رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: عەلی فالح ئەلزەیدی، پێشوازیی لە سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد و تاوتوێی چەندین دۆسیەی جێی بایەخی هاوبەش کرا، لە سەرووی هەموویانەوە خزمەتگوزارییەکان، پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند بڕگەیەکی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە، حکوومەت لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا توانیویەتی لە چوارچێوەی بارودۆخێکی ئابووری و نێودەوڵەتیی ئاڵۆزدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری ببێتەوە، هاوکات جەختی لە بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەدواداچوون بۆ تێوەگلاوان و وشککردنی سەرچاوەکانی کردەوە، لەگەڵ چارەسەرکردنی دۆسیە ئابوورییەکان لە ڕێگەی گەشەپێدانی داهاتە نانەوتییەکان و داڕشتنی پلانێک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو سەرچاوەکانی دەوڵەت بەهێز بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، عەلی ئەلزەیدی داوای لە پەرلەمانتاران کرد ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریی خۆیان بگێڕن و بەشدار بن لە پەسەندکردنی یاسا گرنگ و بنەڕەتییەکان، هەروەها پەرۆشیی حکوومەتی دووپاتکردەوە بۆ دەستەبەرکردن و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی تەواوی وەزارەت و پارێزگاکانی دیکە، لە پاڵ کارکردن لەسەر داڕشتنی ناسنامەیەکی ڕوون بۆ ئابووریی عێراق بەپێی ڕوانگەیەکی پێشکەوتوو.

لای خۆیەوە، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، پشتیوانیی فراکسیۆنەکەی بۆ هەوڵە چاکسازییەکانی حکوومەت لە بوارە جیاوازەکاندا دووپاتکردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پەرۆشیی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پابەندبوون بە دەستوور و یاساکان تاوەکو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بێت و هەڵوێستەکانی سەرۆکوەزیرانی بەرامبەر بە دەستەبەرکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بەرز نرخاند.