رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر هەنگاوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو خێراتر کراون

دوای شەپۆلی بەخووڕی بارانبارینی ماوەکانی ڕابردوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی مەترسییەکانی لافاو هەنگاوەکانی خێراتر کردووە و لە ئێستادا زیاتر لە ٤ پرۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ کاریان تێدا دەکرێت و دەیان ئاوەڕۆ و ڕێچکەی ئاوی خاوێن دەکرێنەوە.

ئێستا له‌ شاری هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و ستراتیژیی ئاوه‌ڕۆ به‌ مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ریی كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی زیاده‌ی باران و لافاو، له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندان، یه‌كێك له‌و پڕۆژانه،‌ دروستكردنی ئاوه‌ڕۆیه‌كه‌ له‌ نزیك پڕۆژه‌ی شەقامێكی ٦٠مه‌تری لە نێوان شەقامی ١٢٠مه‌تری و ١٥٠مه‌تریی هه‌ولێر.
ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی و ژێرخانی ئاوەڕۆیە به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی شەقامەکە و ناوچەکانی دەوروبەری لە مەترسیی لافاو جێبه‌جێ ده‌كرێت كه‌ کۆتایی بە کێشەی لافاو بۆ نێو ماڵی هاووڵاتییانی ئه‌و سنووره‌ ده‌هێنێت.
ئێستا کارکردن لەم پڕۆژەیەدا لە قۆناغی داڕشتن و تەواوکردنی سەقفی ئاوەڕۆی بۆکسی تاک دایه‌ و‌ کۆنکرێتەکە قۆناغ بە قۆناغ ڕێک دەخرێت و بەرەو کۆتایی دەچێت.
لەلایەکی دیکەوە، كاركردن له‌ پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئاوه‌ڕۆیه‌ك له‌ شاری هه‌ولێر گه‌یشته‌ قۆناغی کۆنکرێتکردنی بناغە (Lean Concrete) كه‌ پڕۆژەیەکی ژێرخانی ئاوەڕۆیە و کاریگەریی مەترسیی لافاو کەم دەکاتەوە.
ئەم قۆناغەی پڕۆژه‌كه‌ مەودای نێوان وێستگەی (Sta. 0+920) تاوەکوو وێستگەی (Sta. 1+100) بە درێژیی (١٨٠) مەتر لەخۆدەگرێت، وەک ئامادەکارییەکی سەرەکی بۆ قۆناغەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
جگه‌ له‌م پڕۆژه‌یه‌، ئێستا چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی ئاوه‌ڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندان و كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی لافاو و كۆبوونه‌وه‌ی ئاوی زیاده‌ی باران ده‌بێت.
هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژەی دانانی ئاوەڕۆیەکی لوولەیی و کردنەوە و فراوانکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان بۆ پێشگرتن لە کۆبوونەوەی ئاوی زیادەی باران و لافاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سێ سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە هەولێری نوێش کاری تێدا دەکرێت.
هەروەها کارەکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سندووقی و لوولەیی کۆنکرێتی شیشدار لە گەڕەکی باغلومنارەی هەولێر بەردەوامە و ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی ژێرخانی ئاوەڕۆ بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی باران و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و ڕێکخستنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆی گەڕەک و شەقامە سەرەکییەکان.
پێکهاتەی پڕۆژەکە بریتییە لە ئاوەڕۆیەکی سندووقی بە درێژیی (٥،٤٨٠م .د ) بە چاوە و قەبارەی جیاواز، لەگەڵ ئاوەڕۆیەکی لوولەیی بە درێژیی (٢٣،٥٠٠م.د) بە تیرەی جیاواز و جۆگەی کراوە بە درێژیی (٢،٥٠٠م).
ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی شاری هەولێر لە سێکتەری ئاوەڕۆ و پاراستنی ناوچەکانی دەوروبەری لە مەترسییەکانی لافاو لە وەرزی بارانباریندا.
ئەم هەوڵانە لەگەڵ ئەوەشدا دێن، ڕۆژانە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانییەکان بەردەوامن لە هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان و لە ماوەی درێژخایەنیشدا هەوڵەکان بۆ ئەوەن ڕێڕەوی ئاوەڕۆی شاری هەولێر بە تەواوی بگۆڕدرێن و فراوانتر بکرێن.