رۆژنامەی ھەولێر

ژمارەیەک پەرلەمانتار سەرجەم فراکسیۆنەکان بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشت دەکەن

ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم ئەندامەکانی کرد بۆ ئەوەی ئامادەی دانیشتنی داهاتوو بن.
دیوانی پەرلەمان ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەکە بۆ مەبەستی تەواوکردنی خاڵەکانی دانیشتنی یەکەم لە خولی پاییزەی ساڵی یەکەمی خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
لە بەشێکی دیکەی بانگهێشتنامەکەدا روونکراوەتەوە، دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 04ـی
تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەدەچێت. دیوانی پەرلەمان داوای لە هەموو ئەندامان کردووە لە کاتی دیاریکراودا بۆ دانیشتنەکە ئامادەبن.
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی و یاسایی بووەتەوە، بەتایبەتی لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا. پێشتر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە کراوەیی هێڵدرابووەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیبوو لەسەر دیاریکردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بگەنە رێککەوتن.
بەپێی یاسا، دەبێت پەرلەمان لە یەکەم دانیشتنیدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، بەڵام بەهۆی ململانێکانی نێوان هێزە سیاسییەکان و نەبوونی لێکتێگەیشتن لەسەر پۆستە باڵاکان، پڕۆسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ دواکەوت.