شیلان فەرەج
لە سەرەتای سەرهەڵدانی سیاسەت و حوکمڕانییەوە، ئافرەتان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، ئەگەرچی ئەو ڕۆڵە لە پشتی پەردەشەوە بووبێت. هیچ ڕووداوێکی سیاسی، ئیداری و کۆمەڵایەتی نییە کە لە پشتییەوە ئافرەتێک یان چەند ئافرەتێک (هاوسەر، دایک، خوشک، کچ) ڕۆڵی گرنگیان نەبووبێت. بۆیە ڕاست نییە ئەگەر کەسێک پێی وابێت تەنیا پیاوان سیاسەت، حوکمڕانی و پێگە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە دەبەن و ئاراستەیان دەکەن. ئەو کەسەی پێی وایە ئافرەت ڕۆڵی لەمەدا نییە، ڕەنگە هەر لەو ساتەدا کە وەها بۆچوونێک دەنووسێت، لە ماڵەکەی خۆیدا دایکی، خێزانی یان خوشکەکەی خواردنی بۆ دروست بکات، چا و قاوەی بۆ بهێنێت، جلی بۆ بشوات و ماڵی بۆ پاک بکاتەوە.
ڕەنگە هەندێک وابزانن ئەمانە کارگەلێک نین شایانی باسکردن بن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە گرنگترین ئەرک و هاوکارییە بۆ ئەو کەسە و بۆ هەموو ئەوانەش کە پێگە و بەرپرسیارێتیی گەورەیان لە هەر بوارێکدا هەیە. بیهێننە پێش چاوی خۆتان؛ ئەگەر ئافرەت لە هەموو کایەکانی ژیان و لە ئەرکەکانی ناوماڵ و خێزاندا وەلا بنرێت، ئایا شتێک بە ناوی ژیان دەمێنێت؟ چ بگات بە باسی سیاسەت، حوکمڕانی و پێگەی کۆمەڵایەتی.
بەداخەوە بەهۆی سەرهەڵدانی هەندێک تێڕوانینی چەوتی ئایینی، عورف و عادەتە کۆمەڵایەتی و خێڵەکییەکانەوە، وردە وردە ڕۆڵی ئافرەت لە مێژوودا لە پێشەوەی پەردەوە بۆ پشتی پەردە گوازرایەوە و لێهاتووییشیان بۆ ئەرکە خێزانییەکان سنووردار کرا. ئەمەش وای کرد دەرفەت بۆ پیاوان زیاتر واڵا بێت تا ببنە پاڵەوان و بەڕێوەبەری سیاسەت و کۆمەڵگە. بەڵام بە درێژایی مێژوو، ئافرەتان کۆڵیان نەداوە و هەر دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسابێت، لێهاتوویی خۆیان سەلماندووە. لە هەندێک بواریشدا، لە پیاوان باشتر ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە و خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژیاندا گونجاندووە؛ ئەم خۆگونجاندنەشیان لەگەڵ ئەرکی خێزان و بارگرانییەکانی تری ژیان، بە جۆرێک ڕێکخستووە کە ڕەنگە پیاوان نەتوانن بەو شێوەیە ڕێکی بخەن.
ئەگەر جاران بەهۆی داخراویی کۆمەڵگەوە ئافرەتان ڕۆڵیان لە کایە سیاسی و حوکمڕانییەکاندا کەم بووبێت، ئەوا ئێستا قۆناغ بە قۆناغ هاوکێشەکە گۆڕدراوە. ئێستا زۆرترین ئافرەت لە ناوەندە سیاسی، حیزبی و ئیدارییەکاندا هەن. ئەمەش ئەو قۆناغەیە لە ڕەخساندنی دەرفەت کە هەندێک پیاوی مێشکداخراو لێی دەترسان و ئێستاش لەو ترسە بەردەوامن.
جێی خۆیەتی لێرەدا پرسیارێک بکەین: ئایا حیزب و لایەنە سیاسییەکان تا چەند هاوکار و زەمینەخۆشکەر بوون بۆ هاتنەپێشەوەی ئافرەتان؟ ئایا بوونی خانمان لە ناوەندی بڕیارداندا پەیوەندیی بە هەوڵی لایەنەکانەوە هەبووە یان تەنیا بەهۆی لێهاتوویی ئافرەتان خۆیانەوە بووە؟ وەڵامەکە ئەوەیە؛ ئەگەرچی ئاستی بەشداریی ئافرەتان لە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی تر جیاوازە، بەڵام دەتوانین بڵێین لەناو هەموو لایەنەکاندا ئافرەت ڕۆڵی هەیە و ئەوەی گرنگە ڕەخساندنی ئەو کەشەیە کە تا چەند لە کۆمەڵگەدا قبووڵکراو بێت.
ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان وەک نموونە لەنێو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان وەربگرین، دەبینین باڵانسێکی لە نێوان بەشداریپێکردنی ئافرەتان لە کایەی سیاسی و ناوەندی بڕیاردان و تەنانەت سەرکردایەتیشدا ڕاگرتووە. ئەمەش وەک پرەنسیپ لەناو پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتەکەدا چەسپێنراوە. ئەگەرچی کۆمەڵگەی پێشوو بە ئاسانی ئەمەی قبووڵ نەدەکرد، بەڵام پارتی سوور بووە لەسەر گرنگیدان بە پێگەی ئافرەت و هەوڵی داوە تێڕوانینی دواکەوتووانەی پیاوان بگۆڕێت. لە ماوەی حەفتا و شەش ساڵی تەمەنیدا، چەندان ئافرەتی بوێر و بەکەفائەت لە ڕیزەکانیدا دەرکەوتوون و ڕۆڵیان لە خەباتی نەتەوەیی، نیشتمانی و فەرهەنگیدا بینیوە.
لە تەواوی کۆنگرە و کۆنفرانسەکانیدا، پارتی توانیویەتی ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لەناو ئۆرگانەکان و سەرکردایەتیدا زیاد بکات و پێیان بڵێت: “کاروانی خەباتی ئێوە دەبێت بەردەوام بێت”. هیچ یاسا و عورفێکی دواکەوتووانە و قسەی هەندێک کەس کە بە ناوی ئایینەوە دەدوێن، ناتوانێت ڕێگر بێت لەبەردەم سەلماندنی تواناییە سیاسی و ئیدارییەکانی ئافرەتان. ئێستا کاتی بەرجەستەبوونی ڕۆڵی ئافرەتانە لە سەرجەم بوارەکاندا. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە پێویستە ئافرەتان خۆیان گرنگی بە خۆپێگەیاندن و بەهێزکردنی تواناکانیان بدەن، چونکە بەبێ خۆدروستکردن ناتوانن بە ئامانجە باڵاکانیان بگەن.

