رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر شتێک پێویستی بە یەک هێزی نیشتمانی بوو

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دەی ئەم مانگە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی وەک موژدەیەک ڕاگەیاند و ئەم هەواڵە دڵی کوردستانییانی خۆش کرد چونکە بەم هەنگاوە کۆلەگەیەکی سەرەکیی پڕۆسەی نیشتمانسازی بنیات نرا.

یەکخستنەوەی پێشمەرگە مەبەست لێی هەموو ئەو هێزانە بوو کە سەردەمێک لەژێر ناوی پێشمەرگەی پارتی و پێشمەرگەی یەکێتی و سەردەمێکی دیکە لە ژێر ناوی هێزەکانی حەفتا و هەشتا مابوونەوە. لە ڕاستیدا دەبووایە هەر دوای ڕاپەڕینی کوردستانیان لە ساڵی ١٩٩١ بە یەکجاری پاشگری پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست و شیوعی و ئیسلامی و هەر ناوێکی دیکە سڕابایەوە و هەمووان لە ژێر ئاڵای وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بکرایانەوە و هەر زوو ئینتیما و خۆشەویستی لە حزبەوە بۆ نیشتمان گۆڕدرابا، بەڵام بەداخەوە ڕووداوە تاڵەکانی شەڕی ناوخۆیی نەک ئەمەی نەسڕیەوە بەڵکوو تۆختری کرد.
لە دوای ئازادیی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی فیدراڵی هەوڵێکی ڕژد دەستی پێکرد بۆ ئەوەی پێشمەرگە لە حزب دوور بخرێتەوە و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا درێژە بە خەباتی خۆی بدات، ئەمەش هەرچەندە هەنگاوی زۆری بۆ نرا و بەشێکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە بوونە نیشتمانی بەڵام هێشتا هێزێکی زۆر مایەوە کە هۆگری حزب بوون.
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کە زیانێکی زۆر بەر کوردستان کەوت هەر ئەو پرسە بوو و نەمانەوەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر فەرمانی یەک سەرۆک وایکرد بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لە دەرەوەی فەرمان و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵسوکەوت بکەن و زیانی بۆ خۆیان و هەموو کوردستان بگەیەنن.
دوای ئەو ڕووداوانەش دیسان هەوڵی ڕژد هەبووە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەوڵەکانیش تەنیا ناوخۆیی نەبوون بەڵکوو لە ئاستی نێودەوڵەتی بووە و وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی زۆر خەمخۆر بوون و هانی هەرێمی کوردستانیان دەدا یەکخستن و ڕێکخستن بۆ پێشمەرگە بکەن و ئەگەر دەخوازن هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بەهیز بێت پێویستە یەک هێزی پوشتە و پەرداخی نیشتمانی هەبێت کە بەرگری لێ بکات.
لە موژدەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێداگری لەوە کرابوو کە ئەوان وەک وەزارەتی پێشمەرگە هەموو توانای خۆیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان دەکەن و دووپات لەوە كراوەتەوە كە لە چوارچێوەی ئەم چاكسازییە ڕیشەییەدا، تەواوی هێزەكان لەسەر ئاستی یەك فەرماندەیی و كۆنترۆڵ، (لیواو فیرقەو فەرماندەیی دەڤەر) ڕێكخراونەوە .
یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی سەقامگیری و پتەویی بەرگری و خۆڕاگریی هەموو وڵاتێک ئەوەیە هێزێکی تۆکمەی سەربازی هەبێت کە بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی کەسی ئەرکەکەی پارێزگاریکردن لە نیشتمان بێت.
ئەگەر وڵاتانی سەربەخۆ پێویستییان بە هێزێکی تۆکمەی سەربازی و بەرگری هەبێت ئەوا هەرێمی کوردستان دوو جار پێویستییەتی چونکە هێشتا گەلی کورد بە ئاواتەکانی نەگەیشتووە و هەڕەشەیەکی زۆری لەسەر هەیە و ناحەزانی خەون بەوە دەبینن ئەو دەستکەوتانەی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا بەدەستی هێناوە لە ناوی ببەن.
هەرێمی کوردستان ئەگەر هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو و پەرلەمان و حکوومەتی یەکگرتوو و بەهێزی هەبێت و ڕێز لە دامەزراوە فەرمی و نیشتمانییەکانی خۆی بگرێت ئەوا دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ڕەشەبایەک ببێتەوە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی و گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی بەرێت.
هەرچەندە خەڵک بەو یەکگرتنەوەیە و موژدەیەی وەزارەتی پێشمەرگە دڵخۆشن بەڵام لە هەمان کاتدا کەمێک نیگەرانن لەوەی تەنیا گۆڕانکاری بەسەر ناوەکاندا نەهاتبێت، چونکە یەکخستن تەنیا بە بڕیار و ڕێکخستن نییە بەڵکوو دەبێت هەڵگری جەوهەری نیشتمانپەروەری بێت و کلتوری نیشتمانسازی لە ناو مێشک و دەروونی هەر تاکێکی پێشمەرگە پەرەی پێ بدرێت و لە جلی حزبایەتی و بەرژەوەندی کەسی دایانماڵێت.