میرۆ جەلال
عێراق لەلایەک لەسەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ دایە و دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی و ناکۆکی و قەیرانی ئابووی و بێمتمانەیی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە. لەلایەکی دیکەوە وڵاتەکە لەژێر فۆکەسی ئەمریکادایە، کە بە وردی چاوی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و جوڵە سیاسییەکانە.
لەناو ئەم هەموو کێشمەکێشەدا، نێچیرڤان بارزانی، بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتە بەغدا و چەندین دیدار و گفتوگۆی بەرهەمداری لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا ئەنجامدا کە ناوەڕۆکی دیدار و کۆبوونەوەکان ئاوێتەی مافی هەمووان و گەڕانەوەی عێراق بوو بۆ بنەماکانی دەستوور.
سەردانەکە پێشوازییەکی فراوانی لێکرا، چونکە بەرپرسانی عێراق بەئاگان لەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کارێزمایی لە دانوستاندن و ورد لە بۆچوون و پراگماتیکە لە سیاسەتدا، بۆیە بەغدا باوەشی هەمیشە بۆ سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی کراوەیە و بە بەیاخەوە لە ڕوانین و بۆچوونەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ داهاتووی عێراق دەڕوانن و بە بەشێکی گرنگ لە چارەسەری دەزانن.
بەبێ ڕێککەوتن بەغدا جێناهێڵێت
بەرپرسێکی هاوپەیمانی عەزم لەبارەی سەردانەکەوە، وتی؛ نێچیرڤان بارزانی بەبێ ڕێککەوتن بەغدا جێناهێڵێت. ئەم بۆچوونە ڕوانینە لە کاریگەریی کەسایەتیی نێچیرڤان بارزانی و ئاماژەیە بۆ پێگەی بەهێز و ستراتیژیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک دیپلۆماتکارێکی کارامە لە کێشە ئاڵۆزەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. هاوکات، زۆرینەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ناوبراو هەمیشە بە زمانی “دیالۆگ” و “سازان” دەچێتە بەغدا، نەک تەنها بۆ کۆبوونەوەیەکی ئاسایی.
پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی
نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبۆوە و پێی ڕاگەیاندوون، ههرێمی كوردستان پشتگیری له پرۆسهی سیاسیی عێراق دهكات و پاڵپشتی لە حکوومەتێک دەکات وەڵامدەرەوەی ئاڵنگارییەکانی قۆناغەکە و چاوەڕوانی و داواکارییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەبەستی بوو ئەو پەیامە بگەیەنێتە سەرکردایەتیی شیعەکان کە ئەو سیاسەتەی کە لە پێشتردا پەیڕەو کراوە، کێشەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکو بە کاری پێکەوەیی و دانوستان دەتوانرێت پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و سەروەریی عێراق بپارێزرێت.
کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کۆبۆوە، کە محەمەد حەلبووسی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو. ئامادەیی حەلبووسی لە کاتێکدایە کە نێوانی ناوبراو لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باش نییە، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە حزبەکەی حەلبووسی وێنەی کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە و بە ئەرێنی و زۆرباش ناویان برد. لەلایەکی دیکەوە ئەو بەستەڵەکی ساردییەی نێوان پارتی و تەقەدوومی تواندەوە و ئەو پەیامەی دووپاتکردەوە، کە کلیلی چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان تەنها سازان و پێکەوەییە. هاوکات، ئەم هەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە سەلماندی کە ئەو لە سیاسەتی عێراقدا وەک “هێزی نەرم” و پردی پەیوەندی نێوان جەمسەرەکان کار دەکات.
پەیام بۆ ناوخۆی کوردستان
لە دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەڤانانی ڕاگەیاند، کێشە لەناو لایەنە سیاسییەکان لەهەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لەگەڵ یەکێتی بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی سیاسی. ئەم لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی گوزارشت لە ستراتیژیی “نێوخۆی ڕێکخراو بۆ دەرەوەی بەهێز” دەکات. ئەو باش دەزانێت کە بەبێ یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان، پێگەی هەرێم لە بەغدا لاواز دەبێت. هاوکات پەیامێکیش بوو بۆ لایەنە عێراقییەکان، کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای جیاوازییە نێوخۆییەکانی، هێشتا خاوەنی ئیرادەیەکە بۆ یەکخستنی ماڵی کوردی.

