رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٢٨٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە بۆ ئەوەی هەموو خێزانێک بەرمیلێک نەوتی پێ بدرێت

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە پەنجا ملیۆن لیتر نەوتی سپی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بەڵام ئەمە تەنیا لەسەدا هەژدەی پێویستییەکانی کوردستان بە نەوتی پێ دابین دەکرێت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە گوشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی مافی تەواوەتیی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی دابین بکات.

رۆژی یەکشەممە عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێنمایی دا بە دابەشکردنی پشکی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان. دوای بڕیارەکەی عەلی زەیدی، باسم محەمەد خزیر عەبادی وەزیری نەوت، ڕێنمایی دایە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان پەلە بکات لە گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بۆ دابینکردنی بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان .
بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە ڕەوانەکردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت کە لە قۆناغی یەکەمدا بڕەکەی پەنجا ملیۆن لیترە و ئەمەش بەشی هەموو هەرێمی کوردستان ناکات.
ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێت هەر خێزانێک بەرمیلێک یان دووسەد و بیست لیتری پێ بدرێت ئەوا ئەو پەنجا ملیۆن لیترە بەشی دووسەد و بیست و حەوت هەزار خێزان دەکات.
بڕیارەکە لەم قۆناغەدا کە سەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە بەبڕیارێکی گرنگ دادەنرێت هەرچەندە دەبوایە ئەو نەوتە بەر لەوەی بدرێت بە دانیشتوانی پارێزگاکانی عێراق سەرەتا لە هەرێمی کوردستان و لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش کرابا چونکە لەو ناوچانە سەرما هەر لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پاییز دەست پێ دەکات.
مانگێکە م سەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و بەشێک لە خێزانەکان سۆبایان داناوە و تەنانەی بەشێک لە خەڵک هانایان بۆ دانانی سۆبای دار بردووە، چونکە نرخی نەوت ئەوەندە گرانە لە توانای هەموو کەسێکدا نییە دابینی بکات و کارەباش بۆ ئەوە شیاو نییە بۆ مەبەستی گەرمکردنەوەی ماڵ بەکار بهێنرێت.
هەفتەی ڕابردوو نرخی هەربەرمیلێک نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان تەنانەت بۆ زیاتر لە سێسەد و بیست هەزار دینار هەڵکشا، بەڵام چەند ڕۆژێکە بە تایبەتی لە ژێر کاریگەریی بڕیاری دابەشکردنی نەوتی سپی دابەزیوە.
هەرێمی کوردستان پێویستی بە دووسەد و هەشتا ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە بۆ ئەوەی هەموو خێزانێک بەرمیلێک نەوتی پێ بدرێت. ئەو نەوتەی حکوومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات تەنیا لەسەدا هەژدەی کۆی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدێنێت.
ساڵی ڕابردووش حکوومەتی فیدراڵی تەنیا پەنجا ملیۆن لیتر نەوتی نارد و ئەوەی دیکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستاندا دابەشی کرد.
دوابەدوای بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ ڕەوانەکردنی پەنجا ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە هەموو هەوڵێکی خۆیان بەگەڕ دەخەن بۆ ئەوەی پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرز بکەنەوە و نەوتی زیاتر ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
بەپێی دەستوور ئەوا ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە سووتەمەنییەکانی وەک نەوت و بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات. ڕاستە بۆ پرسی بەنزین هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پەنجا هەزار بەرمیل نەوتی بۆ دابین کراوە بەڵام بۆ نەوتی سپی هیچ بڕێک دیاری نەکراوە و ئەو پەنجا هەزار بەرمیل نەوتەش تەنیا بەشێک لە پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەنزینی پێ دابین دەکرێت کە حکوومەت لە ڕێ کارتی ئەلیکترۆنییەوە بەسەر شۆفێراندا دابەشی دەکات و هەفتانە بۆ هەر کارتێک چل لیتر بە ئۆتۆمبێلەکان دەدرێت.
لەگەڵ گەیشتنی نەوتی سپی بە هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی لە ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت و ناوچەکانی دیکە چاوەڕوانن بەر لەوەی شەپۆلی سەرما دەشتاییەکان بگرێتەوە نەوت بۆ ئەوانیش دابین بکرێت.