کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی شەکر، بە سەرمایەی 110 ملیۆن دۆلار، لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان دروست دەکرێت و کارگەکە دەبێتە یەکەمین کارگەی بەرهەمهێنانی شەکر لەسەر ئاستی عێڕاق.
هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک، لەبەرەی ئەو پڕۆژەیەوە، ڕایگەیاندووە؛ پرۆژەکە پەسەند کراوە و لە قۆناغی دابینکردنی زەویدایە، دواتر رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان دەست پێدەکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم کارگەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بێوێنەیە و بۆ دابینکردنی ماددەی خاو پشت بە چاندنی چەوەندەر و قامیشی شەکر دەبەستێت، ئەمەش جووتیاران هان دەدات بەروبوومەکانیان بچێنن و کارگەکە لێیان دەکڕێتەوە، هەموو دەشتەکانیش بۆ ئەم جۆرە کشتوکاڵە گونجاون.
پرۆژەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک زۆر گرنگە و شەکری 100% سروشتی بەرهەم دەهێنێت لە جیاتی شەکری هاوردەکراو و دەستکرد.
پڕۆژەی کارگەی بەرهەمهێنانی شەکر لە دهۆک، پرۆژەکە لە نێوان 300 بۆ 400 دەرفەتی کاری راستەوخۆ دەڕەخسێنێت و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش هەزاران جووتیار و کرێکار سوودمەند دەبن، بەرهەمەکەشی جگە لە پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستان؛ هەناردەی پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش دەکرێت.
ئەم هەنگاوە یەکێکە لەو هەنگاوە گرنگانەی ئامانج لێی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بەکارخستنی بەرهەمی جووتیارانە. ئەم جۆرە پرۆژانە نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکەنەوە، بەڵکوو دەبنە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و سەربەخۆیی خۆراکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

