لە چوارچێوەی ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کارکردن لە قۆناغی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی گەلی عەلی بەگ بەردەوامە و تا ئێستا ٤٠%ـی کارەکانی تەواو بووە.بەرپرسانی ناوچەکەش دەڵێن، ئیدارەی سۆران ٥٤٠ پڕۆژە و سەیرانگە و ناوچەی گەشتیاری لەخۆدەگرێت.
لە چوارچێوەی ماستەرپلانی پڕۆژەی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی گەلی عەلی بەگ کە بەسەر سێ قۆناغدا دابەشکراوە، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ئێستادا کارکردن لە قۆناغی یەکەمدا بەردەوامە و ھێشتا بەتەواوی کۆتایی نەھاتووە.
تاڤگەی عەلی بەگ شێواز و دیزاینەکەی دەگۆڕدرێت، بەشێوەیەک گەشتیاری زیاتر پەلکێش بکات و سەرنج ڕاکێش بێت و زۆرترین ھەلی کار دەڕەخسێندرێت، چەندین ھۆتیلی بێ وێنە دروست دەکرێت و تەلەفریکێکی مۆدێرن ھەر سێ قەزای خەلیفان و سۆران و ڕواندز بەیەک دەبەستێتەوە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەوڵەمەندە بە ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتیاری، بەجۆرێک ٥٤٠ پڕۆژە و سەیرانگە و ناوچەی گەشتیاری لەخۆدەگرێت و ٣٥% ـی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنن و بووەتە یەکێک لە ناوچە ھەرە گرنگەکانی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان.
لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کابینەی نۆیەم بەم کەرتە و جێبەجێکردنی ماستەرپلانی گەشتیاری لە سۆران کە لە ھاوینەھەواری بێخاڵەوە دەستی پێکردووە، چەندین پڕۆژەی گرنگ ئەنجام دراون یان لە جێبەجێکردندان.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاریی گەلی عەلی بەگ دابەشی سەر سێ قۆناغ کراوە، ٤٠%ی کارەکانی قۆناغی یەکەم تەواو بووە و کارکردنیش تێیدا بەردەوامە، لەدوای تەواوبوونی ئەم قۆناغەش، دەستبەجێ کارەکانی قۆناغی دووەم و سێیەم دەستپێدەکات.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بە ھۆکاری دواکەوتنی کارەکان کرد و ڕوونیکردەوە، قۆناغی یەکەم سەخت و قورس بووە، چونکە بەھۆی بارینی بەفر و بارانێکی زۆرەوە لە وەرزی ڕابردوودا، کارکردن تێیدا بۆ ماوەیەک وەستا بوو.
جێبەجێکردنی ئەم ماستەرپلانە کە لە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠٢٥ـەوە دەستی پێ کردووە، بە تەواوبوونی دەبێتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و گرینگترین پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی دەبێت لە بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و ئابووریی ناوچەکەدا.

