رۆژنامەی ھەولێر

پاراستنی نیشتمان؛ بنەمای مانەوەی نەتەوە

چنار کوردۆ عوسمان
پاراستنی نیشتمان و خۆشەویستیی وڵات لە دڵی هەموو تاکێکی کورددا شوێنێکی قووڵ و گرنگییەکی تایبەتی هەیە. نیشتمان تەنیا خاکێک نییە کە لەسەر نەخشە دیاری کرابێت، بەڵکو کۆمەڵێک بەها، بیرۆکە و ناسنامەیە کە زمان، کولتوور، مێژوو، ئێستا و داهاتووی نەتەوە لەخۆدەگرێت. بۆیە، پاراستنی نیشتمان تەنیا ئەرکی دەسەڵات یان هێزە سەربازییەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گشتییە کە دەکەوێتە سەر شانی هەموو هاووڵاتییەک.
زۆرجار کاتێک باس لە پاراستنی نیشتمان دەکرێت، بیرکردنەوەکان بەرەو جەنگ، سەربازیکردن و چەک دەچن. ئەم وێنەیە، هەرچەندە گرنگە، بەڵام تەواوی واتای پاراستنی نیشتمان نییە. پاراستنی نیشتمان لە کردارە ساکار و ڕۆژانەکانمانەوە دەست پێ دەکات؛ لە پاراستنی زمان، لە ڕێزگرتن لە کولتوور، لە گەشەپێدانی دابونەریت و لە بەهێزکردنی یەکگرتوویی نێوان تاکەکاندا.
مێژووی کوردستان پڕە لە ئازار، بەرخودان و قوربانی. دوژمنانی کورد لە درێژایی مێژوودا هەموو شێوەیەکیان تاقی کردووەتەوە بۆ سڕینەوەی ئەم نەتەوەیە؛ لە شاڵاوەکانی ئەنفال و ئەنفالی بارزانییەکانەوە بیگرە، تا کیمیابارانی هەڵەبجە، شەڕی داعش، کۆبانێ و ڕووداوە خوێناوییەکانی تر. ئەم مێژوویە نیشان دەدات کە پاراستنی نیشتمان تەنیا وشە نییە، بەڵکو قوربانی و خۆبەخشینێکی ڕاستەقینەیە.
بەڵام هەموو ئەم هێرشانە نەیانتوانیوە ئەنجامیان هەبێت. نەتەوەی کورد، وەک دارێک کە لە ژێر خاکدا قووڵ ڕەگ دادەکوتێت، هەر جارێک لێیان داوە، دووبارە شین بووەتەوە. ئەم توانای مانەوەیە نیشانەی ئەوەیە کە خۆشەویستیی نیشتمان لە دڵی کورددا هێزێکی نەنووسراو و نەشکێنراوە.
لە هۆشیاریی نەتەوەییی هەموو کوردێکدا، کوردستان تەنیا وڵاتێک نییە کە بە چوار پارچە دابەش کرابێت. سنوور و نەخشە بەزۆر کێشراوەکان ناتوانن خۆشەویستیی خوشک و براکانمان لە ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان لێک جیابکەنەوە. یەکگرتوویی نەتەوەیی، سەرەکی‌ترین هێزە بۆ پاراستنی بوونی کورد.
لە کۆتاییدا، پاراستنی نیشتمان تەنیا بە چەک و جەنگ ناکرێت، بەڵکو بە زانست، بە کار، بە یەکگرتوویی و بە هۆشیاریی نەتەوەیی ئەنجام دەدرێت. ئەگەر هەر تاکێک لە شوێنی خۆیدا بەرپرسیارێتییەکەی بەجێبهێنێت، ئەوا نیشتمان دەتوانێت لە نێوان مێژووی ئازار و داهاتووی هیوابەخشدا، بە سەربەرزی بەردەوام بمێنێتەوە.