رۆژنامەی ھەولێر

سەدەی کورد

‎هاودەنگ فارووق
سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ توركیا، بە هەموو پێوەرێک هەنگاوێكی سەرکەوتووی بێوێنە بوو؛ لە سۆنگەی پرۆتۆکۆڵێکی ئاستبەرزەوە پێشوازییەک بە ئاڵای کوردستان، عێراق و تورکیاوە کرا، پێکهاتەی سەرەکیی حکوومەتی کۆماری تورکیا لە پێشوازیی مەسرور بارزانیدا بوون، لە سەرووی هەموویانەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرجەم وەزیرە سەرەكییەكانی حکوومەت.
کاتەكە گرنگییەکی زۆری هەبوو؛ چونکە دانانی وەختی سەردانەكە زۆر هەستیارە، لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نێو ئاڵۆزی و ئاڵوگۆڕێکی جەوهەریدا تێدەپەڕێت. خشتەی کاری سەرۆکایەتییەکانی ناوچەکە ترافیكی یەکجار خێراو پڕن؛ هەموو ئەو دیدارانەی دەخرێنە خشتەوە، بایەخێکی گەورەیان بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەستیارەکانی ناوچەکە هەیە.
سەردانەکەی مەسرور بارزانی هاوكاتە لەگەڵ پێكهێنانی حکوومەتی عێراق، پەیوەستە بە دواپێشهاتەکانی دۆخی نەشەڕو نەئاشتی ئەمریكاو ئێران، كەواتە: دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؟.
بەشداریکردنی کورد لە وتوێژەکانی ئەم قۆناغەدا، پێمان دەڵێت: لە نەخشەڕێگاو چارەنووسی ناوچەکەدا کورد ژمارەیەکی گرنگەو گوێی بۆ دەگیرێت.
ئێستا هیچ لایەنێک ناتوانێت وەکوو سەدەی ڕابردوو کورد فەرامۆش بکات، بەڵكو کورد پێگە، ڕۆڵ و کاریگەریی هەیە؛ یار و نەیار بە ڕێزەوە گوێی بۆ دەگرن و دەیانەوێت بزانن کورد چی دەڵێت؟
خاڵێکی دیکە ئەم سەردانە گرنگە شوێنی سەردانەکەیە کە “ئەستەنبوڵ” ـە نەک “ئەنکەرە”؛ چونکە بەگوێرەی ئەتەکێتی باوی دیپلۆماسییەتی تورکیا، ئەو كۆبوونەوەو بابەتانەی لە ئەستەنبوڵ تاوتوێ دەکرێن زۆرتر دەچنە نێو قووڵایی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا و بایەخپێدانی دەوڵەتی تورکیاوە.
دۆسیەکانی نێو کۆبوونەوەکان، بەتایبەتی فایلی وزە و “ڕێگەی گەشەپێدان” کە سەرۆکی حکوومەتی کوردستان لەگەڵ خۆی بردنیە ئەستەنبوڵ، ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستانەوە.
تێکەڵکردنی کوردستان بە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، دەسكەوتێكی سەدەی زێڕینی كوردە، ئابووریی کوردستان دەباتە قۆناغێکی پێشكەوتووی زۆر گرنگ و لەبار بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای سەرمایەی سەقامگیر و ژێرخانێکی بەهێز؛ كە بە شێوەیەکی ئۆرگانی تێکەڵی ئابووری و وەبەرهێنانی جیهانی ببێت و سێکتەری ئابووری بەگوێرەی پێداویستییەکانی سەردەم نوێ ببێتەوە لە هەر گۆشەیەکەوە سەرنج بدەین، ئەو سەردانە نیشانەی سەرکەوتنمان پێشان دەدات.
زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین: سەردانەکە پێی گوتین، سەرباری ئەو هەموو هەوڵانەی بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەدرێن، وەلێ هێشتا کورد خاوەن توانا و پێگەیەکی فراوانە؛ سەرۆک، میر و سوڵتانەکان بە ڕێزەوە پێگەو ڕوانگەی سەرکردایەتیی کورد لەبەرچاو دەگرن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە بڵێین: ئەم سەردەمە، سەدەی کوردە.