ڕائیب جادر – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران لەسەر داواکاریی کەسوکاری شەھیدان، بڕیاری دا ئەو یەکانەی پێشتر بۆیان دروست کرابوون، تێکبدرێن و لە بری ئەوە خانوویان پێ بدرێت.
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دوای ئەوەی کەسوکاری شەھیدان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گلەییان لە دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوەی یەکە ھەبوو، داوایان کردبوو بۆیان بگۆڕێت بۆ خانوو.
باسی لەوەش کرد، لەسەر داوای ئەوان بڕیار درا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت و شوقەکان تێکبدرێن.
ئاشکراشی کرد، ئێستا کارەکانی پڕۆژەی “شاری شەھیدان” لە سۆران زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، ئەویش ١٦٠ خانوو لەخۆ دەگرێت و ھەر خانوویەک لەسەر ڕووبەری ٢٠٠ مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی شاری شەھیدان دەکەوێتە سەر شەقامی ٤٠ مەتری نوێ و شوێنێکی ستراتیجیی سۆرانە، ھاوکات بەگوێرەی پلانەکان لە داھاتوودا شارەکە بە سەوزایی و باخچەی گشتی دیزاین دەکرێت، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ کەسوکاری شەھیدان.
