رۆژنامەی ھەولێر

لە دھۆک نزیکەی شەش ھەزار خانوو بەشێوەی زێدەڕۆ دروست کراون

پرۆسەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە شاری دھۆک بەردەوامە و تا ئێستا لە کۆی شەش ھەزار خانووی زێدەڕۆ نزیکەی ھەزار خانوو تاپۆ کراون.

لە شاری دھۆک نزیکەی شەش ھەزار خانوو بەشێوەی زێدەڕۆ دروست کراون کە زۆربەیان دەکەونە ڕۆژھەڵاتی شارەکەوە، ماوەی پێنج ساڵە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری تاپۆکردنی ئەو خانووانەی داوە و پرۆسەکەش دەستیپێکردووە، لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا نزیکەی ھەزار خانوو بە فەرمی لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆکراون و کێشەی نیشتەجێبوونیان چارەسەر کراوە.
ھاووڵاتییانی ئەو گەڕەکانەش، دەڵێن، چەندین ساڵە چاوەڕێ بووین تا خانووەکانی ئێمە تاپۆ بکرێن و لەو دڵەڕاوکێیە ڕزگار بین، ئێستاش کە تاپۆکراون سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین کە ئێستا بووینە خاوەن خانووی خۆمان.

شێروان حەسەن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لەگەڵ تاپۆکردنی خانووەکاندا، ھەژماری ئەوەش کراوە کە پێویستە لە ھەندێک شوێندا باخچە و سەوزایی ھەبێت، بەڵام ڕێگە نادەین ھیچ ھاووڵاتییەک زیانی بەر بکەوێت و ئەو کەسانە قەرەبوو دەکەینەوە کە شوێنی خانووەکانیان دەکرێنە سەوزایی.