رۆژنامەی ھەولێر

مشتومڕەکەی نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و گاڤی ئاشکرا کرا

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

مشتومڕەکەی نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و گاڤی ئاشکرا کرا
گاڤی، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە، دانی بەوەدا نا، کە لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی بەڕازیلیی یانەی ریاڵ مەدرید، لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی کلاسیکۆدا قسەیان بە یەکتر وتووە.

یانەی بەرشلۆنە لە گەڕی ٣٥ی خولی ئیسپانی، لە نێو یاریگەی سپۆتیفای کامپ نۆ لە بەرشلۆنە، یاریی کلاسیکۆی بە ئەنجامی ٢-٠ گۆڵ لە ریاڵ مەدرید بردەوە و ناسناوی لا لیگای یەکلا کردەوە، لە کاتێکدا هێشتا سێ یاری بۆ تەواوبوونی خولەکە ماوە و لە ماوەی ئەو سێ یارییەدا، بەرشلۆنە هەرسێکی بدۆڕێنێ و ریاڵ مەدرید هەرسێ یارییەکە بباتەوە، هیچ کاریگەریی لەسەر خاوەنسناوی خولەکە دەبێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، لێدوانی گاڤیی بڵاو کردەوە، کە بۆ بەرنامەی لا کاسا دێل فوتبۆڵ لەبارەی مشتومڕ و دەمەقاڵێیەکەی نێوانیان لەگەڵ جۆنیۆر قسەی کردبوو.
گاڤی رایگەیاند: داوام لە ڤینیسیۆس کرد، دەمی دا بخات، مشتومڕەکەی لەوەدا کورت کردەوە.
گاڤی رایگەیاند کە ئەوەی ڕووی دا، شتێکی ئاسایی گرژی بوو لە یارییەک کە ڕکەبەرییەکی زۆری نێوان دوو یانەی تێدایە.
خواستی گاڤی، ویست و هەوڵی هێورکردنەوەی مشتومڕەکەی هەبووە، پێی وایە کە هەموو شتێک هەر لە چوارچێوەی رکەبەریی نێو لاکێشەی سەوزدایە.
وتیشی: من یاریزانێکی بەجۆشوخرۆشم و ڤینیسیسۆس جۆنیۆریش بە هەمان شێوە، بەڵام ئەوەی ڕووی دا، لە نیو یاریگە، هەر لە نێو یاریگە دەمێنێتەوە، ئەوە تۆپی پێیە.

پێشهاتی نوێ لە دانوستان نێوان ریاڵ مەدرید و خۆزێ مۆرینهۆ
هەرچەندە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە پورتوگالییەکان، باس لەوە دەکەن، کە خۆزێ مۆرینهۆی پورتوگالی، راهێنەری یانەی بەنفیکای پورتوگالی، هێشتا هەڵوێستی خۆی لەبارەی چوونی بۆ ریاڵ مەدرید و راهێنەرایەتیکردنی یانەکە لە وەرزی داهاتوو یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام فابریزیۆ ڕۆمانۆی شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەڵێ: سەداسەد خۆزێ مۆرینهۆ دەچێتە یانەی ریاڵ مەدرید.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زۆرترین هەواڵ و دەنگوباس لەبارەی چوونی مۆرینهۆ بۆ ریاڵ مەدرید بوو، ریاڵ مەدرید زۆرترین قسەی لەسەر کرا، لەسەر خراپیی راهێنەر، بۆیە دەیەوێ راهێنەرێکی لێهاتوو و بەهێز بباتە مەدرید. بە جۆرێک ژووری جلگۆڕین ڕیک بخاتەوە.
مۆرینهۆیش خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و ڕابردوویشی لەگەڵ ریاڵ مەدرید هەیە.
بەڵام رۆژنامەی ریکۆردی پورتوگالی باس لەوە کرد، کە مۆرینهۆ تا ئێستە هیچ گرێبەستێکی فەرمی لەو ڕووەوە بۆ نەچووە.
لە هاوشانی ئەوە، مۆرینهۆ بیرۆکەی ئەوەی هەیە کە ماوەیەکی زۆرتر لەگەڵ یانەی بەنفیکا بەردەوام بێ، گەر سەرۆکی یانەکە ڕۆی کۆستا، ئۆفەری بەردەاومبوونی لەو یاریگەیە بخاتە بەردەم.
لە ئیسپانیاش باس لەوە دەکرێ، کە ریاڵ مەدرید بە کردار پەیوەندیی بە بریکاری خۆزێ مۆرینهۆوە کردووە و قسەی لەگەڵ خۆرخی مێندێز کردووە، بەڵام هەواڵی دیکە ئەوە رەت دەکەنەوە.
بە پێی زانیارییەکانی مێدیای ئیسپانیا، خۆزێ مۆرینهۆ لە ماوەکانی ڕابردوو چەند مەرجێکی بەسەر کارگێڕیی یانەی ریاڵ مەدریددا سەپاندووە بۆ ئەوەی بچیتەوە ئەو یانەیە.
ئێستە سەرنجی یانەی بەنفیکا لەسەر ئەوەیە کە کورسییەک بۆ خۆی لە چامپیۆنس لیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر بکات.
خۆزێ مۆرینهۆ ئێستە تیپەکەی لە خانەی دووەمە بە ٧٦ خاڵ بە یەکسانیی خالەکانی لەگەڵ سپۆرتینگ لیشبۆنەی خاوەن ڕیزبەندیی سێیەم. لە کاتێکدا یانەی یەکەم و دووەم، ڕاستەوخۆ دەگەنە ڕکەبەرییەکانی چامپیۆنس لیگ. سێیەمیش یاریی پاشکۆ دەکا، بەڵام مۆرینهۆ دەیەوێ ڕاستەوخۆ بگاتە چامپیۆنس لیگ.
پێشتر بڵاو کرایەوە، ناوی خۆزێ مۆرینهۆی راهێننەر خرایە لیستی ئەو ناوانەی ریاڵ مەدرید دەیەوێ تاوتوێیان بکا تا وەرزی داهاتوو ببێتە راهێنەری یانەکە و باس لەوە کرا کە مۆرینهۆ ناوێکی نزیکە بۆ گەڕانەوەی بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
بەڵام رۆژنامەنووسی ئیتاڵی فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، باسی لەوە کردبوو، کە کارگێڕیی یانەی بەنفیکای پورتوگالی، چووەتە نێو دانوستانی نێوان ریاڵ مەدرید و خۆزێ مۆرینهۆوە و ڕایگرتووە، دەیەوێ گرێبەستی مۆرینهۆ بۆ راهێنەرایەتیی یانەکە درێژ بکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەیش، رۆمانۆ باسی لەوە کردووە، کە راهێنەرە پورتوگالییەکە، ئامادەیە بگەڕێتەوە ریاڵ مەدرید، گەر یانەکە بڕیاری دا ئەو دۆسیەیە بەرەو پێش ببات بە شێوەی فەرمی.
ڕوونیشی کردەوە، کە لە ماوەی هەفتەی داهاتوویش پەیوەندییەکان بەردەوام دەبن، لە چاوەڕوانیی بڕیاری راهێنەر فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، کە هەموو ئەو بژاردانەی هەن، تاوتوێیان دەکات بۆ ئەوەی گونجاوترینیان وەکوو راهێنەر دەستنیشان بکات.
مۆرینهۆ یەکێکە لە دیارترین راهێنەرەکانی ریاڵ مەدرید لە سەردەمی نوێدا، دوای ئەوەی لە ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٣ سەرپەرشتیی هونەریی یانەکەی کرد و ناسناوی خولی ئیسپانیای بردەوە، کە پێش چوونی ئەو، بەرشلۆنە باڵی بەسەریدا کێشابوو.