رۆژنامەی ھەولێر

ئەمساڵ ٧٠ کەس لە چەم و ڕووبارەکان خنکاون و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش ڕزگار کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٧٠ ھاووڵاتی لە ڕووبار، چەم و گۆماوەکاندا خنکاون کە زۆرترینیان لە ھەولێر بووە، ھاوکات تیمەکانی مەلەوانی بە ھاوکاریی ھاووڵاتییان توانیویانە زیاتر لە ١٥٠ کەس لە مەترسیی خنکان ڕزگار بکەن، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە زیاترە.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: سەرەڕای ھۆشدارییە بەردەوامەکانیان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا ٧٠ حاڵەتی خنکان لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، ٢٠ کەسیان لە ھەولێر بووە و ١١ کەسیان لە زاخۆ و ٩ کەسیان لە سۆران و ٨ کەسیان لە سلێمانی و ٧ کەسیان لە دھۆک و ٥ لە ڕاپەڕین و ٥ لە ھەڵەبجە و گەرمیانیش ٤ و ١ کەسیش لە ئاکرێ بووە.
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەدا تیمەکانی مەلەوانی و فریاگوزاریی بەرگریی شارستانی بە ھاوکاریی خەڵکی ناوچەکە، توانیویانە زیاتر لە ١٥٠ ھاووڵاتی و گەشتیار لە کاتی مەلەکردندا لە خنکان ڕزگار بکەن.
لەلایەکی دیکەوە ڕەوەند ھەودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئیدارەی سۆران بە ھەموو قەزا و ناحیەکانییەوە کۆمەڵێک ڕووبار و چەمی لێیە ئەوەش وای کردووە ھاووڵاتییان بۆ خۆ فێنکردنەوە بە گەرمای ھاوین و بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لەو ڕووبارانە بکەن.
وتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران، گوتیشی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ ١١ کەس لە ڕووبارەکانی ئیدارەی سۆران خنکاون، بە دەیان کەسیش لەلایەن تیمەکانی ئێمەوە ڕزگار کراون، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئامارەکە زیاترە کە ساڵی ڕابردوو تەنیا ٧ کەس خنکابوون.
ڕەوەند ھەودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران،لە ڕێگەی ڕۆژنامەی “ھەولێر” ھۆشداریی توند دەداتە ھاووڵاتییان و گەشتیاران و داوایان لێدەکات بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکان بن و بە ھیچ شێوەیەک لەو ڕووبار، بەنداو و شوێنە قووڵ و مەترسیدارانە مەلە نەکەن کە تابلۆی ئاگادارکردنەوەیان لێ دانراوە، تاوەکو گیانیان پارێزراو بێت و ڕووداوی نەخوازراوی لێ نەکەوێتەوە، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای ھەبوونی ھێمای ئاگادارکردنەوە لە ناوچە گەشتیارییەکان و ڕووبارەکان، ھاووڵاتیان و گەشتیاران وەک پێویست پابەندی ڕێنماییەکان نابن، ھەر ئەوەش وای کردووە کە زۆرجار ڕووداوی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.