رۆژنامەی ھەولێر

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ گەیشتە چیک

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەسەر بنەمای بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی وەزیری کشتوکاڵی وڵاتی چیک گەیشتە ئەو وڵاتە، شاندەکە پێکهاتووە لە ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئاو، بەڕێوەبەرانی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، بەنداوەکان، سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، بە یاوەریی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بواری ئاو، کشتوکاڵ، سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری.

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دیدارێکی تایبەت لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی چیک ئەنجام بدرێت، هەروەها کۆڕبەندێکی کشتوکاڵی بۆ کۆمپانیاکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی چیک بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیر ڕێکبخرێت.
هاوکات لە کارنامەی سەردانەکەدا چەندین بەسەرکردنەوەی مەیدانی لە بواری کشتوکاڵ، پۆند، بەنداو، چۆنیەتیی ئیدارەدانی ئاو، سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ئەنجام دەدرێن، ئەم سەردانەش بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ڕەخساندنی هەلی کار، سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی یەکتر و دەستەبەرکردنی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنانە لە سەرجەم بوارەکاندا.