بەكر كەریم حەسەن
پێم خۆشە خوێنەری ئەو وتارە بن بە ڕای ئێوە جیاوازی لەو سەردەمە هێزە یان لاوازی؟
بە ڕای ئێوە گرنگە تاک هەردەم وێنەیەکی ڕاستەقینەی خۆی بێت یان دەنگدانەوەی دەوروبەرەکەی؟
(ڕالف واڵدۆ ئیمرسۆن) فەیلەسووف و شاعیری ناوداری ئەمریكی دەڵێ: “ئەوەی حەز دەکا ببێتە كەسێكی تر، ئەوەی خۆی بەفیڕۆ داوە.”
ئەو وتە و دەربڕینە لە ناوەڕۆكدا هۆشدارییەكی توند و واقیع حاڵە، كە پێمان دەڵێ كە لە هەر چركەیەكدا مرۆڤ خەریكی چاولێكەری و لاساییكردنەوەی خەڵكانی تر بێت. لە ڕاستیدا لەو چركەیەدا (خۆی) نییە و ناسنامە و كەسایەتیی خۆی فڕێ دەدات و، بزر دەبێت. لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت چاولێكەری تەنها گۆڕینی ڕەنگی قژ یان گۆڕینی شێوازی جلوبەرگ و یان كڕینی نوێترین مۆبایل نییە. بەڵكو لە ڕاستیدا جۆرێكە لە “پاشەكشێی ئەقڵ” و خۆبەكەمزانین و خۆلەدەستدان بەرامبەر ئەوانیتر.
كاتێك مرۆڤ دەستبەرداری بڕیاردانی سەربەخۆی خۆی دەبێت و ڕێگە دەدات “قسە باوەكان” و “قسەی خەڵك” كۆنترۆڵی بكەن و ئاراستەی ژیانی دەكەن. ئەو مرۆڤە چیتر بڕیاردەری سەرەكی ژیانی خۆی نییە و، شوفێری ژیانی خۆی نابێت، بەڵكو كەسێكی چاولێكەر و لاساییكردنەوەی كەسانی ترە و وەكو سەرنشینێكی بێدەنگ و مەلوول لە پاسێكدا دانیشتووە و، كەس نازانێت بەرەوكوێ دەڕوات. تەنها چاو دەترووكێنێ. ئەوەش نیشانەی بێمتمانەییە بە خۆیان كە هەردەم بە لاوازی سەیری خۆیان دەكەن. گرنگە مرۆڤ ئەوپەڕی متمانەی بەخۆی هەبێت و خۆی لا پەسند بێت و نەترسێت لە تەنیایی؛ هەرگیز وا بیر نەكاتەوە كە دەبێ وەكو ئەوانیتر بێت، پێویستە خاوەن ڕا و مەزندە و بیركردنەوە و كەسایەتیی سەربەخۆی خۆی بیت. هەرگیز نەهێڵێ سۆشیالمیدیا و نمایشكردنی ژیانی ساختە بە سەریدا زاڵ بێت. لە ڕووی قسەكردن و خواردن و پۆشینەوە هەتا دوایی.
گرنگە خاوەن كەسایەتی ڕاستەقینەی خۆمان بین و كولتوور و بەها تایبەتەكان نەكەینە قوربانی شێوازە لاساییكەرەوەكان، پێویستە كار لەسەر داهێنان و جیاوازی بەرهەم بكەین، نەك لاساییكردنەوە و چاولێكەری لێرەش ڕۆڵی پەروەردە و خێزان و ڕاگەیاندن دەردەكەوێت و، كە گرنگی بە بەهرەی تاكە كەس بدرێ و زیندووكردنەوە و، پاڵپشتیی متمانەبەخۆبوون بکەین و پەرەی پێ بدەین و، تێبگەین لەوەی جوانی لە چاولێكەری و لاساییكردنەوەدا نییە، بەڵكو جوانی لە داهێنان و بەرهەم و جیاوازیدایە.
لێرەدا پەروەردەی تەندروست و كۆمەڵگایەكی پێگەیشتوو دەبێت فێرمان بكەن كە جیاوازی و بیركردنەوەی سەربەخۆ كەموکووڕی نییە و، بەڵكو ڕەسەنایەتی و متمانەبەخۆبوونە. بەڵكو چاولێكەری و لاساییكردنەوە دەبێتە هۆی پووكانەوە و لەدەستدانی داهێنان و كەسایەتی.
بۆ زیاتر پاڵپشتی ناوەرۆكی وتارەكە دەمەوێ ئاماژە بەو چیرۆكە بكەم كە دەگێڕنەوە “شێوەكارێكی گەنج هەبوو كە تابلۆكانی زۆر سەرنجڕاكێش و ناوازە بوون، بەڵام هەمیشە سەیری شێوەكارە ناودارەكانی تری دەكرد و هەوڵی دەدا لاسایی ئەوان بكاتەوە و لە سەر ڕێچكە و ڕێڕەوی ئەوان وێنە بكێشێت. ڕۆژێكیان چوو بۆ لای مامۆستایەكی پیر و شارەزا تابلۆیەكی نیشان دا كە بەتەواوی كۆپییەكی شێوازی “ڤان كۆخ” بوو، مامۆستاكە دوای تێڕامانێكی ورد و قوول گوتی “ئەوە زۆر جوانە، بەڵام ڤان كۆخێكی لێ دیارە و هیچ (تۆ)یەكی تێدا نییە”؛ گەنجەكە بە نائومێدیەوە گوتی “مامۆستا من دەمەوێت وەكو گەورەكان بم تا خەڵك ڕێزم بگرن” مامۆستاكە ئاوێنەیەكی دایە دەستی و گوتی “ئەگەر هەموو جیهان ببێتە ئاوێنە و تەنها وێنەی یەك كەس نیشان بدات ئایا ئەو جیهانە شایانی دیتنە؟ ئەو گەنجە لەو ساتەدا تێگەیشت كە گەورەیی شێوەكارە ناودارەكان لەوەدا نەبوو وەك كەس بن، بەڵكو لەوە دابوو كە بوێری ئەوەیان هەبوو تەنها وەك (خۆیان) بن.
لەوەدا دەبێ بزانین كە جیهان پێویستی بە (كۆپی)ـی زیاتر نییە، چونكە كۆپییەكان هەمیشە نرخ و بەهایان كەمترە لە ئەسڵەكە. چاولێكەری و لاساییكردنەوەی كوێرانە جۆرێكە لە خۆكوشتنی مەعنەوی و لە ناوبردنی كەسایەتی و بزربوونی كەرامەتی فكری و داهێنان.
گەورەترین سەركەوتنی مرۆڤ لە ژیاندا ئەوە نییە ببیتە باشترین كەسی ناو كۆمەڵگا بە پێی قسە و پێوەرەكانی خەڵك. بەڵكو ئەوەیە كە بوێری ئەوەی هەبێت (خۆی) بێت لە جیهانێكدا كە شەو و ڕۆژ هەوڵ دەدات بیكا بە كەسێكی تر.
لەبیرمان نەچێت هەر كاتێك چاولێكەری دەبێتە دیاردە كۆمەڵگا دەبێتە كارگەی بەرهەمهێنانی وێنەی دووبارە. هەمیشە چاولێكەری و لاساییكردنەوە ڕێگایەكە بەرەو پووكانەوە و لە دەستدانی كەسایەتی و داهێنان.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

