رۆژنامەی ھەولێر

ئەمساڵ بەرهەمی ترێ ٨٠ هەزار تۆنە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارێزگای دھۆک لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە لەبواری بەرھەمھێنان و جۆرەکانی ترێ، زیاتر لە ١٢٥ جۆری ترێ لە دھۆک ھەیە. بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکە، دەڵێت: پلانی سەرەکی حکوومەتی ھەرێم پشتگیریکردنە لە کەرتی کشتوکاڵ و بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران. دەشڵێ: ئەمساڵ ڕێژەی بەرھەمھێنانی ترێ زۆر زیادبووە و بەرھەمی جووتیارانی سنوورەکە دەگاتە ھەشتا ھەزار تۆن، بۆ زیاتر بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ١٩ـەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی ترێ و ھەنگوین ساز دەکەین.

لە پارێزگای دھۆک، ١٢٥ جۆری ترێی خۆماڵی بەرھەم دەھێنرێن، دھۆک لەڕووی بەرھەمی ترێ ناسراوترین پارێزگای کوردستان و عێراقە، کۆلێژی کشتوکاڵیی دھۆک بە ‌ھاوکاری چەند جووتیارێکی پارێزگاکە توانیویانە ١٢ جۆری نوێی ترێ بەرھەم بھێنن کە لەسەر ئاستی جیھان تەنیا لە دھۆک ئەو جۆرە ترێیە ھەیە.
لەم مانگەدا فیستیڤاڵێکی گەورەی ترێ و ھەنگوین لە دھۆک دەکرێت، بەگوتەی شارەزایانی بواری کشتوکاڵ ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە گرنگن، وا دەکات جووتیاران بەرھەمی خۆیان نمایش بکەن و لە دەرەوە کڕیاری ھەبێت و ھەناردە بکرێت، پارێزگای دھۆک بە ترێ و ھەنگوینی کوالێتی بەرز بەناوبانگە و ئەم فیستیڤاڵە بووەتە نەریتێکی ساڵانە بۆ ھاندانی جووتیاران و ھەنگەوانانی ناوچەکە و ناساندنی بەرھەمەکانیان بە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە. کۆڤان کەریم، شارەزا لە بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆی کوردستانی دا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمەش ئومێدبەخش بوو، جووتیار ھەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو چۆن ئەو بەرھەمە ساغ بکاتەوە و توشی زیان نەبێت و بتوانێ ڕەنجی ماندووبوونی وەربگرێتەوە، کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەنگاوێکی گەورەبوو، ھەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات.
ئەو شارەزایەی بواری کشتوکاڵ، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم کاری گەورەی کردووە لە بواری کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ، ھەموو ھاوکارییەکی بۆ جووتیاران ڕاگەیاندووە و کەرتی کشتوکاڵ پێشوەچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ھەروەھا چەندین بەرھەمی ناوخۆ ڕەوانەی دەرەوە کراون، وەک براندێکی کوردستان بۆ ئەوەی بەرھەمەکان لە دەرەوە بناسرێنەوە، چەندین وڵات ئەو بەرھەمانەی ھەرێمیان بۆ ڕەوانە کراوە.
ھەرێمی کوردستان لەزۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە بەرھەم دەھێنرێن، دەوڵەمەندە، لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەن، ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، حکوومەت کاری لەسەر کردوون لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک ترێ، سێو، ھەنجیر و ھەنگوین ڕەوانەی دەرەوە کراون، ھەروەھا لە ڕێی کۆمپانیایەکیش ھەریەکە لە برنجی کوردی، تەحین و سماق دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێک دابەش دەکرێن، لە چەند ڕۆژی ڕابردووش بە ھەزاران تۆن سماق ڕەوانەی تورکیا کرا.
نرخی بەرھەمی خۆماڵی بە جۆرێکە کە جووتیاران سوودی لێ دەبینن ھەمیش بەرھەمەکە خواستی زۆری لەسەرە، حکوومەتی ھەرێم بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی ئەمساڵی جووتیاران لەڕێگەی ھۆبەی چاودێری گومرکی کشتوکاڵییەوە چاودێری نرخەکان دەکات لە ھەمان کاتدا پشتگیری دەدات بەو جووتیارانەی کە بەرھەمەکانیان دەنێرن بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق. بەشێک لە جووتیارانی سنووری دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، ڕێژەی بەرھەمھێنانی ترێ لە دھۆک زۆر باشە، ئەوەش ئێمەی جووتیارانی دڵخۆش کردووە، پاڵپشتی و ھاوکاری سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ ئێمەی جووتیاران، ترێ و بەرھەمەکانی دیکەی ئێمە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەتا لە وڵاتانی دیکەی جیھان بازاڕی بۆ پەیدا بووە و بەردەوام خواستی لەسەرە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک ٤٠ ھەزار دۆنم زەوی بە داری ترێ داچێنراوە، ساڵ بە ساڵیش بەرھەمی ترێ زیاتر دەبێت. ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ١٢٥ جۆری ترێ لە سنووری دھۆک ھەیە، لە ١/٧ تا ١٥/ ١١ ھاتنی ترێ بۆ ناو ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە، ئەمساڵ چەند کۆمپانییەک بڕیاریان داوە ترێی جووتیاران بکڕنەوە، لەگەڵ ئەوەی ترێی جووتیاران دەچێتە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، لە ھەمان کات لە کۆتایی ئەم مانگەدا ١٩ـەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی ترێ و ھەنگوین ڕێکدەخەین، فیستیڤاڵەکەی ئەمساڵ جیاواز دەبێت و تەنیا یەک ڕۆژ نابێت، بەڵکو بۆ ماوەی دوو تا سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئامانج لەم کارەش ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ ھاووڵاتییان و گەشتیاران تا بتوانن بەرھەمە ناوخۆییەکان ببینن و بیکڕن، ئەمەش ھاوکارییەکی گەورەی جووتییاران دەکات لە بازاڕکردنی بەرھەمەکانیان.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، ئاشکراشی کرد: کەشوھەوای ئەمساڵ زۆر باش بوو بۆ بەرووبوومی جووتیاران بەتایبەتی بەرھەمی ترێ، ھەر ئەوەش وای کردووە ئەمساڵ بەرھەمی ترێ زۆر زیاد بکات، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ھەشتا ھەزار تۆن ترێ بەرھەم ھاتووە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو تەنیا شەست ھەزار تۆن بووە.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، زیاتر گوتی: لە سنووری پارێزگای دھۆک زۆر بەرھەم ھەن کە لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن و ھەناردەی دەرەوە دەکرێن، پلانی سەرەکی حکوومەتی ھەرێم پشتگیریکردنە لە کەرتی کشتوکاڵ، بۆ ئەو مەبەستە لە دەرەوە بازاڕی بۆ جووتیاران دۆزیوەتەوە، بەرووبوومی جووتیاران ھەناردە دەکات، گرێبەستی لەگەڵ چەندین وڵات کردووە بۆ ھەناردەکردنی بەرووبوومی جووتیاران، ئەوەش ھۆکار بووە بۆ ئەوەی ساڵ بە ساڵ ژمارەی جووتیاران زیاد ببێت.