رۆژنامەی ھەولێر

بەرھەمی پەتاتەی ئەمساڵ دەگاتە یەک ملیۆن تۆن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ژمارەیەک بازرگانی ھەرێمی کوردستان، نیگەرانن لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل، کە ڕێگە بە ھاوردەکردنی پەتاتە و پیاز و تەماتە نادات. لەبەرامبەردا وتەبێژی دەروازەکە ڕەتیدەکاتەوە. وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، لە پێناو ساغکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ ئەو بڕیارەمان داوە.

کامی کەمال، وتەبێژی کومەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل، ڕەتیدەکاتەوە بڕیاری قەدەغەکردنی ھاوردەی پەتاتە و پیاز و تەماتە لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل درا بێت.
وتەبێژی کومەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل، دەشڵێ: ئەو ڕێککارانە بە بڕیاری فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گیراونەتەبەر، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی و پشتیوانیکردنی جووتیاران و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانە.
قارەمان سیان، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: کاتێک بەرھەمی تەماتە پێدەگات، لەلایەک جووتیاران خۆپێشاندان دەکەن و دەڵێن، وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێگەی داوە بەرھەمی تەماتە ھاوردە بکرێت، کاتێکیش بڕیاری قەدەغەی ھاوردە دەدەین، بازرگاکان خۆپێشاندان دەکەن و دەڵێن وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێگرە لە ھاوردەکردنی بەرھەمی تەماتە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ کار لەسەر جێگیریی و ھاوسەنگی بازاڕ دەکات، ھاوردەکردنی بەرھەمی تەماتە قەدەغە کراوە تاوەکو ئەو کاتەی بەرھەمی خۆمان تەواو دەبێت.
ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن تۆن بەرھەمی پەتاتەمان ھەیە، بۆیە ھاوردەکردنی بەرھەمی پەتاتە بۆ ماوەی ١٢ مانگ قەدەغە کراوە، ناکرێت ھاوردەکردنی بەرھەمی پەتاتە ڕابگەیێنین ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرھەمەکانمان بۆ دەرەوەی عێراقیش دەچێت.
لەم یەک ملیۆن تۆنە، نزیکەی ٧٠٠ ھەزار تۆنی پەتاتەی خۆراکییە و ٣٠٠ ھەزار تۆنەکەی تریش پەتاتەی پیشەسازییە کە بۆ دروستکردنی چپس و فینگەر بەکاردێت.
پەتاتەی زیادە ڕەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی کەنداو وەک ئیمارات و سعودیە دەکرێت، چونکە بەھۆی کوالیتییە بەرزەکەیەوە خواستێکی زۆری لەسەرە.
ئەم کەرتە بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٨دا تەواوی بەرھەمی ھەرێم تەنھا ٨٠٠ تۆن بووە، ئێستا گەیشتووەتە ئەم ئاستە ستراتیژییە.
سەبارەت بە بەرھەمی پیاز، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان توانیویەتی چوار ھەزار و ٥٠٠ تۆن پیاز ھەناردەی وڵاتی تورکیا بکات، بۆیە ناکرێت ئێمە ھەناردە بکەین و دەرگای ھاوردەش بکەینەوە.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە دەڕوانێتە کەرتی کشتوکاڵ و ھەموو ئاسانکارییەک و پاڵپشتییەکی جووتیاران دەکات، جگە لە بەرھەم ھێنان، ھەوڵی داوە و بە ھەزاران بەروبومی جووتیاران بە بازاڕی کردوو و لە وڵاتان ساغی کردووتەوە.