رۆژنامەی ھەولێر

جووتیارانی کورد لە کەرکووک هەست بە مەترسی دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەشێک لە جووتیارانی کەرکووک دەستیان کردووە بە دروێنەکردن، ئەوان ترسی ئەوەیان ھەیە عەرەبی ھاوردە گەنمەکە ببەن، یان بسووتێنن، بە بیانوی ئەوەی کاتی خۆی لە پرۆسەی تەعریبکردندا زەوییەکە بەوان دراوە. جووتیارانی کوردیش لە ناوچە کوردستانییەکان باس لە ستەمێکی دیکەی گەورە دەکەن لە وەرگرتنی گەنمەکانیاندا.

گەنم چەند دوابخرێت و ماوەی خۆی تەواو بکات باشتر و جوانتر دەبێت، بەڵام لەبەر کێشەی ئەمنی و ترسی سووتاندنی دەخڵەکانیان، جووتیاران پەلە لە دروێنەی بەرھەمەکانیان دەکەن.
جیاوازیی نرخ و کێشەی زەوییەکان لەپاڵ مەترسیی سووتان، جووتیارانی کورد لەو ناوچانە ڕووبەڕووی کێشەیەکی دیکەی ئابووری بوونەتەوە، ئەویش وەرگرتنی گەنمەکانیانە بە نرخێکی کەمتر لە ناوچەکانی دیکە.
بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، لە جووتیارانی کورد سەندرابوونەوە و دراون بە عەرەبی ھاوردە، تا ئێستا ئەو کێشەیە ھەر بەردەوامە و عەرەبی ھاوردە بەردەوامە لە کێلان و دروێنەی زەوی جووتیارانی کورد.
٢١-١-٢٠٢٥ پەرلەمانی عێراق یاسای گەڕانەوەی زەوییە کشتووکاڵییەکانی بۆ خاوەنە ڕەسەنەکان پەسەندکرد، بەپێی ئەم یاساییە ئەو زەویانەی بە بڕیاری بەعس لە خاوەنە ڕەسەنەکانیان وەرگیراون و بە عەرەبی ھاوردە دراون، ھیچیتر گرێبەست بۆ عەرەبە ھاوردەکان نوێ ناکرێتەوە و زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەگەڕێنرێنەوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئەو یاسایەی وەکو خۆی جێبەجێ نەکردووە، سوپای عێراقیش پشتگیری لە عەرەبە ھاوردەکان دەکات بۆ کێلان و دروێنەی زەویی جووتیارانی کورد.
لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ـەوە، لەسنووری سەرگەڕان و بەتایبەت گوندی پەڵکانە زۆرترین جار لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕێگری لە جووتیاران دەکرێت لە دروێنەی زەوییەکانیان، چەند جارێکیش ھێرش کراوەتە سەر ھاووڵاتییانی گوندەکە.
کێشەی بە عەرەبکردنی زەویی کورد و بوونی ڕووبەرێکی زۆری بۆشایی ئەمنی لە سنووری کەرکووک وایکردووە، جووتیاران پەلە بکەن لە دروێنە بە جۆرێک بەشێکی زۆری ئەو گەنمەی دووراوەتەوە ھێشتا سەوزە و تەڕایی تێداییە، بەشێک لە جووتیاران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، ساڵانە ئاگر دەکەوێتەوە، کاتێک پێدەنێینە وەرزی دروێنە، ھەموومان دەکەوینە ترس و دڵەڕاوکێ و ھەمووی پەلەی ئەوەیەتی دەڕاسەی دەستبکەوێ و دروێنە بکەن، ئێستا ھەندێک لەو پارچە زەوییانەمان دروێنە کردووە کە کەمێک وشکبووە و بە تەواوەتی پێ نەگەیشتووە.
جووتیاران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، جگە لە ئاگر کەوتنەوە کێشەی گەورەمان ئەوەیە ئێمە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین، گەنمی ئێمە بە ٥٠٠ ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک وەردەگیرێت، لەکاتێکدا ئەو جووتیارانەی لەناو پلانی کشتوکاڵیدان، تۆنی بە ٧٠٠ ھەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت، ئەمە ستەمێکی گەورەیە، ئەگەرچی زۆربەی جووتیارانی کورد خاوەن تاپۆی ڕەسەنی زەوییەکانیانن، بەڵام بەھۆی ئەوەی زەوییەکانیان خراوەتە خانەی کێشە لەسەر، لە ھەموو ھاوکارییەکی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق بێبەش کراون، ئەم دۆخە وایکردووە ساڵانە بەرھەمەکانیان بە نرخێکی زۆر کەمتر لە بازاڕەکاندا بفرۆشنەوە و زیانی گەورەی داراییان پێ بگات.