داوای کرد لایەنەکان گفتوگۆیەکی بنیاتنەر دەست پێ بکەن، سەرکردەکانی پارتیش باسیان لەوە کرد، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بەمزووانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەست بەگفتوگۆ دەکەنەوە.
سەرۆک بارزانی، لە پەیامێکی مێژووییدا بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان کە ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیھانی کرد، پەیامێکی گرنگیشی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: پەیامم بۆ لایەن و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە کە ھەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسک دابنێن، بۆیە داوا دەکەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بە دڵسۆزی و ھەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە، ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بکەن و کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بھێنن. ئەم پەیامە کاردانەوەی خێرای لایەنەکانی لێکەوتەوە و وەک “دەرچەیەک” بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی دەیەم دەبینرێت.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کرا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کە لە لایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیاندرا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم ٣٩ کورسی بەدەستھێنا. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پارتی چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن کردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژمارەی کورسی لایەنە براوەکان بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕابەرایەتی پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکات، چەندین جار ڕایگەیاندووە مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی نوێ، بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیە، واتە ھەر لایەنێک لە نێو حکوومەت بێت نابێت لە ژێرەوە خەریکی دژایەتی کردنی حکوومەت بێت و ھەوڵی لاوازکردنی بدات، بە بڕوای شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی، ئەم مەرجەی پارتی لە ئەزموونی کابینەی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک حکوومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و بەربەستی تر ھاتەوە لایەنە بەشداربووەکان بێ گوێدانە ئەوەی کە لە حکوومەت بەشدارن وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵیان لەگەڵ پرسەکاندا دەکرد.
نازم جیھاد، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: سەرۆک بارزانی ھەموو کاتێک لە خەمی خەڵکی کوردستاندا بووە، لە ڕابردوو چەندین جار داوای کردووە ھەر چۆنێک بێت ئەو بارودۆخەی کە کوردستان تێکەوتووە تێپەڕێندرێت و ھەرچی زووە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکوومەتیش پێک بێت، بەڵام ھەندێک لایەن بۆ پۆست و پلە ھاوکێشەکەیان قورس کرد، ئێستاش دووبارە داوا دەکاتەوە ھەر چی زووە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بە دڵسۆزی و ھەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە، ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بکەن و کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بھێنن، دەبێت لایەنەکان بە پارتییشەوە کە ئامادەی خۆی نیشانداوە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و ھەموو لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکان چارە بکەن، بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی کوردستان زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن و ئەو کێشانەی کە ھەن بەتایبەتی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکەن.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: لەو باوەڕەدام سەرجەم لایەنەکان بەدەم پەیامەکەی سەرۆک بارزانییەوە بێن، چونکە پەیامەکە لە ڕوانگەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەی گرتووە و، سەرجەم لایەنەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان.
گوھدار مەحموود، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: دەبێت ڕێز لە پرۆسەی دیموکراسی و لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بگرین و داواکاری لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن بێت، پارتی وەک ھەمیشە بەدوای ئەوەیە چۆن زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و گەشەکردنی کوردستان کار بکات، بۆیە دەیەوێ ھەرچی زووە کابینەی نوێ پێکبھێنرێت، پێویستە لایەنەکانی تریش بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو بە پەرۆش بن و کێشە دروست نەکەن، چونکە چی دیکە دواکەوتنی کابینەی دەیەم لە بەرژەوەندیی ھەرێم و ناوچەکەدا نییە، نابێت لە پێناو وەرگرتنی پۆستێک کە پارتی زیاتر لە مافی خۆی بەو لایەنە داوە کێشە بۆ پێکھێنانی حکوومەت دروست بکات.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکان پەیامێکی گرنگە و دەبێ بە جددی سەیر بکرێت و ھەموو لایەنەکان بە ئەرێنییەوە تەماشای پەیامەکە بکەن، چونکە ئەمڕۆ ئاشتی و پێکەوەیی، کۆبوونەوەی ھاوبەش و گەیشتن بە ڕێککەوتن و کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەمانە کاری باشن، بۆیە زۆر گرنگە کەمتەرخەمی نەکرێت و ھەموو لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە و ئەو بارودۆخە تێپەڕێنن، بۆیە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی گرنگە و دەبێت لایەنەکان پەلە بکەن لە کۆبوونووەکان و ئەو دەرفتە لە دەست نەدەن، چونکە دۆخەکە وادەخوازێت کورد یەکگرتوو بێت.
لە ژێر ڕۆشنایی و ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، شاندی دانوستانکاری پارتی دەست بە جموجۆڵ دەکات بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنەکانەوە، ئەمەش وەک ئامادەسازییەک بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی بە مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی حکوومەت. لەم بارەیەوە مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئاشکرای کرد: بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بۆ داواکاری لە لایەنەکان کە لەیەکتر نزیک ببنەوە دەکرێت بە کردار.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: شاندی پارتی پێشتر سەردانی لایەنەکانی کردووە و ئێستاش دەرگای پارتی کراوەیە بۆ ئەوەی ئەو چەقبەستووەی دروست بووە، چارەسەر بکرێت و ھەموو ھەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکان دەخرێتە گەڕ.

