رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان بووە هەناردەکاری ئالیک

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات ھەنگاوی گەورەی ناوە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دەرەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڕی پێنج ھەزار تۆن ئالیک بۆ تورکیا و سووریا، ڕەوانە کراوە.

گرنگیدانی حکوومەت بە کەرتی کشتوکاڵ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەھێزکردنی ئابووری، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و ھاوردەکردن، حکوومەت بە ئامانجی بووژانەوەی ئەم کەرتە، پشتیوانییەکانی لە چەندین ڕێگەی سەرەکییەوە پێشکەش دەکات.
پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی، سەپاندنی باج لەسەر بەرھەمی ھاوردەکراو و قەدەغەکردنی کاتیی ھاوردەکردنی ھەندێک بەرووبووم لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی خۆماڵیدا، بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران.
بە سەدان ھەزار تۆن، ھەنار، ھەنگوین، سێو، ترێ، سماق، برنجی کوردی و تەحینی ئامێدی ڕەوانەی بازاڕەکانی کەنداو وەک ئیمارات، ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دەکرێن.
جگە لە بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی ھەناردەکردنی کەرەستەی کواڵێتی بەرزی وەک شیش، چیمەنتۆ، کەرپووش، کێبڵ، موبلیات و کەلوپەلی ناوماڵ بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر.
بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان ھەولێر و بەغدا، کێشەی ڕێگری و ڕەوانەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ھەرێم بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە تەواوی چارەسەر کراوە، ئەمەش دەرگایەکی گەورەی بۆ جووتیاران کردووەتەوە.
هەناردەکردنی 5 هەزار تۆن لە ئالیکی بەرهەمهێنراوی کارگە و پڕۆژەکانی ناوخۆ بۆ وڵاتانی سووریا و تورکیا، لە چوارچێوەی زیادبوونی ژمارە و رێژەی کارگە و پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئالیک لە هەرێمی کوردستان و پشتیوانییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دێت، بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی پتەو وەک پاڵپشتییەکی کاریگەر بۆ سامانی ئاژەڵ. رایگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی پڕۆژەکاندا بڕی بەرهەمیش زیادی کردووە، بە جۆرێک دانەوێڵە و بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ دەکڕدرێتەوە و دوای سازکردن و ئامادەسازی لە کارگەکانی ئالیک، رەوانەی دەرەوە دەکرێت و بەشێکیشی رۆژانەش بۆ ناوخۆی عێراق هەناردە دەکرێت.
لە سنووری پارێزگای هەولێردا 29 پڕۆژەی ئالیک هەن و لە ژێر چاودێری و پشتیوانیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێردان. هەروەها تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ بەردەوام سەردانی پڕۆژەکان دەکەن و رێنماییان پێ دەدەن بۆ ئەوەی شێوازی بەرهەمهێنان لە ستانداردی جیهانی دەرنەچێت، ئەمەش وای کردووە خواستێکی زۆر لەسەر ئالیکی هەرێمی کوردستان هەبێت.
لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، سەرەڕای پشتیوانییەکانی حکوومەت بۆ پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ، کارگەکانی ئالیک بەشێک لە پێکهاتە ئالیکییەکان بە لێخۆشبوونی گومرگی (بەبێ گومرگ) هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەمەش وای کردووە نرخەکەی سەقامگیر و بەراورد بە ناوچەکە و وڵاتانی دەوروبەر هەرزانتر بێت، و لە وڵاتانی تورکیا، سووریا و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقەوە بەردەوام خواستی لەسەر بێت.
باس لەوەش دەکات، لەگەڵ زیادبوونی پڕۆژەکانی ئالیکدا، ژمارەی پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵیش لە زیادبووندان، و هاوشێوەی پڕۆژەکانی هێلکە و گۆشتی مریشک کە گەیشتوونەتە قۆناخی خۆبژێوی، لە بەرهەمهێنانی ئالیکیشدا گەیشتوونەتە قۆناخی خۆبژێوی و ئێستا زیاتر لە پێداویستیی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داتاکانی تایبەت بە کارگە و بەرهەمهێنانی ئالیک بەم شێوەیەن، 48 کارگەی فەرمی دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئالیک لە هەرێمی کوردستاندا هەن، ئەو کارگانە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار تۆن ئالیکیان هەیە (بۆ پەلەوەر، ئاژەڵ و ماسی)، ئەمە لە کاتێکدایە پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئالیک کەمتر لە یەک ملیۆن تۆنە.