رۆژنامەی ھەولێر

گرووپە میلیشیاکان جارێکی دیکە حکوومەتی عێراقیان تووشی شەرمەزاری کرد

گرووپە میلیشیا لەیاسا دەرچووەکانی عێراق بەر لەوەی ماوەی مانەوەیان وەک گرووپی چەکداری لە عێراق کۆتایی پێ بێت جارێکی دیکە حکوومەتی فیدراڵییان تووشی شەرمەزاری کرد و خاکی عێراقیان لە دژی وڵاتێکی دراوسێ بەکار هێنا.

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

رۆژی هەینی بەهۆی هێرشی ئەو گرووپانە زیانێکی زۆر بەر هێڵی گواستنەوەی نەوتی سعوودیە کەوت و هەناردەکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی سعوودیەوە بەرەو ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە تەواوی وەستا.
وەک ئاشکرایە سعوودیە لە دوو شوێنەوە نەوتەکەی بۆ بازاڕەکانی جیهانی دەگوازێتەوە یەکەمیان هورمز و دووەمیان ئەو هێڵەیە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە بەرەو دەریای سوور ڕاکێشراوە و هەر لە بەندەرەکانی دەریای سوورەوە سعوودیە نەوتەکەی لە کەشتییەکان بار دەکات و بۆ بازاڕەکانی جیهانی دەگوازێتەوە.
ئەو لوولە نەوتەی هێرشی کرایە سەر توانای ئەوەی هەبوو ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهانی بگوازێتەوە و لەو چەند مانگەی ڕابردوودا کە هورمز پەک خرابوو ئەو وڵاتە بڕیاری دابوو پشت بە هێڵە نەوتەکەی ببەستێت.
هەر دوای هێرشەکە ئەوە ڕاگەیەنرا کە لە خاکی عێراقەوە ئەو دامەزراوە نەوتییانەی سعوودیە کراونەتە ئامانج و هەر زوو حکوومەتی فیدراڵیش هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و سوپاسی حکوومەتی سعوودیەشی کرد کە هیچ وەڵامێکی هێرشەکەی بە پراکتیک نەداوەتەوە.
جاری رابردوو سعوودیە بە هاوکاریی ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی چڕ و پڕی کردە سەر گرووپە میلیشیاکان لە عێراق و چەندین بارەگای حەشدی شەعبی لەناوبران و دەیان کەس کوژران و بریندار بوون بەڵام ئەمجارە تا ئەم ساتە هیچ شتێک رووی نەداوە.
سەباح نەعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە فەرمی ڕای گەیاند کە حکوومەتی عێراق هەرگیز ڕێگە نادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر هیچ وڵاتێکی دیکە بەکاربهێنرێت و ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسییەوە.
ئەو ڕوونی کردەوە هەر دوای ڕووداوەکە عەلی زەیدی کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی دەرکردوون و یەکێک لەو بڕیارانە دامەزراندنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیە بۆ ڕووداوەکە و جگە لەمە بەهۆی ئەوەی کە هێرشەکە لە پاریزگای میسانەوە کرابوو، بڕیاری دا فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای میسان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنیی پارێزگاکە لە پۆستەکانیان دوور بخاتەوە.
هاوکات سەعد مەعن سەرۆکی یەکەی هەواڵگریی تەناهیی عێراق گوتی دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانە لە لایەن زەیدی هێمای ئەوەیە حکوومەت بە هیچ شێوەیەک چاپۆشی لەم ڕووداوانە ناکات. ئەو بە میدیای فەرمیی حکوومەتی عێراق گوتووە توانراوە سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەک بدۆزنەوە کە لە هێرشکردنە سەر هێڵی نەوتی سعوودیە بەکارهێنرابوو.
بەپێی ئەو مۆڵەتەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ گرووپە لەیاسادەرچووەکان دایناوە دەبێت تا کۆتایی ئەم مانگە سەرجەمیان چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکەن.
دەیان گرووپی میلیشیایی لە عێراق هەن کە ژمارەیەکیان پێشوازییان لەو داواکارییەی حکوومەتی زەیدی کردووە و ژمارەیەکی تریان سوورن لەسەر ئەوەی چەکەکانیان دانەنێن و مەرج بۆ دانانی چەک دیاری دەکەن.
هەندێک لەو مەرجانە نایاسایین یان ئەوەندە قورسن کە قابلی جێبەجێکردن نین، گرووپ هەیە تەنانەت باس لەوە دەکات کە پێشمەرگەش هەڵوەشێتەوە لە کاتێکدا پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە و لە چوارچێوەی دەستوور وەک پاسەوانی هەرێمی کوردستان دامەزراوە.
زیاتر لە دوو هەفتەی ماوە بۆ ئەو مۆڵەتەی حکوومەتی عێراق بۆ چەککردنی میلیشیاکان دەستنیشانی کردووە و ئەمریکاش چاودێری دۆخەکە دەکات و دەیەوێت دەسەڵاتی زەیدی تاقی بکاتەوە. ئەگەرحکوومەتی زەیدی بەسەر ئەم ئاڵنگارییەدا زاڵ بێت ئەوا دەرگای گەشە و پێشکەوتن و ئاوەدانی بە ڕووی عێراقدا دەکرێتەوە و ئەمریکا هاوکاری سەرخستنی حکوومەت و پێشخستنی ئابوورییەکەی دەدات و و ئەگەریش گرووپەکان هەر بەم شێوەیە درێژە بە ملهوڕی و نانەوەی پشێوی و کاری نایاسیی بدەن ئەوا قەیرانی گەورە بۆ عێراق دەهێننە کایەوە.