رۆژنامەی ھەولێر

دیموکراسی وەکوو خەونێکی تێکشکاو

و. حەمەسەعید حەسەن
کە لە دووەمین جەنگی دونیاگرەوەدا، ئەڵمانیای نازی هەرەسی هێنا، پرسیارێک هاتە ئاراوە کە هێشتا بە دوای وەڵامدا وێڵە، چۆن گەلێکی وەک ئەڵمان، کە لە بوارەیلی ئەدەب و فەلسەفە و موزیکدا، ئەو هەموو بلیمەتەی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردبوو، فریوی خوارد و لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاکژدا، دەنگی بە سەرکردەیەک دا، کە تاقە بەهرەی گوتاردان بوو، گوتارگەلێکی پووچ و بێمانا، بە دەم هاوار و قیژەوە؟ سەیر و سەرسووڕهێن بوو، گەلێک کە بە ڕۆشنگەریدا ڕەت بووبوو، گەلێکی خوێندەوار و شارستانی، وەک مێگەل وەدووی سەرکردەیەکی نەخۆش کەوت، سەرکردەیەک ئاگری لە تەڕ و وشک و لە خۆیشی بەر دا؟

ئێستایش ئەگەری ئەوە بەهێزە، مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە و لە ئەشکەوتی سندووقەکانی دەنگدانەوە، ستەمکارێکی دیکەی وەک هیتلەر بێتە دەرەوە. ئایا گەرەنتی ئەوە چییە، بە پاساوی دژایەتیکردنی گەندەڵییەوە، یان بە ناوی چارەسەری ئیسلامییەوە، ڕژێمێکی ستەمکار لێرە یان لەوێ، لە ڕێی هەڵبژاردنەوە، نایەتە ئاراوە؟ لە هەر شوێنێک سندووقی دەنگدان هەبێت، ئەگەری سەرهەڵدانی دیکتاتۆرێکیش هەیە، لەبەر ئەوە نا، ئەم یان ئەو گەل، بۆ گۆڕانکاریی دیموکراتییانە ئامادە نییە و شیاوی ژیانێکی ئازاد نییە، بەڵکوو لە سۆنگەی فشوفۆڵیی دیموکراسییەوە کە جێی ڕژێمی ستەمکاریشی تێدا دەبێتەوە.

هێشتا دیموکراسی دەستەوسانە لە بەرانبەر وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا: دیموکراسی چی بکات بۆ ئەوەی دوژمنانی، دەسەڵات نەگرنەوە دەست؟ ئاخر هێشتا چەندان وڵاتی ئەورووپا، سەروەختی هەڵبژاردن دەکەونە بەردەم هەڕەشەی ڕاستەقینەی ڕاستڕۆی توندڕۆوە. ئەگەر دیموکراسی کوودەتای بەسەر خۆیدا کرد، ئەگەر ڕێویی دیموکراسی لە کونی خۆی هەڵگەڕایەوە، وەڵامی دیموکراسیخوازان تەنیا ئەوەیە، دەڵێن: لە بەرەنگاری بەولاوە، هیچ چارەسەرێکی دیکە شک نابەین. بۆچی دیموکراسی هێشتا هەر مەترسیی لەسەرە و چۆن دکارین پتەوتری بکەین و لە هەڕەشە بە دووری بگرین؟ دەتوانین لە سێ قۆڵەوە، بە گژ لەرزۆکی و فشوفۆڵیی دیموکراسیدا بچینەوە:

(یەکەم) لە ڕووی فەلسەفییەوە، فیکرێکی شل و شلۆق و شێواو زاڵە، کە نەک هەر بەشداریی لە بەهێزکردنی قەڵای دیموکراسیدا ناکات، بەڵکوو مەترسیی گەڕانەوەی دیکتاتۆریایش بەرهەم دەهێنێت. هابەرماس دەڵێت: (ئاوەزێکی ئامێرئاسا، کە بێ ئەوەی هیچ ڕێزێک بۆ خودی ئازادی ئینسان دابنێت، لە دەوری تەکنەلۆژیا، زانست، ئامار و زیادکردنی سامان، کۆ بووەتەوە، هۆکاری سەرەکییە بۆ لەرزۆکیی دیموکراسی و بەرەو هەڵدێر بردنی، بۆیە دەبێت چی زیاترە بایەخ بە کولتووری گوتوبێژ و پێکەوەهەڵکردن بدەین.)

کارڵ پۆپەر (١٩٠٢ – ١٩٩٤) پێی وایە، مەترسیی گەورە بۆ سەر دیموکراسی، لای دنیابینیی داخراوەوە دێت، دنیابینییەک سەرکەوتنی خۆی بە پێویست و بە مسۆگەر دەزانێت و وای بۆ دەچێت، هەموو شتێک بڕیاری لەسەر دراوە و کۆتایی پێ هاتووە، بۆیە دەرگە بە ڕووی هەموو ئەگەرێکی دیکەدا کڵۆم دەدات، هەرچەندە کۆمەڵ بەردەوام پێویستی بەوەیە، بیر لە ڕێگەچارەی جیاواز بکاتەوە و ملکەچی لۆگیکی کۆمەڵێک ئەگەر بێت، نەک لۆگیکی تاقە ئەگەرێک، نەک تەنیا چارەسەرێک کە گوایە لە گیرفانی ئەم یان ئەو لایەن دایە.

شتراوس (١٨٦٤ – ١٩٤٩) بە گژ تێزی ڕێژەییبوونی بەها و پێوانەکاندا دەچێتەوە، ئاخر پێی وایە دۆخەکە وای لێ هاتووە، بە پاساوی ئەوەی بەهاکانی عەقڵانیبوون و پێوانەکانی دادپەروەری، لەنێو مرۆڤایەتیدا هاوبەش نین و هەر کولتوورە بەها و پێوانەی جیاوازی خۆی هەیە، ناچار کراوین، ڕێز لەو بەها و پێوانە جیاوازانە بگرین، تەنانەت لەبارەی زەبروزەنگ و تاوان و ئەفسانەیشەوە، ناتوانین قسەی کاربڕ بکەین و بە گژیاندا بچینەوە.

میشیل فۆکۆ (١٩٢٦ – ١٩٨٢) کە دەیگوت، ئەرکی فەلسەفەی هاوچەرخ ئەوەیە، خۆی لەبن دەستی هیگڵ (١٨٧٠ – ١٨٣١) قوتار بکات، مەبەستی ئەوەبوو، خۆی لەژێر چنگی مۆدێرنێتەی نەریتخواز ڕزگار بکات کە بایەخێکی ئەوتۆی بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ نەداوە و نادات. ئەو بایەخپێنەدانەیش زادەی هەژموونی دەسەڵاتی حەقیقەتە لەنێو فەلسەفەی نوێدا، کە بووە بە سەرچاوەی ستەمکاری و هەڕەشە لە سیستەمە نوێیەکان دەکات.

ئەو لێکدانەوە نوێیانەی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا بۆ فەلسەفەی نیتشە (١٨٤٤ – ١٩٠٠) کراون، وەک خاڵێکی وەرچەرخان وان، بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی، لەسەر بناغەی ڕزگارکردنی ئینسان لە دەسەڵاتی حەقیقەت. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، نیتشە یەکەم فەیلەسووف بوو، چەمکی حەقیقەتی وەلا نا و چەمکی مانای لە جێی دانا، ئاخر پێی وابوو، حەق لە حەقیقەتدا نییە، لە ماندایە و ملدان بۆ مانا، دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ دیموکراسی. بۆچی وای دەگوت؟ (١) چونکە حەقیقەت ددان بە جیاوازی و فرەییدا نانێت، بەڵام مانا هەڵگری جیاوازی و فرەیییە. (٢) چونکە حەقیقەت وەک ئەرکێکی لەسەرەوە هاتوو، بەسەر خەڵکدا دەسەپێنرێت، بەڵام مانا سەپاندنی تێدا نییە، هەر کەسە و خۆی دەیدۆزێتەوە و پێی دەگات. (٣) چونکە حەقیقەت بەبێ هیچ هەوڵێکی زەینیی ئینسان، پێشوەخت لەسەر عەرشی خۆی ڕۆ نیشتووە، بەڵام مانا زادەی لێکدانەوەی ئینسانە. لەبەر ئەو هۆکارانە، گۆڕینی چەمکی حەقیقەت بە چەمکی مانا، وەرچەرخانێکی فەلسەفییە لە قازانجی سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی دیموکراسی.

(دووەم) لە ڕووی سیاسییەوە، شلۆقی و فشوفۆڵیی دیموکراسی لەوەدا ڕەنگ دەداتەوە کە زۆرینەیەکی دیاریکراو، دەتوانێت دەست بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا بگرێت و بە دامەزراوەییکردنی دەوڵەت، بخاتە بەر هەڕەشەی مەترسییەکی ڕاستەقینەوە، ئەوسا ئیدی کرانەوە بە ڕووی جیاوازی و فرەییدا، دەبێتە وەهم. هەنووکە لە خۆرئاوا، بۆ ڕێگەگرتن لە هەڵگەرانەوەی دیموکراسی لە خۆی، پشت بە گەلێک ڕێگەچارە دەبەسترێت، لەوانە:

(١) جیاکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی دەسەڵاتەکان لە یەکدی، تا زۆرینە بە پاساوی ئەوەی زۆربەی دەنگەکانی هێناوە، دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتەکاندا بە مافی ڕەوای خۆی نەزانێت، ئاخر ئەگەر زۆرینە دەستی بەسەر هەموو دەسەڵاتەکاندا گرت، بەوە دەرگە بە ڕووی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا دادەخات.
(٢) پێویستە بەگوێرەی دەستوور، مافەکانی ژنان و کەمینە نەتەوەیی، ئایینی، سیاسی و کولتوورییەکان دابین بکرێت.
(٣) پێویستە دەسەڵاتی دادوەری هێندە سەربەخۆ بێت، توانای ئەوەی هەبێت، بوێرانە چاودێریی دوو دەسەڵاتەکەی دیکە، یاسادانەر و جێبەجێکار، بکات.
(٤) هەڵبژاردنەکانی سەرۆک و پەرلەمان و شارەوانییەکان، هەموویان پێکەوە نەکرێن، بەڵکوو ماوەی گونجاو لە نێوانیاندا هەبێت، ئەگەرنا، ئەگەری ئەوە بەهێزە، تووشی شۆکی هەڵبژاردن ببین، کە بریتییە لەوەی لایەنێک لە ساتەوەختێکدا، دەست بەسەر هەموو دەزگاکانی دەوڵەتدا بگرێت.

(سێیەم) لایەنێکی لاوازی دیکەی دیموکراسی، پێوەندیی بە سایکۆلۆژیای جەماوەرەوە هەیە، کە دەشێت لەناکاو وەک مێگەل دوای کۆمەڵێک دروشمی گشتگیری عەوامفریودەرانە بکەوێت، لەو دروشمە بریقەدارانەی ڕەوتە ڕاسیست و ئیسلامییەکان بڵندیان دەکەنەوە. بۆ ئەوەی تاک نەبێتە ئامێر بە دەست پۆپولیستەکانەوە و دیموکراسی بە زیانی دیموکراسی نەشکێتەوە، پێویستە بەردەوام بایەخ بە ئازادیی ڕەخنەگرتن بدرێت، خەڵک هان بدرێن پۆزەتیف بیر بکەنەوە و ڕێز لە فرەیی و جیاوازی بگرن.

ڕووی نەداوە، حیزبێک بڕوای بە بەهاکانی خێڵ هەبووبێت و لەناکاو لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکەوە، دەستبەرداری ئەو بەها دێرینانەی خۆی بووبێت، بڕوای بە دیموکراسی هێنابێت و ملی بۆ ئەنجامی دەنگدانێک کەچ کردبێت کە لە قازانجی لایەنێکی دیکە شکا بێتەوە، بۆیە ئەوە لوتکەی گەوجایەتییە، پێمان وابێت، بە زەبری کۆکردنەوەی دەنگ، بەڕە لەژێر پێی حیزبی ستەمکاری وەها ڕادەکێشین و ناچاری دەکەین مل بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات بدات.

چەرچڵ (١٨٧٤ – ١٩٦٥) دەڵێت: (دیموکراسی سیستەمێکی خراپە، بەڵام خراپەی لە هی هەموو سیستەمەکانی دیکە کەمترە.) دیموکراسی بێ خەوش نییە، بەڵام گەلێک لە ڕژێمەکانی وەک ئۆتۆکراسی، دیکتاتۆری، ئۆلیگارکی، یان شوورا باشترە. هەرچەندە دیموکراسی لە ڕژێمە ستەمکار و سەرکوتکەرەکان ئینسانیترە، بەڵام با هێندە گەشبین و خەیاڵپڵاو نەبین، وای بۆ بچین، بە تونێلی دیموکراسیدا دەگەینە دادپەروەری و یەکسانی. ئەو پێشبینییەی مارکس (١٨١٨ – ١٨٨٣) کە دەیگوت: پرۆلیتاریا لە هەناوی سەرمایەداریدا گەشە دەکات و گۆڕ بۆ ڕژێمەکە هەڵدەکەنێت، نەهاتە دی، بەڵام ئەوەی کە دەیگوت: (ئەوە پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانن، شێوازی سیستەمی سیاسیی دیاری دەکەن،) هێشتا تێزێکی زیندووە و ڕاستیی لێ دەچۆڕێت. جەللادی دیموکراسی، بازاڕی ئازادی جیهانییە کە لە دەروونی سیستەمی سەرمایەدارییەوە سەری هەڵداوە و هەژموونی ڕەشی خۆی، بەسەر مرۆڤایەتیدا سەپاندووە. لە گەلێک شوێن، هەژاران خەونی خۆیان بە بزووتنەوە ئایینییەکانەوە گرێ داوە، هەرچەندە سیستەمی تیۆکراسی هەرگیز لە خزمەتی چەوساوەکاندا نەبووە.
*
(*) سعید ناشید، هشاشة الدیمقراطیة، الإتحاد الثقافي، جریدة الإتحاد ١٧/٤/٢٠١٤ شرکة أبوظبي للإعلام.
ئۆتۆکراسی: فەرمانڕەواییی کەسێکی ستەمکار کە دەسەڵاتێکی بێسنووری هەبێت.
ئۆلیگارکی: ڕژێمێک چەند کەسێک یان خیزانێک بەڕێوەی ببەن.
تیۆکراسی: ڕژێمێک لەسەر بناغەی ئایین ڕۆ نرابێت.