رۆژنامەی ھەولێر

دەبێت رەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ی عێراق تا کۆتایی مانگی داهاتوو ڕەوانەی پەرلەمان کرابێت

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

رەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی عێراقی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و شەنوکەوی بودجە دەستی پێکردووە و ئەگەر لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران پەسند بکرێت ئەوا ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە خوێندنەوەی بکرێت.

رۆژی یەکشەممە وەزارەتی دارایی عێراق تەواوکردنی قۆناخەکانی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ ڕاگەیاند و بە فەرمی پڕۆژەکەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری کرد بۆ ئەوەی تاوتوێ بکرێت.
هەموو کاتژمێرێکی نەخایاند ڕەشنووسەکە لە لایەن ئەنجووومەنی وەزاری بۆ ئابووری پەسند کرا و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا. ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە دوای کۆبوونەوەیەکی بەردەوامی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە هات بە سەرپەرشتیی فالح ساری، وەزیری دارایی، کە تێیدا میوانداریی نوێنەرانی وەزارەتەکان، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان کراوە، هاوکات ڕاوێژ بە شارەزایانی دارایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق کراوە.
وەزیری دارایی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتەکەیان پابەندییەکانی خۆی لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ کردووە.
پێویستە بگوترێ بە پێی یاسا دەبێت حکوومەتی عێراق بەر لە تەواوبوونی مانگی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک ڕەشنووسی بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی پێشی کۆتاییهاتنی ساڵ پەسند بکرێت و حکوومەت لە داهات و خەرجییەکانی ساڵی نوێی بەرچاوڕوونیی تەواوی هەبێت.
بە گشتی ئەرکی وەزارەتی دارایی عێراق لە نووسینەوە و داڕشتنی بودجەکە تەواو بووە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ئەوەی دواین بڕیاری خۆی لە بارەی ڕەشنووسەکەوە بدات و ڕەوانەی پەرلەمانی بکات.
ئەوەی لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێی تێڕامانە و ئەوەیە شاندی هەرێمی کوردستان کە چەندین جار سەردانی بەغدایان کرد و هاوکات شاندی جیاواز چ لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان چ شاندی وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکانیش بە شێوەی جیا پلان و داواکارییەکانی خۆیان ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی کردووە و دەمێنێتەوە سەر ئەوەی تا چەندە حکوومەتی فیدراڵی ئەو داواکارییانەی خستووەتە نێو ڕەشنووسەکە چونکە بەر هەر تایبەتمەندییەک کە ڕەشنووسەکە هەیبێت ئەوا دواجار لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت و دەبێت مادە بە مادەی ڕەشنووسەکە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسند بکرێت.
حکوومەتی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی وەک خۆی ڕەوانە نەکردووە و ستەمێکی زۆری لە هەرێمی کوردستان کردووە و تەنانەت لە هەموو ئەو بودجەیانەش کە لە ساڵانی دواتر پەسند کراون لەگەڵ دابەزاندنی پشکی هەرێم، ئەوەی لە یاساکەشدا هاتووە وەک خۆی جێبەجێی نەکردووە.
هەرچەندە هێشتا بە فەرمی وردەکاریی ڕەشنووسی بودجە بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەو مەترسییەیە کە پشکی هەرێمی کوردستان بە ١٢.٦٨٪ دیاری کرابێت لە کاتێکدا بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤ی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت زیاتر لە ١٤٪ بێت.
شاند و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوو هەمو تواناکانی خۆیان بەرامبەر بە بەرپرسان و وەزارەتە جیاوازەکان و حکوومەتی عێراق بەکار هێناوە و ئەوەی لەدەستیان هاتووە بۆ چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەمییان نەکردووە بەڵام کێشەکە لەوەدایە بەداخەوە ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات لەسەر بنەمای ماف و پشک نەبووە بەڵکوو هەموو شتێک بە سیاسی کراوە و بەغدا لە جیاتی چەسپاندنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی دەستوور دەنگی ناشازی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەرز کردووەتەوە، هەرچەندە عەلی زەیدی بەڵێنی داوە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا بچەسپێنێت بەڵام ئەو ترس و گومانە هەر زاڵە ئەویش هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو لە بەڵێنەکانی پاشگەز ببێتەوە.
راستییە حاشاهەڵنەگەرەکە ئەوەیە کێشەیەکی زۆر لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و هەموو ئەو کێشانەش ڕەنگدانەوەیان بەسەر بودجە و چۆنیەتیی پەسندکردنی دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی گفتوگۆی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی ڕەشنووسەکە پێش ئەوەی بچێتە پەرلەمان لە لایەن حکوومەتەکانەوە چارەسە بکرێت.