رۆژنامەی ھەولێر

٨٠٠ هەزار هاوبەش لە داشکاندنی ٥٠٪ی قەرزی کۆنی کارەبا سوودمەند بوون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی کارەبا، ئاشکرای کرد، نزیکەی ٨٠٠ ھەزار ھاوبەش لە سەرانسەری کوردستان سوودیان لە داشکانی ٥٠%ـی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی بینیوە و دەشڵێ: جێگەی دڵخۆشییە زۆربەی ئەو ھاوبەشانەی پێش دەستپێکردنی ھەڵمەتەکە قەرزی کۆنیان ھەبوو، توانیویانە سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.

ڕۆژی ٢٢-٧-٢٠٢٦ـی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبا بە دوو ڕێژەی جیاواز ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارەکە، داشکاندنەکە بە ڕێژەی ٥٠% بۆ ماڵان و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و بەڕێژەی ٢٥% بۆ پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازییەکان و فەرمانگەکانی حکوومەت بوو.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نزیکەی ٨٠٠ ھەزار ھاوبەش لە سەرانسەری کوردستان سوودیان لە داشکاندنە تایبەتەکەی قەرزی کۆنی پێش پرۆژەی ڕووناکی وەرگرتووە، کە لە ڕۆژی سێی ئاب تا ١٠ی ئەم مانگە بۆ ماوەی نزیکەی چل ڕۆژێک بەردەوام بوو.
ڕاشیگەیاند: ئەم داشکاندنە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ یارمەتیدانی بەکارھێنەرانی کارەبا بە ھەموو پۆلەکانەوە پەسەند کرابوو، بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە قەرزی کارەبا ڕزگاریان ببێت، کە لە ڕێگەی داشکاندنێکی تایبەتەوە بە ڕێژەی ٥٠% جێبەجێ کرا و تا ئێستا لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت وێنەی نەبووە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەم داشکاندنە ھاوکاتە لەگەڵ کۆتاییھاتنی پڕۆژەی ڕووناکی و گواستنەوە لە قەرزە کۆنەکانەوە بۆ سیستەمێک کە تیایدا ھەموو بەکارھێنەران بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری، بە بەردەوامی و لە کاتی خۆیدا کرێی کارەبا دەدەن.
وەزارەتی کارەبا، دەشڵێ: جێگەی دڵخۆشییە زۆربەی ئەو ھاوبەشانەی پێش دەستپێکردنی ھەڵمەتەکە قەرزی کۆنیان ھەبوو، توانیویانە سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.
وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان و بەدیھێنانی دادپەروەری لە نێوان ھاوبەشانی کارەبادا، لەسەر پشتگیریکردنی ھاووڵاتییان و ھاوبەشانی لە ھەموو کەرتەکانی بەردەوام دەبێت.