دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێكی
بەشی یەكەم
زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکا، ناوی (پڕۆفیسۆر عەزیز بەرزنجی)ـی خستە ڕیزبەندی ئەو سەدا ٢ کۆمەڵە زانایایەی جیهان کە شارەزای زانستی ماددەکانن؛ ئەو پێگە بەرزەی پڕۆفیسۆر عەزیز، بەهۆی داهێنانانەوەیە لە زانستی نانۆتەنۆلکەکاندا کردوویەتی کە بە ڕێگای ژینگەدۆست (سەوز) ئامادەیان دەکات و لە بوارە جیاجیاکاندا بەکاریان دەهینێت.
تەکنەلۆژیای نانۆ چییە و گرنگییەکانی چین لە پێشکەوتنی زانست و پەروەردەدا؟
تەکنەلۆژیای نانۆ (Nanotechnology) یەکێکە لە گرنگترین بوارەکانی زانستی مۆدێرن کە شۆڕشێکی گەورەی لە ژیانی مرۆڤدا دروست کردووە. تەکنەلۆژیای نانۆ بریتییە لە زانستی دەستکاریکردن و کۆنترۆڵکردنی ماددە لە ئاستی ئێجگار ورددا، واتە لە ئاستی گەردیلە و گەردەکاندا. وشەی نانۆ لە وشەی “Nanos”ی یۆنانییەوە هاتووە کە بە واتای (کورتەباڵا یان زۆر بچووك) دێت. یەك نانۆمەتر یەکسانە بە ١ ملیارەکی مەتر واتە یەک لەسەر یەک ملیار. بۆ ئەوەی وێنای بکەین، ئەستووراییەکەی تاڵێکی قژی مرۆڤ نزیکەی ٥٠هەزار بۆ ١٠٠هەزار نانۆمەترە.
کاتێك قەبارەی ماددە دەگاتە مەودای نانۆ، تایبەتمەندییە فیزیایی و کیمیاییەکانی دەگۆڕێن (بۆ نموونە: ڕەنگی، هێزی و، گەیاندنی کارەبایی و هتد. )، ئەمەش دەرفەتێك بۆ زاناکان فەراهەم دەکات کە شتگەلێك دروست بکەن کە پێشتر مەحاڵ بووە.
ریچارد فاینمان (Richard Feynman) کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیایە، لە ساڵی ١٩٥٩دا پێشبینی بچووککردنەوەی ئامیرەکانی کرد بە هاتنەکایەی تەکنەلۆژیایەکی بچووك تا دەگاتە ئاستی گەردیلە. ئێستا خەونی فاینمان لە ڕێگای تەکنەلۆژیای نانۆوە هاتووەتە دی. زاناکانی سەردەم جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تەکنەلۆژیای نانۆ تەکنەلۆژیای بزوێنەری سەدەی نوێیە، لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە نانۆییە جیاوازەکانەوە، پێشکەوتنی بەرچاو لەم بوارە نوێیەدا ڕوو دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان زانستەکاندا هەیە و پێویستە تێکهەڵکێش بکرێن، تەکنەلۆژیای نانۆش باشترین نێوەندگیرە بۆ ئەم تێکهەڵکێشکردنە. هەرچەندە ئاوێتەبوونێکی بەرچاو دەبینرێت لە تەنۆلکە نانۆییەکاندا لە بواری توێژینەوە و کەرتی پیشەسازیدا ئەمەش لە ڕێگای تایبەتمەندییە فیزیایی و کیمیاییەکانییەوە کە جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ماددە هاوتاکانیان هەیە لە قەبارەی گەورەدا. بەم جۆرە سەرجەم بوارە جیاجیاکانی زانست و تەکنەلۆژیای کارپێکراو بە جۆرێك یان جۆرێکی تر لەگەڵ هاتنی تەکنەلۆژیای نانۆییدا بەرەو پێشەرە هەنگاودەنێن. هەروەها بوارە نوێیە جۆراوجۆرەکانی وەک پزیشکی نانۆیی، تەکنەلۆژیای بایۆلۆژی نانۆیی، نانۆئەلکترۆنیك و هتد، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن.
تەکنەلۆژیای نانۆ لە زۆربەی بوارە زانستییەکاندا بەکاردێت و گۆڕانکاری ڕیشەیی دروست دەکات. بۆ نموونە لە بواری پزیشکیدا؛ دەتوانین لە ڕێگای تەنۆلکە نانۆییەکان دەرمانەکان ڕاستەوخۆ بگەیەنینە خانە تووشبووەکانی شێرپەنجە بەبێ ئەوەی زیان بە خانە ساغەکانی دەورووبەری بگەیەنین. یان دروستکردنی ئامێری زۆر بچووك کە لە ناو خوێندا دەتوانن نەخۆشییەکان زووتر دەستنیشان بکەن.
لە بواری ئەلیکترۆنیشدا، تەکنەلۆژیای نانۆ بەشدارە لە دروستکردنی کۆمپیوتەر و مۆبایلی زۆر خێرا و زۆر بچووك و هەموو ئەو پێشکەوتنانەی لە چیپەکانی مۆبایلدا دەیبینین بەهۆی بچووککردنەوەی ترانسیستۆرەکانە بۆ ئاستی نانۆ. لە بواری وزە و ژینگەشدا دەتوانین چووستی شانە هەتاوییەکان (Solar Panels) بەرز بکرێتەوە بەمەش دەتوانن وزەی زیاتر بەرهەم بهێنن. یان پاڵاوتنی ئاوی پیس لە ڕێگەی فلتەری نانۆیی کە دەتوانێت مایکرۆب و خوێ بە ئاسانی جیا بکاتەوە.
سەبارەت بە گرنگی تەکنەلۆژیای نانۆ لە بواری پەروەردەشدا، دەتوانم بڵێم پەروەردەکردنی نەوەیەك کە شارەزای ئەم زانستە بێت، کلیلی پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگایەیە. بۆ نموونە تەکنەلۆژیای نانۆ وادەکات کە قوتابی تەنها بەدەوری یەك بواردا نەخولێتەوە؛ چونکە ئەم زانستە تێکەڵەیەکە لە (فیزیا، کیمیا، بایۆلۆژی و، ماتماتیك و هتد) ئەمەش بیرکردنەوەی قوتابی فراوانتر دەکات و وای لێ دەکات هەمیشە بەدوای داهێناندا بگەڕێت. چوونکە کاتێك قوتابی دەزانێت دەتوانێت دیزینی گەردیلەکان بکات، بیرکردنەوەی بەرەو داهێنان و چارەسەرکردنی کێشە گەورەکانی وڵاتەکەی و جیهان دەچێت. بەمەش گەنجان ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ببنە داهێنەر و پسپۆڕ لە ئاستی جیهانیدا. لە ئاستی زانکۆکانیشدا ئەگەر زانکۆکانی ئێمە بایەخ بەم بوارە بدەن، لە ناوەندێکی بڕوانامەبەخشینەوە دەبنە ناوەندی توێژینەوەی جیهانی کە ناویان لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەدرەوشێتەوە.
ئایا لە هەرێمی کوردستان توێژینەوە یان پرۆژەی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیای نانۆ هەیە،چۆن؟
بێگومان، لە هەرێمی کوردستاندا لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی زۆر باش و گرنگ لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی تایبەت بە بواری تەکنەلۆژیای نانۆە نراوە، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پیشەسازیی گەورە، بەڵام لە ڕووی ئەکادیمی و توێژینەوەوە لەسەر نەخشەی جیهانی جێگەی خۆی کردووەتەوە. بۆ نموونە، بەندە لە خوێندنی دکتۆراوە تا ئێستا نزیکەی ١٥ ساڵە لە بواری تەکنەلۆژیای نانۆدا کاردەکەم و سوپاس بۆ خودا تا ئێستا نزیکەی ١٥٠ توێژینەوەی زانستیم لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە ئاستبەرزەکانی دنیا بڵاو کردۆتەوەو توێژینەوەکانم زیاتر لە ٣٨٠٠ جار وەك سەرچاوەی زانستی لەلایەن زانایان و توێژەرانی دنیا بەکار هاتوون. بە شانازییەوە لەو ماوەیەی کە باسمان کرد توانیومانە زانست و تەکنەلۆژیای نانۆ لە کوردستان بەرەو ئاستی جیهانی ببەین. ئەمەش وای کردووە لە چەندین وڵاتی دنیا بانگهێشت بکرێم وەك وتاردەری سەرەکی لە کۆنفرانس و وێرکشۆپ و بۆنە زانستیەکان بەشدار بم. هەروەها، لە لایەن زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی، کە یەکێکە لە زانکۆ هەرە باشەکانی جیهان، بۆ ماوەی ٣ ساڵە وەك ٢٪ ی باشترین زانایانی جیهان دەستنیشان دەکرێم. چوونکە توێژینەوەکانی ئێمە جەخت دەکەنەوە لەسەر بەرهەمهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکان بە ڕێگای سەوز یان دۆستی ژینگە (Green Synthesis).
دەتوانم بڵێم توێژەرانی کورد، بە تایبەتی لە زانکۆی سۆران، کە من لەوێ کار دەکەم و، زۆربەی زانکۆکانی کوردستان، لە ڕێگای ئەو داهێنانەی ئێمە کردمان لە بەرهەمهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکان بە ڕێگای سەوز، لە ئێستادا سوود لە ڕووەکە سروشتییەکانی کوردستان دەبینن بۆ دروستکردنی تەنۆلکەی نانۆیی جیاواز چوونکە ئەم ڕێگەیە ڕێگەیەکی هەرزانە و دۆستی ژینگەیە بە بەراورد بە ڕێگە فیزیایی و کیمیاوییەکان.
لە ئێستادا، توێژینەوەکانی ئێمەو بەشێك لە توێژەرانی کوردستان جەخت لەسەر چەند بوارێکی پراکتیکی گرنگ دەکەنەوە؛ بۆ نموونە پاککردنەوەی ئاوی پیس لە ڕێگای بەکارهێنانی فلتەری نانۆیی بۆ جیاکردنەوەی ماددە ژەهراوییەکان و لە چەند شوێنێکی کوردستاندا.هەروەها، ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژینەوە ئەنجام دراون لە بواری بەکارهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکان وەك دژە بەکتریا و هەوڵدان بۆ چارەسەری خانە شێرپەنجەییەکان. تیمی توێژینەوەی ئێمە چەندین توێژینەوەی گرنگی ئەنجامداوە لە بواری زیادکردنی چووستیی شانە هەتاوییەکان (Solar Cells) لە ڕێگەی تەنۆلکە نانۆییەکان بۆ ئەوەی کارەبای زیاتر بەرهەم بهێنن. هەرەوەها، لەگەڵ توێژەرانی بواری ئەندازیاری توانیومانە کار بکەین لەسەر کەرەستەی بیناسازی بە تێکەڵکردنی تەنۆلکە نانۆییەکان لەگەڵ چیمەنتۆ و کۆنکرێت بۆ بەهێزکردنی خانووبەرە و ڕێگری لە شێ و چیامان. بۆیە، وەك باسمان کرد، ئێمە لەگەڵ زۆربەی زانکۆکانی کوردستان توێژینەوەی هاوبەشمان هەیە و بەیەکەوە چەندین کاری نایابمان ئەنجام داوە. ڕەنگە ئەگەر کێشەی نەبوونی بودجەی تایبەت بە توێژینەوەی زانستی چارەسەر بکرێت، چوونکە توێژینەوەی تەکنەلۆژیای نانۆ پێویستی بە ئامێری ئێجگار گرانبەهایە، ئەوا دەتوانین کاری چاکتر و پێشکەوتووتر ئەنجام بدەین. هەروەها، کێشەی دابڕانی زانکۆکانی کوردستان بەگشتی لە بازاڕ و کۆمپانیاکان گرفتێکی دیکەیە کە کارەکانی ئێمەی سنووردارکردووە. بە گشتی لە کوردستان مێشك و توانای تەکنەلۆژیای نانۆ لە ئاستێکی بەرز دایە و توێژەرانی ئێمە لەسەر ئاستی جیهانیدا ناسراون، بەڵام پێویستمان بە پشتگیری دارایی و حکومی زیاترە تا ئەم توێژینەوانە لە ناو تاقیگەکانەوە ببەینە ناو بازاڕ و خزمەتی ڕاستەوخۆی ژیانی هاووڵاتیانی پێ بکەین.
زانکۆکان و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان چ ڕۆڵێك دەگێڕن لە گەشەپێدانی ئەم بوارە؟
زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئاستەنگە دارایی و تەکنیکییەکان، ڕۆڵێکی گرنگ و بنەڕەتییان لە گەشەپێدانی زانست و تەکنەلۆژیای نانۆ گێڕاوە. ئەم ڕۆڵە دەکرێت لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا کورت بکەینەوە:
١. ئامادەکردنی ژێرخانی مرۆیی (پەروەردە و فێرکردن)
زانکۆ و پەیمانگاکان، بە گشتی، یەکەم وێستگەن بۆ ناساندنی ئەم زانستە بە گەنجان. ئێستا لە زۆربەی بەشەکانی (فیزیا، کیمیا، بایۆلۆژی و، ئەندازیاری. . هتد) لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، بابەتی تەکنەلۆژیای نانۆ وەك وانەیەکی سەرەکی یان بژاردە دەوترێتەوە. ئەمە وادەکات قوتابی لە قۆناغی بەکالۆریۆسەوە ئاشنای ئەم جیهانە بێت.
٢. توێژینەوەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا)
بەشێکی زۆری توێژینەوەکانی ماستەر و دکتۆرا لە کوردستان ڕوویان لە زانست و تەکنەلۆژیای نانۆ کردووە. زانکۆکان بوونەتە ژینگەیەك بۆ پێگەیاندنی توێژەری پسپۆڕ کە دەتوانن لە تاقیگەکاندا کار لەسەر دروستکردنی تەنۆلکە نانۆییەکان بکەن. بڵاوکردنەوەی سەدان توێژینەوەی زانستی ساڵانە لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکاندا، وای دەکات ناوی زانکۆکانی کوردستانی لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا بەرز ببنەوە.
٣. دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی تایبەت
هەندێک لە زانکۆکان هەنگاوی جدییان ناوە بۆ بونیادنانی سەنتەری توێژینەوەی زانستی کە ئامێری پێشکەوتوویان تێدایە. بۆ نموونە، زانکۆی سۆران سەنتەری توێژینەوەکەی خاوەن ئامێری پێشکەوتووە و توێژەرانی سەرتاسەری کوردستان لێی سوودمەندن. زانکۆکانی کوردستان، بەگشتی، ساڵانە چەندین کۆنفرانسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گەورە ڕێکدەخەن کە زانایانی جیهانی و ناوخۆیی تێدا بەشدار دەبن.
٤. دروستکردنی پردی پەیوەندی نێودەوڵەتی
زانکۆکان ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی پسپۆڕانی کورد پەیوەندی زانستی لەگەڵ زانکۆکانی دەرەوەی هەرێم ببەستن وئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش (Joint Research) بکەن.
٥. بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زانستی
لە ڕێگەی سیمینار،کۆنفرانس و وێرکشۆپەکاندا و میوانداریکردنی زانایانی بواری تەکنەلۆژیای نانۆ، زانکۆکان ڕۆڵیان هەبووە لە تێگەیاندنی کۆمەڵگە و دامودەزگاکانی حکومەت لە گرنگی ئەم زانستە بۆ داهاتووی ئابووری و تەندروستی کوردستان. بە گشتی، زانکۆکانی کوردستان توانیویانە “بونیادی زانستی” بۆ تەکنەلۆژیای نانۆ دابنێن و نەوەیەکی شارەزا پێبگەیەنن، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی ئابووری، پێویستە حکومەت و کەرتی تایبەت پشتگیری دارایی زانکۆکان بکەن تا توێژینەوەکان لە “کاغەز”ەوە ببنە “داهێنان و بەرهەم”.
باشترین بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نانۆ لە بواری زانست و پەروەردەدا چییە؟
بێگومان، تەکنەلۆژیای نانۆ تەنها زانستێکی تیۆری نییە، بەڵکو کۆمەڵێك بەکارهێنانی سەیری هەیە کە شێوازی ژیانی ئێستا و داهاتوومان دەگۆڕێت. لێرەدا گرنگترین و باشترین بەکارهێنانەکانی لە هەردوو بواری زانست و پەروەردەدا دەخەینە ڕوو:
یەکەم: لە بواری زانستدا،
بواری پزیشکی لە پێشینەی بوارەکانە، تەنۆلکە نانۆییەکان وەك “کەشتیی بچووك” بەکاردێن بۆ ئەوەی دەرمانی کیمیایی ڕاستەوخۆ بگەیەننە ناو خانە شێرپەنجەییەکان بەبێ ئەوەی زیان بە خانە ساغەکانی جەستە بگەیەنن. هەروەها، دەستنیشانکردنی پێشوەختە لە ڕێگای هەستەوەری (Sensors) نانۆیی کە دەتوانن نیشانەکانی نەخۆشی لەناو خوێندا لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییدا بدۆزنەوە.
پاککردنەوەی ئاوو فلتەرە نانۆییەکان دەتوانن پیسی، خوێ و، تەنانەت ڤایرۆسەکان لە ئاو جیا بکەنەوە بە کەمترین تێچوو. ئەم تەکنیکە بۆ ئەو وڵاتانەی کێشەی کەمی ئاوییان هەیە زۆر گرنگە.
هەروەها، شانە هەتاوییەکان (Solar Cells) لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکان لە پانێڵە هەتاوییەکاندا وادەکات بڕێکی زۆرتر لە تیشکی خۆر بگۆڕدرێت بۆ کارەبا، ئەمەش چووستی وزە بەرز دەکاتەوە.
دووەم: لە بواری پەروەردەدا (بۆ بونیادنانی نەوەی داهاتوو)
تەکنەلۆژیای نانۆ باشترین ئامرازە بۆ ئەوەی قوتابی تێبگات کە زانستەکان لەیەك جیا نین، بەڵکو هەموویان تەواوکەری یەکترن. بۆ تێگەیشتن لە زانست و تەکنەلۆژیای نانۆ، قوتابی دەبێت لە هەمان کاتدا فیزیا، کیمیا و، بایۆلۆژی بەکاربهێنێت. ئەمە یارمەتی قوتابی دەدات خاوەن دیدگایەکی گشتگیر بێت بۆ زانست. هەروەها، لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای نانۆوە، پەروەردە لە “لەبەرکردنی زانیارییەکان” دەگۆڕێت بۆ “گەڕان بەدوای چارەسەر”. بۆ نموونە: کاتێك قوتابی پڕۆژەیەك دەکات لەسەر ئەوەی چۆن تەنۆلکە نانۆییەکان ئاوی پیس پاك دەکەنەوە، ئەو فێری میتۆدی زانستی و توێژینەوە دەبێت. بەگشتی، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نانۆ لە پەروەردەدا وادەکات قوتابیان و خوێندکاران بۆ بازاڕی کاری داهاتوو ئامادە بن، کە تێیدا پیشەکان زیاتر پێویستیان بە تەکنەلۆژیای ورد و زیرەك هەیە. بۆیە، هەر وڵاتێك بیەوێت پێشبکەوێت، دەبێت ئەم تەکنەلۆژیایە بخاتە ناو هەناوی سیستەمی زانستی و پەروەردەیی خۆیەوە.
ئایا تەکنەلۆژیای نانۆ دەتوانێت چارەسەری چ کێشەیەك بکات لە هەرێمی کوردستان؟
تەکنەلۆژیای نانۆ دەتوانێت ببێتە کلیلی چارەسەرکردنی چەندین کێشەی ستراتیژی و ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان. بەهۆی ئەوەی ئەم زانستە لەسەر ئاستی گەردیلە کار دەکات، دەتوانێت بە کەمترین تێچوو و بەرزترین کوالێتی گۆڕانکاری دروست بکات. وەك باسمان کرد، گرنگترین ئەو کێشانەی کە تەکنەلۆژیای نانۆ دەتوانێت لە کوردستان چارەسەریان بکات بریتین لە
١. کێشەی پیسبوونی ئاو و کەمئاوی؛ کوردستان خاوەن چەندین ڕووبارە (وەك زێی گەورە و بچووك، سیروان)، بەڵام پیسبوونی ئاو بەهۆی پاشماوەی زێراب و کارگەکان کێشەیەکی گەورەیە. دروستکردنی نانۆ- فلتەر کە دەتوانێت ماددە ژەهراوییەکان، قورقوشم و، تەنانەت بەکتریا و ڤایرۆسەکان بە وردی لە ئاو جیا بکاتەوە. ئەمە دەتوانێت ئاوی ڕووبارەکان یان ئاوی بیرەکان بە تێچوویەکی کەم بکاتە ئاوی خواردنەوەی ستاندارد.
٢. کەرتی تەندروستی و شێرپەنجە؛ بەداخەوە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە کوردستان ڕووی لە زیادبوونە و دەرمانە کیمیاییەکان کاریگەریی خراپیان لەسەر نەخۆشەکان هەیە. بۆیە، تەنۆلکە نانۆییەکان دەتوانن دەرمانەکە ڕاستەوخۆ و تەنها بگەیەننە ناو خانە شێرپەنجەییەکان. ئەمە وادەکات چارەسەرەکە کاریگەرتر بێت و نەخۆشەکە تووشی قژوەرین و بێهێزییەکی زۆر نەبێت، چونکە خانە ساغەکان زیانیان بەرناکەوێت.
٣. کێشەی کارەبا و وزە؛ کوردستان ساڵانێکی زۆرە بەدەست کەمیی کارەباوە دەناڵێنێت. بۆیە، لە ڕێگای بەکارهێنانی تەنۆلکەی نانۆیی لە پانێڵە هەتاوییەکاندا چووستییان زۆر بەرز دەکاتەوە (تەنانەت لە کاتی هەور و کەمبوونی تیشکیشدا کارەبای باش بەرهەم دەهێنن). هەروەها، تەکنەلۆژیای نانۆ دەتوانێت پاترییەك بەرهەم بێنێت کە وزەیەکی زۆر کۆبکاتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا بارگاوی (Charge) بکرێتەوە.
٤. کەرتی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراك؛ بەرهەمهێنانی پەینی نانۆیی (Nano-fertilizers) و دەرمانی نانۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مێرووەکان. ئەم جۆرە پەینانە ڕاستەوخۆ دەچنە ناو ڕەگی ڕووەکەکە و بە فیڕۆ ناچن، ئەمەش وادەکات بەرهەمەکە زۆر بێت و خاکی کوردستانیش بەهۆی پاشماوە کیمیاییەکانەوە تێک نەچێت.
٥. پیشەسازیی نەوت و گاز؛ نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی کوردستانە، بەڵام پڕۆسەی دەرهێنان و پاڵاوتنی تێچووی زۆرە و ژینگەش پیس دەکات. بەکارهێنانی کەتالیزی نانۆیی (Nano-catalysts) لە پاڵاوگەکاندا، کە وادەکات سووتەمەنییەکان (بەنزین و گاز) بە کوالێتییەکی زۆر بەرزتر و بە تێچوویەکی کەمتر بەرهەم بهێنرێن، هەروەها پاشماوە ژەهراوییەکانی کارگەکان کەم دەکاتەوە.
٦. کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان؛ خانوبەرەکانی کوردستان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە پێویستییان بە بەرگریی زیاتر هەیە. تێکەڵکردنی تەنۆلکەی نانۆیی (وەك نانۆ-سیلیکا) لەگەڵ کۆنکرێت، کە وادەکات دیوارەکان زۆر بەهێزتر بن، ڕێگری لە شێ بکەن و وەك نەگەیەنەری گەرمی کار بکەن (لە هاویندا فێنك و لە زستاندا گەرم).
بۆ ئەوەی ئەم چارەسەرانە بێنە ناو ژیانی ئێمەوە، پێویستە حکومەت و کەرتی تایبەت پشتگیری لەو توێژەرە کوردانە بکەن کە لە زانکۆکاندا خەریکی ئەم توێژینەوانەن. گواستنەوەی زانست لە “سەر کاغەز” بۆ “ناو کارگە” تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیای نانۆ ببێتە بزوێنەری ئابووریی کوردستان.
تەکنەلۆژیای نانۆ چۆن دەتوانێت یارمەتی ناوخۆیی هەرێم بدات؟ سوودەکانی چین؟
تەکنەلۆژیای نانۆ تەنها بابەتێکی زانستی نییە کە لە تاقیگەکاندا بمێنێتەوە، بەڵکو کلیلێکی ستراتیژییە کە دەتوانێت ژێرخانی ئابووری، تەندروستی و ژینگەیی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت. بەهۆی ئەوەی هەرێم لە قۆناغی گەشەسەندندایە، بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە دەکرێت زۆر کێشەی درێژخایەن بە تێچوویەکی کەمتر چارەسەر بکات.
پێم وایە گرنگترین ئەو بوارانەش کە تەکنەلۆژیای نانۆ دەتوانێت یارمەتی ناوخۆی هەرێمی پێ بدات بریتین لە کەرتی پاککردنەوەی ئاو و کەرتی تەندروستی و دەرمان و کەرتی نەوت و گاز و کەرتی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراك و کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان و کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵان. ئەمانە سوودێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنن لەلایەنی ئابووری دەبێتە کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و زیادکردنی داهات. لە لایەنی تەندروستی ڕێگە خۆشکەرە بۆ دابینکردنی چارەسەری پێشکەوتوو بۆ نەخۆشییە سەختەکان وەك شێرۆەنجە. لە ڕووی ژینگەوەش هۆکارە پاککردنەوەی ئاو و هەوای شارەکان لە پاشماوە ژەهراوییەکان. بۆ ئەوەی ئەم سوودانەش بێتە دی، پێویستە حکومەت و کەرتی تایبەت پشتگیری لەو توێژینەوانە بکەن کە ئێستا لە زانکۆکانی هەرێمدا ئەنجام دەدرێن، چونکە تەکنەلۆژیای نانۆ “ئابووریی داهاتوو”ە.
ئایا کۆمپانیا یان دەزگای تایبەت لە هەرێم هەیە لەسەر ئەم بوارە کار بکەن؟
ڕاستگۆیانە بڵێین، لە هەرێمی کوردستان هێشتا کۆمپانیایەکی گەورەی پیشەسازیی سەربەخۆ کە تەنها کاری بەرهەمهێنانی ماددەی نانۆیی بێت بوونی نییە، بەڵکو زۆربەی چالاکییەکان لە چوارچێوەی دەزگا ئەکادیمییەکان و تاقیگەکانی توێژینەوەدان. بەڵام، دەتوانین بڵێین تەکنەلۆژیای نانۆ لە چەند سێکتەرێکی تایبەتدا لە کوردستان هەیە. بۆ نموونە لە ناوەندە ئەکادیمی و توێژینەوەکان، دەتوانم بڵێم ئەوانە سەرەکیترین بوارن و لە ئێستادا لە ئاستێکی باشدان. وەك پێشتر ئاماژەم پێکرد، سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆکان بە گشتی لە ساڵانی ڕابردوودا ناوەندێکی باشی توێژینەوەی زانستی بوونە لە بواری تەکنەلۆژیای نانۆدا، بەڵام لە ئێستادا لەبەر پێنەدانی گرنگی بە توێژەران و ئەکادیمیستەکان لەلایەنی ماددی و مەعنەوی ئەم پێشکەوتنە پاشەکشەی کردووە. گروپی توێژینەوەی بەندە وەك چاڵاکترین گروپی توێژینەوەی زانستی کارمان کردووە بۆ بەرهەمهێنانی تەنۆلکەی نانۆیی بە ڕێگەی “سەوز” و توێژینەوەکانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا کاریگەری زۆری هەیە. لە چەندین کتێبی زانستی دەربارەی زانست و تەکنەلۆژیای نانۆ، سیناریۆی بەرهەمهێنانی تەنۆلکەی نانۆیی بە ڕێگەی “سەوز” بەنموونە باسکراوە.
لە کەرتی پزیشکیدا، ئێمە لە ئاستی بەکارهێنان داین نەك بەرهەمهێنان. چەندین کلینیك و دەزگای پزیشکی تایبەت لە کوردستان تەکنەلۆژیای نانۆ بەکاردەهێنن، بەتایبەت سەنتەرەکانی پزیشکی ددان. زۆربەی ئەو ماددانەی بۆ پڕکردنەوەی ددان (Composites) یان چاندنی ددان بەکاردێن، تەکنەلۆژیای نانۆیان تێدایە بۆ بەهێزکردن و مانەوەی زیاتر. بیستوومە لە بەشێك لە تاقیگە پێشکەوتووەکانی پشکنین ئامێری نانۆ-سێنسەر بەکاردێنن بۆ دەستنیشانکردنی خێرای نەخۆشییەکان.
لە کەرتی بیناسازی و بازرگانیشدا، هەندێك کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە بواری بازرگانیدا ماددەی نانۆیی هاوردە دەکەن و لە پڕۆژەکانیاندا بەکاری دەهێنن. بۆ نموونە، کۆمپانیاکانی بۆیە و ماددە نەگەیەنەرەکان هەندێك جۆری بۆیەی نانۆیی هاوردە دەکەن کە دژە شێ و دژە ئاگرن و توانای هەڵمژینی بۆنە ناخۆشەکانیان هەیە. هەروەها، لە بەشێك لە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل ناوەندی “نانۆ-سێرامیك” یان هەیە کە بۆ پاراستنی بۆیاخی ئۆتۆمبێل بەکاردێت، یان وەك خۆپاککەرەوە بەکاردێت، ئەمانە نموونەی ناسراوو باوی ئەم تەکنەلۆژیایەن لە ناو بازاڕی کوردستاندا.
بابەتی ڕیزبەندو خەڵاتە نێودەوڵەتیەکانیش، وەك لیستی زانکۆی ستانفۆرد (Stanford University) و چەندین ڕێکخراوی زانستی جیهانی دیکە، گرنگن چوونکە ئەوان هەرێمی کوردستانیان لە ڕێگەی توێژەرەکانەوە ناسیوە. ئەمە وادەکات لە داهاتوودا کۆمپانیاکانی دەرەوە ئارەزووی وەبەرهێنان لەم بوارەدا بکەن لە کوردستاندا.
بۆچی تا ئێستا لە کوردستان کۆمپانیایەکی گەورەمان نییە کە تایبەت بێت بەم بوارە؟
لەسەرووی هۆکارەکان بابەتی تێچووی زۆردێت، دامەزراندنی کارگەیەکی نانۆ پێویستی بە ملیۆنان دۆلار و ئامێری ئێجگار ورد هەیە. هەروەها، نەبوونی یاسای پشتگیری چوونکە تا ئێستا یاسایەك نییە کە کۆمپانیاکان هان بدات بودجە بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان (Research and Development) تەرخان بکەن. لە هەمووش گرنگتر دابڕانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە کەرتی پیشەسازی. ئەمەش بێگومان وا دەکات بیرۆکەکان تەنها لە زانکۆکاندا بمێننەوە و سەرمایەدارانی کوردستان هێشتا بوێری ئەوەیان نیە وەبەرهێنان لەو بابەتانەدا بکەن. بۆیە، لە ئێستادا لە کوردستان دەزگای توێژینەوەی بەهێزمان هەیە، بەڵام کۆمپانیای بەرهەمهێنمان نییە. ئامانجی ئێمەمانیش ڕێك ئەوەیە کە ئەو توێژینەوانەی لە زانکۆ دەکرێن، ببەسترێنەوە بە کۆمپانیاکان و لە داهاتوودا ببینە خاوەنی یەکەمین کارگەی بەرهەمهێنانی نانۆ لە هەرێمدا.
ئایا تەکنەلۆژیای نانۆ لە کوردستان هەلی کار بۆ قوتابیان و توێژەران دابین دەکات؟
وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە دیدگایەکی واقیعی هەیە، لە ڕاستیدا لە ئێستادا هەلی کار بۆ پسپۆڕییەکی ڕەها بەناوی “ئەندازیاری نانۆ” یان “تەکنیکاری نانۆ” لە بازاڕی کوردستاندا سنووردارە، بەڵام بۆ ئەو قوتابی و توێژەرانەی کە شارەزای تەکنەلۆژیای نانۆن و دەتوانن بەشێوازێکی پڕۆفیشناڵانە لەگەڵ بوارەکانی تردا تێکەڵی بکەن، دەروازەی زۆر گرنگیان بۆ دەکرێتەوە. بۆ نموونە، کەرتی ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی، کە بەهێزترین بوارە، لە ئێستادا زۆربەی زۆری قوتابیانی ماستەر و دکتۆرا کە لە بواری نانۆدا کار دەکەن، بەمەش دەتوانن وەك مامۆستای زانکۆ لە بەشەکانی فیزیا، کیمیا، بایۆلۆژی و ئەندازیاری کاربکەن. یان وەك یاریدەدەری توێژەر (Research Assistant) لەو سەنتەرە زانستییانەی کە تازە دەکرێنەوە، چ لە زانکۆکان بێت یان لە دەزگا زانستیەکانی دیکە. کەرتی پزیشکی و تاقیگەکانیش کەرتێکی گرنگە بە تایبەتی بۆ ئەو قوتابیانەی لە بایۆلۆژیای نانۆ یان پزیشکی نانۆ پسپۆڕیان هەیە، دەتوانن لەتاقیگە پێشکەوتووەکانکاربکەن و ئامێری ورد بەکارنهێنن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان. بۆ نموونە، لە بواری پزیشکی ددان لە ئێستادا کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی کەرەستەی ددان بەدوای کەسانێکدا دەگەڕێن کە لە بابەتی کوالێتی “نانۆ-کۆمپۆزێتەکان” تێبگەن. یان دەتوانن لە کۆمپانیاکانی دەرمان بۆ چاودێریکردنی کوالێتی ئەو دەرمانانەی کە تەکنەلۆژیای نانۆیان تێدا بەکارهاتووە. هەروەها، زۆرێك لە کارگەکانی کوردستان، ئەگەرچی خۆیان تەنۆلکەی نانۆیی بەرهەم ناهێنن، بەڵام تەنۆلکەی نانۆیی هاوردەدەکەن و بەکاریان دەهێنن و پێویستیان بە پسپۆڕ هەیە. بۆ نموونە، کارگەکانی بۆیە و چیمەنتۆ، بۆ تێکەڵکردنی ئەو ماددە نانۆییانەی کە بەرگریی کەرەستەکان زیاد دەکەن. لە پاڵاوگەکانی نەوتیشدا بۆ کارکردن لەسەر کەتالیزەکان (Catalysts) کە لە پاککردنەوەی سووتەمەنیدا بەکاردێن، دیسان پێویستیان بە کەسانی پسپۆڕ هەیە. یان دەکرێ وەك فەرمانبەر لە دەزگای کوالێتی کۆنترۆڵی حکومی کار بکەن بۆ پشکنینی ئەو کاڵا و دەرمانانەی کە ماددەی نانۆیان تێدایە و هاوردەی هەرێم دەکرێن.
لە ئێستادا، کارکردن لە بواری نانۆ، گەورەترین دەرفەت دابین دەکات بۆ گەنجان. بۆ نموونە، قوتابییەك دەتوانێت پڕۆژەیەکی بچووک بۆ ”فلتەرکردنی ئاو بە نانۆ” دابمەزرێنێت. چونکە کوردستان کێشەی ئاوی هەیە، وەبەرهێنان لەم جۆرە پڕۆژانەدا داهاتوویەکی باشی هەیە و ڕەنگە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سپۆنسەری بکەن. یان دەکرێ ئەم جۆرە بیرۆکانە هەلی کار لە دەرەوەی وڵات و سکۆلارشیپ بۆ قوتابیان دابین بکەن، چونکە ئەو وڵاتانە پێویستییەکی زۆریان بەم پسپۆڕییە هەیە. بۆیە، من هەمیشە وتوومە ئەگەر دەتەوێت لە کوردستان لە ڕێگەی نانۆوە هەلی کارت هەبێت، تەنها خۆت سەرقاڵی تیۆری زانستی نانۆ مەکە، بەڵکو هەوڵبدە لایەنە پراکتیکییەکەی فێربیت، وەك چۆن تەنۆلکەی نانۆیی دروست دەکرێت، یان لە چ شوێنێك بەکاردێت و سوودی بۆ هەمووان دەبێت. زانست ئەگەر نەگۆڕدرێت بۆ خزمەت کردنی کۆمەڵگا، تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە. بۆیە ئەگەر زانستەکەت ببەستیتەوە بە چارەسەری کێشەکانی کوردستان، وەك ئاو، کارەبا، یان شێرپەنجە، بێگومان هەلی کارت دەبێت.

