رۆژنامەی ھەولێر

بەمزووانە ڕێگایەکی دیکەی ستراتیجیی گواستنەوە لە پارێزگای هەولێر دەکرێتەوە

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

بڕیارە بەمزووانە ڕێگایەکی دیکەی ستراتیجیی گواستنەوە لە پارێزگای هەولێر بکرێتەوە کە بە ڕێگای (کۆڕێ- شەقڵاوە –قەندیل) ناسراوە و تەنیا کاری ڕووناکی پڕۆژەکە ماوە کە تیمەکانی جێبەجێکردن خەریکن تەواوی دەکەن.

هێلكاریی ڕێگەكە تەواو بووە و ڕێگاکە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی ژێرخانی ڕێگەوبان لە هەرێمی كوردستان کە بە گوژمەی نزیكەی دووسەد ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
رێگەی (كۆڕی- شەقڵاوە- قەندێل) هەریەك لە تونێلی ماوەران و میراوە لەخۆ دەگرێت، درێژیی ڕێگاكە نزیكەی دە كیلۆمەترە و لە ئایندەیەكی نزیكدا كارەكانی تەواو دەبێت و بە ڕووی شۆفێراندا دەكرێتەوە.
تەواوبوونی ئەم ڕێگایە خزمەتێکی گەورەی شەقڵاوە دەکات و لە قەرەباڵخی ڕزگاری دەکات چونکە زۆرێک لە ئۆتۆمبێلەکان ناچارن بە ناو شاری شەقڵاوەدا تێپەڕن و بە تەواوبوونی ڕێگاکە ئەو ئۆتۆمبێلانەی هیچ کارێکیان لە شەقڵاوە نییە بە خێرایی سنوورەکە دەرباز دەکەن و بەم هۆیەوە و ڕێژەی ڕووداوەكانی هاتوچۆش بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە و ئاسانكارییەكی زۆر بۆ شۆفێران، هاووڵاتییان و گەشتیاران دەكات.
ئامادەکاری بۆ کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێگەی دووسایدی شێخان- باعەدرێی كردەوە. ئەم ڕێگایەش یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆك کە نۆ کیلۆمەتر درێژە و بیست و پێنج مەتر پانە.
ئەم جووتسایدە بەپێی ستانداردی جیهانیی ڕێگاوبان بنیات نراوە و ڕێگەی چەندان گوندی دەوروبەریشی چاك كراون و قەزای شێخان بە لالش و باعەدرێ بە ئەتروش و قەسرۆک گرێ دراون.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی لانی کەم دەیەی ڕابردوودا ئاوڕی جیددی لە کەرتی ڕێگاوبان داوەتەوە بەو ژمار زۆرە پڕۆژانەی لە کوردستان جێبەجێ کراون گۆڕانکارییەکی زۆریان بە سیمای کەرتەکە و کوردستان بەخشیوە. جگە لەو دەیان پڕۆژە ستراتیجییەی جێبەجێ کراون .
یەکێکی دیکە لەو پڕۆژە گرنگانەی زۆر بە خێرایی لە جێبەجێکردندایە بریتییە لە جووتسایدی هەولێر-کۆیە کە کارەکانی ڕێژەیەکی باشیان بڕیوە. پڕۆژەکە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٤، دوای چەندین ساڵ لە وەستان و پشتگوێخرانی، جارێکی دیکە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانرایەوە و بڕی چوارسەد و سی و پێنج ملیار دیناری بۆ تەرخان کرا.
پڕۆژەکە زۆر گرنگە و کۆیە بە پایتەخت گرێ دەدات و دوای تەواوبوونی، بڕینی ڕێگاکە لە سەعاتێک بۆ کەمتر لە نیو سەعات کەم دەبێتەوە. بەهۆی ئەوەی ڕێگاکە یەک ساید و پڕ هەوراز و نشێو بووە ساڵانە دەیان ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراون کە بە داخەوە هەندێک جار گیان لەدەستدانی لێ کەوتووەتەوە. خێراترکردنی ڕێگاکە بە واتەی ئەوە دێت کۆیە لە ناوەندی ئابووری و سیاسی و پایتەخت نزیکتر دەکەوێتەوە و دەرفەتی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان زیاتر گەشە دەکات و هەلی نوێی کار دێتە کایەوە.
هەوراز و گرد و دۆڵ و تەپۆڵکەی زۆر کەوتووەتە نێوان هەولێر و دهۆک و بۆیەش ڕاستکردنەوە و بنیاتنانی جووتسایدەکە پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆر هەیە و تەنیا شەقام بنیات نانرێت. ڕێگاكە سی و هەشت کیلۆمەترە سی و دوو مەتر پان دەبێت و پردێك بە درێژیی دووسەد و پەنجا مەتری لەسەر دروست دەكرێت، پێنج ئۆڤەرپاس و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری تر لەخۆ دەگرێت.
زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل، فراوانبوونی شارەکان و هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووان و گەشەسەندنی بازرگانی ئەو پێویستییەی هێناوەتە کایەوە لە ڕێگاوبانەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا بهێنرێت و ئەگەر ئەو ژێرخانە تۆکمە نەکرێت، جەنجاڵییەکە ئەوەندە زۆر دەبێت کە کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر سەرجەم کەرت و چالاکییەکان.