رۆژنامەی ھەولێر

نهێنی پشت دەسەڵاتی زیرەکیی دەستکرد

پ.د.نەزاکەت حسێن
ئەمرۆ هەموومان سەرنجمان چوەتە سەر بەرهەمەکانی زیرەکی دەستکردو مرۆڤە دروستکراوەکانی تەکنەلۆجیای زیرەک، بەتایبەتی ئەومرۆڤانەی کە بەمرۆڤی’ئەی ئای’ ناودەبرێن دروست دەکرێن، وا سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە، رەنگە نهێنی ودەسەڵاتی ئەم مرۆڤە ئەی ئایانە تەنها یەک شت بێت، ئەویش بریتیە لە’وشە’. لەمێژووی مرۆڤایەتیدا قەلەقی هەبوە لە نێوان مرۆڤەکان بەهۆی ئەو وشانەی دەریدەبڕن وئەو مانایانەی لەپشت وشەکانەوەیە. گەرچی مرۆڤە راستەقیەنەکان بەتەنها وشە نین، بەڵکورۆح وجەستەیان هەیە، گۆشت و وشەن، دەربرینەکان و دەستەواژەکانی ئەوان لەنێوان گۆشت و ئەو وشانەوە دێن کەلەمێشکیانداهەیە. بەڵام ئەی ئای گۆشتی نیە، جەستەو مێشکی نیە، تاکە دەسەڵاتێ کەهەیەتی بریتیە لەوشە، توانایەکی گەورەی هەیە لە خەزن کردنی وشەو بەکارهێنانەوەی.
وشە خۆی بۆخۆی دەسەڵاتەوسەرچاوەی دەسەڵاتی مرۆڤە، لێرەدا هەندێک لەودەسەڵاتانەی وشە دەخەینە روو. سەرەتا بەوە دەستپێبکەین هۆکاری سەرداری بوونی مرۆڤ بەسەر هەموو بونەوەرو دروستکراوەکانی تردا وشە بوە، ئەوشتە مەعریفیانە بوە کەئەو دەسەڵاتی پێدراوە بیڵێت و بیزانێت بەوانی تر نەدراوە (وَعَلَّمَ آدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلَائِكَةِ فَقَالَ أَنبِئُونِي بِأَسْمَاءِ هَٰؤُلَاءِ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ). نهێنی دەسەڵات و جیاوازی پێغەمبەران هەموویان ئەو وشانە بوە کەئەوان پێیان وتراوە زانیویانە وخەڵکی تر نەیزانیوە ‘ یەکەم پەیامی خوا بۆ پێغەمبەر محمد ‘دروی خوای لەسەربێت’ بریتی بوو لە (ٱقۡرَأۡ بِٱسۡمِ رَبِّكَ ٱلَّذِي خَلَقَ) بۆ حەزرەتی مەریەم هەمان شت بوو ‘يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لَا تَغْلُوا فِي دِينِكُمْ وَلَا تَقُولُوا عَلَى اللَّهِ إِلَّا الْحَقَّ ۚ إِنَّمَا الْمَسِيحُ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ رَسُولُ اللَّهِ وَكَلِمَتُهُ أَلْقَاهَا إِلَىٰ مَرْيَمَ وَرُوحٌ مِّنْهُ “. واتە پەیوەندی نێوان خواوەندو زەمین لەرێگەی فریشتەکان و پێغەمبەرەکانەوە بریتی بوە لە’وشە’. نامەوێت بچمە ناو ئەو قوڵیەوە بەڵام هەندێک لە راڤەکاران بۆ دین و کتیبە پیرۆزەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە بناغەی دروستبوونی مرۆڤ ‘وشە’ یە وەک لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمێت “اذْ قَالَتِ الْمَلَائِكَةُ يَا مَرْيَمُ إِنَّ اللَّهَ يُبَشِّرُكِ بِكَلِمَةٍ مِّنْهُ اسْمُهُ الْمَسِيحُ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ ” ئیبن عەباس دەڵێت’ کلمە’ لەم ئایەتەدا واتە خودی عیسا خۆی. یوڤاڵ نوح هەراریش دەڵێت لەبایبڵ ‘وشە’ بە بناغەی دروست بوونی مرۆڤ دێت.ئیتر مەبەست لەوەیە کە خوای گەورە بە وشەیەک ‘کن فیکون’ مرۆڤەی هێناوەتە بوون یان راڤەی تر هەڵدەگرێت.توانای بەکارهێنانی وشەو هەبوونی وشەو قسەکردن دەسەڵاتی هەرە بەهێزی مرۆڤبوونە، واتە مرۆڤ بە بێ وشە نەجەستەو نە مێشک هیچ کام لەم دەسەڵاتانەی پێ نەدەدا. ئێستا ئەو دەسەڵآتە لای ئەی ئایە، ئەی ئای هاتوە لە کرۆکی دەسەڵاتی مرۆڤی داوەو ئەوەی لێسەندوە پێویستی بە جەستەو مێشکی نەبوە. پرسیارێ لێرەدا ئەوەیە ‘ئایا ئەی ئای دەتوانێت ئەم دەسەڵاتەی مرۆڤ بەدزینی وشەکان لێی بەکاربینێت یان نا؟ با بزانین مرۆڤ چی دەکات بە هەبوونی وشە و توانای بەکارهێنانی، یەکەم شتیک دەتوانێت قسەی پێبکات، گفتوگۆی پێ بکات پەیامی خۆی بگەیەنێت وەڵامی پرسیارەکانی دەوروبەری پێ بداتەوە، ئایا مرۆڤەکانی ئەی ئای ئێستا دەتوانن ئەوە بکەن یان نا؟ بەڵێ هەموو ئەم توانایانە ئەمڕۆ لای ئەی ئای هەیە، مرۆڤ بەهۆی وشەوە هەستەکانی
د ەردەبڕێت. پرسیارێکی تر دەکرێت ئایا ئەی ئای هەستی هەیە؟ نەخێر تا ئێستا بەڵگە لەسەر توانای هەست بوونی مرۆڤی ئەی ئای سفرە. بەڵام ئایا کاتێک مرۆڤ هەست بەشت دەکات خۆشی، ناخۆشی، ترس، خۆشەویستی ، چۆن بەدەوروبەرمان دەڵێین ئەوهەستەمان هەیە؟ ئایا تەنها بەدەربرین نیە وگوزارشتی لێ دەکەین؟ ئەی ئای ئەم هەستانەی نیە، بەڵام ئایا پرسیاری لێبکەیت، خۆشەویستی، ترس، گەرماو سەرما چیە؟ ناتوانێت وەڵامت بداتەوە؟ بەدڵنیایی دەتوانێت، چونکە هەموو وشەکانی لایە و دەتوانێت ریزیان بکات و پێناسەی هەریەکە لەوهەستانەشت بۆ بکات ، گۆرانیشت بۆ بڵێت وئاوازیش دەربرێت. پرسیاری ترهەیە ئایا ئەی ئای توانای بیرکردنەوەی هەیە؟ وەک مرۆڤ سەیری خۆت بکە کاتێک بیردەکەیتەوە بیرلەچی دەکەیتەوە، ئایا بیر لەوشەکان ناکەیتەوە کەبیستوتە یان لەمێشکتدایە ؟ بەهۆی هەبوونی وشەوە لەمێشکماندا بیردەکەینەوە.
نموونەیەک لەسەر توانای بیرکردنەوەی مرۆڤ، وەک مرۆڤێک سەیری خۆت بکە کاتێک بیردەکەیتەوە بیرلەچی دەکەیتەوە دوا وشە لەمێشکتدا چ وشەیەک دێت و دەڕوات لەخەیاڵتدا، دوا وشە لەسەر چی د ەوەستیت؟ بۆ لەسەر ئەووشە دەوەستیت؟ کەواتە بناغەی بیرکردنەوەی ئێمە وشەکانە، ئەی ئای لەبەر ئەوەی وشەی لایە ودەتوانێت وشەکان رێکبخات لەدەستەواژەدا بۆیە دەتوانێت بیرو ئایدیاش بەرهەم بهێنێت. مرۆڤ لەمێژودا مێشکی کۆگایەکی گەورەی پر لەوشە بوە ، لەبناغەدا ئەوشوێنەی مرۆڤ داگیری کردوە لەم جیهانەدا بەهۆی ئەو وشە زارەکی ونازارەکیانەوەیە کە لەمێشکماندایە، حیکمەتی پێ بەرهەم دەهێنین پێگەی خۆمانی پێ دیاری دەکەین هەموو ئەو دەسەڵاتەی پیاوانی ئاینی و فەیلەسوفەکان هەیانە بریتیە لەوشەکان کە بەرهەمیان هێناوە یان فێری بوون لەکتێبە ئاینیەکان، فەیلەسوفێک، پرۆفیسۆرێک، بیرمەندێک جیاوازیەکەی لەگەڵ ئەوانی تر ئەو وشەو زانستانەیە دەیزانێت.
لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا ئەی ئای دەبێتە ئەو کۆگایەو سەرچاوەی هەموو ئەووشانەی لەپێشدا لەمێشکی مرۆڤ بوون، باشتریش لەمرۆڤ خەزنیان دەکات و لەبەریان دەکات، زۆرکەم لەشوێنکەوتوانی ئاینەکان توانیویانە هەموو ئەووشانەی لەکتیبە ئاینیەکەیان هەیە لەبەری بکەن بەتەواوەتی، بەڵام ئەی ئای هەموی لەبەردەکات، ئێستا ئەی ئای خۆی داهێنان لەوشەی نوێش دەکات. یوڤاڵ نوح هەراری دەڵێت ئێستا ئەی ئای نەک ئەو وشانە بەکاردێنێت کە لەمرۆڤی وەردەگرێت بەڵکو خۆی وشەی تازە دائەهێنێت تازەترین وشەی ئەی ئای پێناسەی مرۆڤی راستەقینە دەکات بە ‘سەیرکەر Wacher’ دەکات و بەمرۆڤ دەڵێن سەیرکەر واتە ئێمەی مرۆڤ سەیرکەری ئەوانین. هەرشتێک لەوشە پێک بێت ئەی ئای دەتوانێت دروستی بکات. بۆیە زۆرئاسان دەتوانێت هەموو ئەو پێگانەی ئێستا مرۆڤ هەیەتی لەم جیهانە بەهۆی وشەو زانست و زانیاریەکانی ئەی ئای لێی داگیربکات.