رۆژنامەی ھەولێر

یەکڕیزیی کورد لە بەغدا پێویستە و ئەرکێکی نیشتمانییە

شێرکۆ حەبیب
ئەوەی هەستی پێکراوە لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەرەتاوە دژایەتی کوردستان. دەکات، تەنانەت چەند بۆچوونێکی دوور لە بڕگەکانی دەستوور و یاساکان بە ئاشکرا ئاماژەی پێکراوە، کە هەوڵ دەدەن قەوارەی هەرێم بچووک بکەنەوە، و هەرێم وەک پارێزگایەکی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکەن، و ئەگەر بۆیان برەخسێت وەک سەردەمی رژێمی گۆر بەگۆڕی پێشوو یەکە ئیدارییەکان بچووک دەکەنەوە، ساتێک دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وەک پارێزگایەک سەیر بکەن کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و پەرلەمان و حکوومەتەکەی و دامەزراوەکانی دیکەی دەستووری و یاساین، ئەمە لە کاتێکدا لە ڕووی هێرشکردنی مووشەک و فرۆکەی بێ فرۆکەوان لە لایەن میللیشیەکانی لە عێراق بەردەوامە، بە بیانوی جیا جیا دوور لەسەر هیچ بنامەیەکی دروست و راست.

ئەوەی جێگای نیگەرانی تاکی کوردە لەم هەڵومەرجە ترسناکە یەکریزی کورد بوونی نییە دژی ئەو هەڵوێستانەی دوور لە بنەمای پێکەوە ژیان و شەراکەت و دەستوور ئەو لایەنەی ناو پەرلەمانی عێراق پیادەی دەکەن.
رەنگە هەڵوێستی تاک لایانە هەبێ، بەڵام کاریگەری وەک ئەوە نییە کە هەموو یەک دەنگ بن، راستە بۆ چوون و هەڵوێستی جیاواز بوونی هەیە و ئەوەش مافی هەر لایەنێکە، بەڵام دەبێ یەک هەڵوێست بن بۆ بابەتە چارەنووسسازەکان و مافی کوردستانیان، و ئیدانە کردنی هەر کارێک یا بۆ چوونێک دژی کوردستان بێت، کاریگەری زیاتر دەبێت، هەروەک ئەو هێرشەی ئەم دواییەی ئێران کە بوو بە هۆکاری شەهید بوونی شەش پێشمەرگە و برینداری کۆمەڵێک، پارتی لەسەر ئاستی مەکتەب سیاسی و فراکیسۆنەکەی لە بەغدا ئیدانەیان کرد و هەندێک بە شەرمەوە باسیان لیکرد، بەڵام هەندێ لایەن خۆیان بێ دەنگ کرد کە نە بای دێت و نە باران، بەڵام هێرشی سەر لایەنێکی عێراقیان ئیدانە کرد کە ئەمریکا ئەنجامی دابوو، وەک لە کوردەواری خۆمان دەڵێن تا ماڵ پێویستی بێت لە مزگەوت حەرامە، هەروەها قورئانی پیرۆزیش دەفەرموێ (الاقربون اولی بالمعروف)، ئەم پەرتووبڵاوییەی کورد لە بەغدا هۆکاری ئەو زیادە رەوییە بەرامبەر کورد، ئەوەی جێگای مەترسییە ئەو دەنگۆی بڵاو بۆتەوە کەوا رێژەی یاسایی پەرلەمان واژوویان کۆکردۆتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەمەش مەترسی ئەوەیە کەسێکی غەیرە کورد بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرن، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستووری یا یاسایی یا رێککەوتنێکی یاسایی نییە بەڵکو نەبۆتە عورفیش، کە ئەو پۆستە بۆ کوردە، و هیچ بابەتێک لە عێراق دور نییە زۆر بابەتیان بە زۆرینەی دەنگ تێپەراند، کە دژی کورد بوو، بۆیە ئەگەری هەیە کەوا کەسێکی غەیرە کورد یا کەسێکی کورد نزیک لەو گروپانەی دژ بە کورد هەڵبژێرن.
بۆیە یەک دەنگی و یەکریزی کورد لە ئێستادا لە هەموو کات و ساتێکدا پێویستترە، بەتایبەتی ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیار دا تێدەپەڕێت.