رۆژنامەی ھەولێر

پۆلیسی هەولێر ئافرەتێکی دەستگیر کرد کە لەناو ئۆتۆمبێلدا تەقەی کردبوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا ئافرەتێکی بە ڕەگەز ئێرانی بە ناوی (ن. ب. ق.) لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە شاری هەولێر بە شێوازێکی نایاسایی تەقە دەکات، هێزەکانیان توانییان لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن.

پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا ڕێکاری یاسایی بەرامبەری گیراوەتەبەر.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، پۆلیسی هەولێر هۆشداری توند دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت: “نمایشکردن بە چەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی تووندی یاسایی دەبێتەوە.”

هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لەم جۆرە ڕەفتارانە دوور بکەونەوە کە دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پێشێلکردنی یاسا.