رۆژنامەی ھەولێر

دەرفەتێکی دیکە بۆ بەغدا!

‎هاودەنگ فارووق
لەسەر بنەمای سیاسەت و ڕەفتارەکانی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە کورد و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، پارتی هەمیشە لە بۆتەدا بووە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە هەر پێشێلکاری و زیادەڕۆییەک بەرانبەر خەڵکی کوردستان. لەسەر هەمان بنەماش، دید و سیاسەت و گوتاری خۆی بەرانبەر بە عێراق داڕشتووە.
هەمیشە لە سەرەتای دروستبوونی کابینە جیاوازەکانی حکوومەتی عێراقدا، لایەنەکان هەوڵیان داوە گرفتەکان بچووک بکەنەوە بۆ بازنەی حیزبی و تەنانەت بۆ بازنەی کەسایەتییەکان؛ ئیدی ڕەگ و ڕیشەی ئاریشە قورسەکانیان فەرامۆش کردووە. هەمیشە لێدوانەکان زارەکی بوون و ئەوەیشی ئەو بابەتەی ئاڵۆزتر کردووە، جگە لە ڕۆتیناتی حوکم و کەلتووری کۆمەڵگە و بونیادی لاوازی دەوڵەت و سستیی پێگەی یاسا، هەژموونی دەرەکیش فاکتەری سەرەکیی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان بووە.
لە ئەنجامدا پارتی، وەکوو یەکەم هێزی پارێزەری مافەکانی کورد، هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بەغدا داڕشتووە و هەمیشە میحوەرە سەرەکیی کێشەکانی پارتی لەگەڵ عێراق، جێبەجێنەکردنی دەستوور بووە. لە هەمان کاتدا پارتی کراوە بووە بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە کابینەکانی حکوومەت و سەیری کارەکانی و ئەنجامی بەڵێنەکانی بکات، ئەگەرچی بەردەوام ئەو ڕاستییەشی لەبەرچاو بووە کە ڕێگرییەکان و دەستتێوەردانەکان بە ئەندازەیەک گەورەن، سەرۆکوەزیران ناتوانێت نەخشێکی بنەڕەتی لەسەر بارودۆخەکە دابنێت، کەچی سەرباری ئەو تێبینییەش، پارتی دەرفەتی داوە و چاوەڕوانی کرداری کردووە. بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی نوێی ناوخۆیی و دەرەکی و هەرێمایەتی، پارتی ئەمجارە لە ڕێی جووڵەیەکی دیپلۆماسیی زیرەکانەوە، گەڕێکی دیکەی یارییەکی ژیرانەی لەگەڵ بەغدا دەست پێ کرد. پارتی بە ئامانجی جێبەجێکردنی دیدگای “سفر کێشە” ئەم هەنگاوەی ناوە و لە کاتی سەردانی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بۆ هەولێر و ئامادەبوونی لە حوزووری سەرۆک بارزانیدا، ئەو پەیامەی پێ درا کە دیسان سەرەتایەکی نوێ بۆ یارییەکە دیاری دەکەین. پارتی سەرباری داواکاریی “هاوسەنگی، تەوافق، سازان و بەشداری”، هێڵەکانی سیاسەتی خۆی ڕوون کردەوە، ئەوانیش: مافە دەستوورییەکانی کوردستان، ماددەی ١٤٠، مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانن.
سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق نەک تەنیا تێگەیشتنی هەیە بۆ مەرجەکانی پارتی، بەڵکوو بەڵێنی جێبەجێکردنی داوە و ئەمجارە دۆخێکی نوێ هەیە کە دەبێتە هاندەر بۆئەوەی هەمووان پێکەوە سەرەتایەکی نوێی “سفر کێشە” بدۆزینەوە. لەم نێوەندەدا سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، ئاوێنەی ڕوونی ئەو دۆخە بوو؛ هەم نیازپاکی لایەنی کوردی پیشان دا و هەم ئەوەیشی بە هەموو لایەنە عێراقییەکان گەیاند کە بەبێ کورد و پێگەیەکی شایستەی کورد، مومکین نییە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بستێک پێش بکەوێت! بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەر هەموو لایەنەکاندا گەڕا و بە هەموو حیزب و دەزگا حکوومی و دەستوورییەکانی عێراقی گوت: بەغدا قووڵایی ستراتیژیی ئێمەیە و پارتی بەجدی سەرەگوریسی “سفر کێشە” دەداتە دەستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و لە بەرانبەریشدا چاوەڕوانە سەرجەم مافە سیاسی، دەستووری و شایستەکان بەبێ هیچ بیانوو و ڕێگرییەک بدرێتە خەڵکی کوردستان. پارتی وەکوو یەکەم سەنگەری بەرگریکردن لە دۆزی کورد، هەمیشە بە هەڵوێستە بەرز و سەنگین و کوردانە دەمێنێتەوە و لەگەڵ هەر دۆخێکی نوێدا بە زیرەکانە دەجووڵێتەوە و هەر خۆیشی دەستپێشخەری دەکات؛ ئەوانی دیکەش لە بازنەی سیاسەتەکانی پارتییەوە سەیری پێگەی کورد لە عێراقی نوێدا دەکەن.