عارف ڕوشدی
لە سیاسەتدا پرەنسیپی برایەتی تەنیا خەیاڵە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی داگیرکەری خاکی گەلانی دیکەن. گەلی سەردەست و دەستەبژێرە سیاسی و ڕوشنبیرەکانی، هەمیشە لە هەوڵی چەسپاندنی باڵادەستیدان لە هەموو ڕوویەکەوە؛ لە پێناوی لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی ژێردەستەدا درێغی ناکەن. بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە، پەیدابوون و سەرهەڵدانی ئاڕاستەی (لادەری چەواشەکار)ـە لە خودی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەلی داگیرکراودا.
گەلی کوردستان و بزووتنەوەی کوردایەتی چەندین ساڵە بەشێوەیەکی ڕێکخراو ڕووبەڕووی ئەو دیاردە قێزەونە بووەتەوە، بەشێوەیەکی چڕتر دوای هاتنەکایەی (پارتی کرێکارانی کوردستان) و دامەزراندنی لقوپۆپەکانی لە بەشەکانی کوردستاندا. بەداخەوە وەک هێڵێکی هاوتەریب لە هەرێمی کوردستاندا، لە ئەنجامی هەرەسی سیاسی و فکریی هەندێک لایەنی حیزبی، پەنایان بۆ تێزی (لادان) بردووە، لە پێناوی دەستکەوتی دارایی و بەهێزکردنی پێگەی خۆسەپاندن، هاوشانی لایەنە نەیارەکان سەرگەرمی دژایەتیکردنی بزووتنەوەی کوردایەتی و چاندنی تۆوی یاخیبوونی نەتەوایەتی و نیشتمانین، بەڵکوو بوونەتە هۆکاری خورتبوونی پیلانی شوڤێنییەکانی بەغدا و دروستکردنی فشار و گرفت لەبەردەم پرۆسەی سیاسی و پێگەی هەرێمی کوردستاندا.
لێرەدا جێگای خۆیەتی ئەو پرسیارە ئاڕاستەی پەیڕەوانی تێزی (برایەتیی گەلان و خۆتەواندنەوە لە بۆتەی گەلی سەردەستدا) بکەین:
* ئایا گەلانی سەردەست تا چ ڕادەیەک باوەڕیان بە یەکسانیی مرۆڤبوونیان هەیە؟
* تا چ ڕادەیەک ڕێز لە یەکسانیی خواستی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان دەگرن؟
* ئایا ئامادەن هاوسەنگی ڕابگرن لە ئەرک و مافەکاندا؟
* ئایا ئامادەن لە عێراقدا ڕێز لە دەستوور و سیستمی فیدراڵی بگرن و تەنانەت دەستبەرداری پرۆسەی نەگریسی تەعریب بن؟

