خدر ئیبراهیم خدر
زۆر خەسڵەت و تایبەتمەندی هەن کە قوتابی پێی دەناسرێتەوە. بەشێکی زۆر لەو خەسڵەت و تایبەتمەندیانەش بە شێوەیەکی خۆکرد لە سروشت و بنیادی ویدا جێگیر بوونە و لە ڕووی پاشخانەوە ڕابردوویەکی زۆریان هەیە و لە ئاگایی و نائاگاییدا مومارەسەیان دەکات. بەشێکی تریشیان ئەوانەن کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و بەرکەوتنی وی لەگەڵ ئەوانی دیدا بۆی دەستەبەر دەبێت؛ بە چاوپۆشین لەوەی بەویستی خۆی وەریاندەگریت یاخود وەک پەرچەکردارێک پیادەیان دەکات. ئەو خەسڵەت و تایبەتمەنیانەش لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەندا تیر (تۆخ)تر دەبنەوە و دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهایەی کەسایەتیی ویدا. بە هەمان شێوە، دەشێت خوێندکار لە میانی هەوڵی خۆناسین و تامەزرۆیی بۆ وەدیهێنان و گەیشتن بە خواست و ئارەزووەکانی، پەنا بۆ خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی جیا لەوە ببات کە لەسەری ڕاهاتووە و لە کەسایەتیی ویدا ڕەنگی داتەوە.
بێگومان ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندیانەش کە لە چوارچێوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی و بەرکەوتن لەگەڵ ئەوانی دیدا دێتەکایەوە و قوتابی وەک وەسیلەیەک پیادەیان دەکات، دیوی ئەرێنی و نەرێنییان هەیە. بۆیە لە پیادەکردن و بەردەوامی پێدایاندا بەرەنجامی خوارزاو یاخود نەخوازراو بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
دوو لەو خەسڵەت و تایبەتمەنیانەش بریتین لە هەبوونی هەستی فیز (لەخۆباییبوون) و بەخۆداپەرموون (باوەڕبەخۆبوون). ئەگەرچی ئەو دوو خەسڵەت و تایبەتمەندییە لە واتا و پێناسە لێک جیاوازن، هەروەها لە ناواخنیشیاندا هەریەکێکیان ئاراستەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام زۆرجار لە ئەنجامی قووڵنەبوونەوە لە ناواخنیان و تێنەگەشتنی تەواوەتی لە دەلالەتە شاراوە و ئاشکراکانیان، بە لای زۆرێک لە مرۆڤەکانەوە تێکەڵ دەکرێن و بەهەڵە پێوانەیان بۆ دەکرێت. ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر وادەکات کردەی تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن بەلاڕیدا بچێت.
*
بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت هەبوونی هەستی لەخۆبایبوون لەلای قوتابی، وەک کاراکتەرێکی کارا لەناو فەزای پەروەردە و فێرکردندا، بۆ ئەو هۆکارانە بگەڕێتەوە:
– هەبوونی توانای دارایی و ماددی زیاتر لەچاو زۆرینەی قوتابییەکانی تردا، یاخود هاوپۆلەکانیدا.
– هەبوونی پاشخانی کۆمەڵایەتی تایبەت لە ڕووی ناو و ناوبانگ و عەشیرەتگەری و حزبییەوە.
– هەبوونی نزیکی و ڕایەڵەی تایبەتی لەگەڵ پەروەردەکار و فێرکارانی ناو پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، وەک ئەوەی کوڕ یاخود خزمی بەڕێوەبەر یاخود مامۆستایەکی دیاریکراو بێت.
– هەبوونی توانستی تایبەت و نائاسایی لە ڕووی تێگەیشتن لە وانەکان و بەدەستهێنانی نمرەی بەرزدا.
– بایەخپێدانی تایبەتی لەلایەن دەستەی کارگێری قوتابخانە یاخود مامۆستایانەوە و پێدانی ئەفزەڵیەتی زیاتر پێی لە چاو ئەوانی دیدا.
– هاندان و پشتگیریکردنی کەسوکارەکەی بەدیوێکی ناپەروەردەیی و نەرێنیدا کە لێیەوە فێری ئەوەببێت تەنها خۆی خۆش بوێت و لەپێناوی ئێستا و داهاتوو خۆیدا هەوڵ بدات و گوێ بە هیچکام لە ئەوانی دی نەدات.
– کەموکووڕیی جەستەیی یاخود گوفتاری یاخود هەر کەموکوڕڕیەکی تری ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ شاردنەوەی، بە فیز و لەخۆباییبوون. تاک لەو ڕێگەیەوە کار بۆ ئەوە بکات سەرنجی دەوروبەر لەسەر کەموکووڕییەکانی بۆ سەر هەستی لەخۆباییبوونەکەی بگوازێتەوە.
هەتا دوایی. . .
ئەو هۆکارانەش وا لە قوتابی دەکەن لە ڕووی ئەدگاری دەرەکی و چلۆنایەتیی مامەڵە و ڕەفتارەوە لەناو ژینگەی کۆمەڵایەتی و فێرکاریدا، ئەو نیشانانەی لێ ببینرێت و پێی بناسرێتەوە:
– زۆرتر لەدەرەوەی سروشتی خۆیی و پێکهاتەی فیزیۆلۆژییەکەیدا ڕەفتار دەکات و خۆی نیشان دەدات، واتا ڕەفتار و ئاکار و مامەڵەیەکی دەستکرد و ناسروشتی پیادە دەکات.
– لەو کاتەی حەز بە وەسف و پیاهەڵدان دەکات، لە هەمانکاتدا ئامادە نییە ڕەخنە قبووڵ بکات.
– لە ڕووی دەربڕینەوە، لەبز و قسەی ڕەقە و بە شێوەیەکی بێزارکەر مامەڵە دەکات لەگەڵ دەوروبەریدا.
– نایەوێت دان بە هەڵەی خۆیدا بنێت و لەبەرچاوی ئەوانی دیدا کەموکووڕیی لێ ببینرێت.
– ئەوانی دی پشتگوێ دەخات و زۆرتر بۆ خۆی هەوڵ دەدات.
– گیانی هاوکاری لاوازە و تەنها بەرژەوەندی خۆی لا مەبەستە و لە چاوی تاکەکەسی خۆیەوە ژیان دەبینێت.
– ئەوانی تر بە کەمتر لە خۆی چاو لێ دەکات و بە قسە و گوفتار هەوڵی شکاندنیان دەدات.
– زوو هەڵدەچێت و ناتوانێت وەک پێویست بەسەر خۆیدا زاڵ ببێت.
– ئیرەیی بە ئەوانی تر دەبات و هەستی سوپاسگوزاریی لە بەرامبەر ئەوانی تردا کەم و سنووردارە.
هەتاکو دوایی.
لە بەرامبەردا، بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ هەستی باوەڕبەخۆبوون لای قوتابی، وەک کاراکتەرێکی کارا لەناو فەزای پەروەردە و فێرکردندا، بۆ ئەو هۆکارانە بگەڕێتەوە:
– پەروەردەیەکی جوان لە ڕووی مەعنەوی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە.
– ژینگەیەکی ئارامی خێزانی و دووربوونی لە شەڕ و ئاژاوە و ناکۆکی ناو خێزان.
– نەهێشتن یاخود بەلاوەنانی کەموکووڕییە جەستەیی یاخود زەینی یاخود ماددییەکان بە پشتبەستن بە هێزی ئیمان و ئیرادە و ڕێنوێنییە خێزانییەکان.
– بەهرەمەندی لە زیرەکی و بەدەستهێنانی بەرزترین ئاست لە سەرجەم وانەکان.
– هاندان و ئامۆژگاریکردنی بە بەردەوامی لەناو دامەزراوەی خێزاندا بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت و پشتبەخۆی ببەستێت لە ڕاییکردنی ئەرک و کارەکانیدا، بەتایبەتی لە پرۆسەی پەروەردە و فیرکردندا.
– هاوڕێیەتیکردن و هەڵسان و دانیشتن لەگەڵ ئەو خوێندکارانەدا کە خاوەن خەسڵەت و تایبەتمەدییەکی لەو جۆرەن و بەگوێرەی تەمەنیان ئەزموونیان هەیە.
– تێگەیشتن لەوەی کە باوەڕبەخۆبوون و پایەداری لە ژیاندا، هۆکارێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ تێپەڕاندنی گرفت و ڕێگرییەکان و گەیشتن بە خواست و ئامانجەکان.
هەتاکو دوایی. . .
ئەو هۆکارانەش وا لە خوێندکار دەکەن لە ڕووی ئەدگاری دەرەکی و چلۆنایەتی مامەڵە و ڕەفتارەوە لەناو ژینگەی کۆمەڵایەتی و فێرکاریدا، ئەو نیشانانەی لێ ببینرێت و پێی بناسرێتەوە:
– بەگوێرەی سروشتی خۆیی و پێکهاتە فیزۆلۆژییەکەی ڕەفتار دەکات و خۆی نیشان دەدات، واتا دوورە لە خۆنواندن و ڕەفتار و مامەڵەی دەستکرد و ناسروشتی.
– ڕۆیشتن و دانیشتن و هەڵسوکەوتی سەقامگیرە و دوورە لە نمای نائاسایی.
– لە ڕووی دەربڕینەوە، لەبز و قسەی هێمن و جوانە لەگەڵ دەوروبەریدا.
– دەوروبەر ناچارە ڕێزی لێبگرێت، چونکە ئەویش ڕێزی ئەوانی تر لەبەرچاو دەگرێت.
– کەم قسە دەکات و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی هاوسەنگی هەیە.
– دەیەوێت لەڕێگەی پرسیارکردنەوە لە هەموو ئەو شتانە تێبگات کە مێشک و بیری داگرتووە، یاخود هێشتا وەڵامی بۆ پەیدا نەکردوون، یاخود لێیان تێنەگەیشتووە.
– دان بە هەڵەی خۆیدا دەنێت و ڕەخنەی شیاو و بنیانەرانەی ئەوانی دی قبووڵ دەکات.
– ترسی لە گرفت و بەربەستەکانی خوێندن کەمە و هەوڵ دەدات ژیرانە رووبەڕوویان ببێتەوە و لێیەوە ئەرک و کارەکان بەئەنجام بگەیەنێت.
– سوود لە ئەزموونی دەوروبەر وەردەگرێت و دەزانیت پێویستە بەردەوام فێر ببێت.
– خۆپەرست نییە، بەڵکو گیانی هاوکاریی هەیە و تەنها بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لەبەرچاو ناگرێت.
– بە رێزەوە لە ئەوانی تر دەڕوانێت و خۆی ناهێنێتە ئاستی ئەوەی بە قسە و گفتار هەوڵی شکاندنیان بدات.
– پشوودرێژ و ئارامگرە و زوو هەڵناچێت و توانستی زاڵبوونی بەسەر هەستەکانی و ڕەفتارەکانیدا لە ئەوانی تر زیاترە.
– دوورە لە هەستی ئیرەیی پێبردن و لە بەرامبەر ئەو چاکە و هاوکاریانەی پێی دەگات. بە ڕاستگۆییەوە هەستی پێزانین و سوپاسگوزاری دەردەبڕێت.
هەتاکو دوایی.
*
بیگومان شتێکی ئاشکرا و بەرچاوە کە ئەم دوو هەستە لای قوتابی هاوتا و چوونیەک نین لە ڕووی ئەرێنیەتی و نەرێنیەتییەوە؛ بەڵکو جیاوازییەکی گەورەیان لەنێواندا هەیە. جگە لەوەش یەکەمیان نیازی بەوەیە کاڵ بکرێتەوە و بەلاوە بنریت، دووەمیشیان نیازی بەوەیە تیر (تۆخ) بکرێتەوە و بەردەوامی پێ بدەرێت.
وەکچۆن دانپیانان بە دەرد و ناخۆشی و گرفت و کێشە لەلای مرۆڤ، بە نیوەی چارەسەر دادەنرێت، بەو پێیەی لەو میانەدا باشتر و کاراتر، برین ساڕێژ ببێت و، کێماسی و کەموکووڕی چارەسەر بکرێت، بە هەمان شێوەش درککردن و ئاگاداری لە هۆکارەکای پشت هەستی فیز (لەخۆباییبوون)ـی قوتابی، دەبێتە یارمەتیدەرێک تاکو بتوانرێت لێیەوە ئەو هەستە نەرێنییە بۆ ئەلتەرناتیڤێکی ئەرێنی بگۆڕدرێت.
هەر کۆشش و هەوڵدانێکیش لەو میانەدا بگیرێتە بەر، نیازی بە هاوکاریی دوولایەنەی هەردوو دامەزراوەی (خێزان) و (پەروەردە و فێرکردن) هەیە. چونکە بەشداریپێکردنی کەسوکاری خوێندکار لەو چارەسەرییەدا وادەکات باشتر پەی بە هۆکارەکانی هەبوونی ئەو هەستە ببرێت و پاشانیش بەشێوەیەکی هەرەوەزی هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت. لەوەش زیاتر بگۆڕدرێت بۆ هەستێکی باشتر لەوە کە هەبوونی (باوەڕبەخۆبوون)ـە لە لای قوتابی.
بەڕای من، پێویستە لە هەر هەوڵ و کۆششكێکی لەو جۆرەدا کە دەخرێتەگەر، ئەم تێبینییانە بەهەند وەربگیرێن:
– کەسێتی خوێندکار لەبەرچاو بگیرێت و ڕێ لەوە بگیرێت هەمووان بە دەستەجەمعی سەر بکەنە سەری و بە وتە و گفتاری ڕەق سەرکۆنەی بکەن.
– چەندی بکرێت بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی نموونەکانی ژیانەوە هەوڵ بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەستە بدرێت لە لای خوێندکار کە وەک خەسڵەت و تایبەتمەندییەک لە ناو فەزای قوتابخانەدا پێی دەناسرێتەوە.
– میکانیزمێکی وا بگیرێتە بەر لێیەوە قوتابی بگاتە ئەوەی درک بە نادروستیی ئەو هەستەی خۆی ببات و هاوکاتیش بە ویست و ڕەزامەندی خۆی کار بۆ ڕاستکردنەوەی بکات لە بنیادی خۆیدا.
– دوور لە چاوی هاوپۆل و قوتابییەکانی تری قوتابخانەکەی ڕێنوێنی بکرێت، چونکە شتێکی بەڵگەنەویستە هەر ڕێونێنی و ئامۆژگاریکردنێک کە لە ئامادەبوونی ئەوانی دیدا پەیڕەو بکرێت، سەرباری ئەوەی ئەگەری بەهەندگرتن و قبووڵکردنی لاواز دەبێت، هاوکاتیش پەرچەکرداری بەرامبەری لێ دەکەوێتەوە، بەو پێیەی وەک پەلاماردانی کەسێتی مەعنەوی ڕاڤەی بۆ دەکرێت. بێگومان پێچەوانەکەشی ڕاست دەردەچێت.

