رۆژنامەی ھەولێر

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کونسوڵگەری گشتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کرد

لە چوارچێوەی بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە تۆم برۆملی و خاتوو هاریەت بێڵ، لە کونسوڵگەری گشتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە هەولێر کرا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، هوشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی لە تۆم برۆملی کرد بە بۆنەی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی بەشی سیاسی لە کونسوڵگەری گشتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، وەک جێگرەوەی خاتوو هاریەت بێڵ، و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەکانی.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی خاتوو هاریەت بێڵ کرد بەرامبەر بە هەوڵ و ڕۆڵی لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە پێشخستن و بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگییە دیپلۆماسییەکان، ئومێدی سەرکەوتنی زیاتر لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی داهاتوودا بۆ خواست.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سیوەیلی و شاندی میوان ڕا و بۆچوونیان دەربارەی دوا پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد. لەم چوارچێوەیەدا تیشک خرایە سەر زیادبوونی گرژی ئاڵۆزیە هەرێمایەتییەکان و ئەو مەترسی و ئاستەنگانەی کە دەتوانن کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر سەقامگیری سیاسی، ئاسایشی گشتی، گەشەی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بۆچونی و سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەو بارەیەوە خستەڕوو، پارتی باوەڕی وایە پێویستە پەنا بۆ دیالۆگ و تێگەیشتن لەسەر کۆی جیاوازی و ناكۆكیەکان ببرێت. هەرێمی كوردستان بەشێک نیە لەو ململانێ و ناكۆكیانە و نابێتە بەشێکیش لێی و سیاسەتی ئێمە ڕوونە ئەویش ڕێز گرتنە لە خواست و قبوڵکردنی یەکتر لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا.
هەروەها، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسە هەڵواسراوەکان کە هێشتا چارەسەری کۆتاییان بۆ نەدۆزراوەتەوە، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان بوون. بە تایبەتی، باس لە پرسی بودجە، پابەندبوون بە ئەرک و دەستووری مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، و گرنگیی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بەردەوام کرا، بە شێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن و سەقامگیری سیاسی و ئابووری عێراقیش بەهێز بکرێت.
لە هەمان کاتدا، دۆخی سیاسی و ئەمنیی شەنگال و ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچەیە، لەگەڵ ڕۆڵ گرووپە چەکدار و میلیشیاکان لەسەر سەقامگیری و دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکان، بە وردی خرایە بەر باس. لەم پەیوەندییەدا، ڕوانگە و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانمان دەربارەی پێویستیی ڕێزگرتن لە دەستوور، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسییەوە خستەڕوو.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت لەسەر ئەوە کردەوە کە سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق تەنها بەرژەوەندییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە ئاسایش و سەقامگیری گشتیی ناوچەکە. بۆیە پێویستە ناکۆکییە سیاسییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ، ڕێزگرتن لە بنەما دەستوورییەکان و هاوکاریی دامەزراوەیی چارەسەر بکرێن و ڕێگە نەدرێت گرژییە هەرێمایەتییەکان ببنە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، گرنگیی بەردەوامی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەگەڵ کونسوڵگەری گشتی شانشینی یەکگرتوو بەریتانیا دووپات کرایەوە، بە مەبەستی بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش، فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە.