رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەچێتە ئیمارات

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی 25 بازرگانی شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) سەردانی میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات) بکات، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ژوورە بازرگانییەکانی دوبەی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووریی.

بە وتەی گەیلان حاجی سەعید ، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ، ئامانجی سەرەکیی لە بەشداریکردن لەم کۆڕبەندە، دروستکردنی پردی پەیوەندی و هاوبەشیکردنی بازرگانانی هەرێمی کوردستان و دوبەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕۆژەی هاوبەشی بازرگانی و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن”.
گەیلان حاجی سەعید، لە لێدوانێکدا ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان، خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی ئیمارات ئەنجام دەدرێن، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە لە بواری ئابووری و پیشەسازیدا.
لەگەڵ گەشەی کەرتی کشتوکاڵ و ڕێگاوبان و تەندروستی و پەروەردە، کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بووژاوەتەوە و جگە لەوەی دەیان هەزار هەلی کاریان ڕەخساندووە بەشێک لە کارگە پیشەسازییەکان بەرهەمەکانیان ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ بوو، بووژانەوەی کەرتی پیشەسازی رۆڵێکی کارای لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات هەیە، هاوکات هەزاران دەرفەتی نوێی کاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان رەخساندووە.