رۆژنامەی ھەولێر

لە خانەقین پڕۆسەی تەعریب خراپتر لە سەردەمی بەعس درێژەی پێ دەدرێت

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

ئەو پڕۆسە بەعەرەبکردنەی لە خانەقین دەستی پێکردووە لە مێژووی عێراقدا بێوێنەیە و تەنانەت لەسەردەمی ڕژێمی بەعس بەو شێوە بێشەرمانەیە هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو شارە نەدرا کە بەپێی هەموو بەڵگەنامەیەک بە درێژایی مێژوو کورد و کوردستانی بووە.

پڕۆسەی بەعەرەبکردن بە تایبەتی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە چووەتە قۆناغێکی نوێ و ئەوەش دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان لە سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کشایەوە و حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاکان شوێنیان گرتنەوە.
بەپێی ئاماری ساڵی ١٩٧٠ و بەپێی ئەو بەڵگەنامە مێژووییانەی هەن تا ئەو کاتە تەنانەت یەک عەرەبیش لە شارەکە نەژیاوە و سەرجەم دانیشتووانی کورد بووە بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر گۆڕاوە و پیلانێک هەیە ئەوەندە کوردەش کە لە خانەقین ماوە بە زەبری هێز و چاوسوورکردنەوە و هەڕەشە یان بە زێدەڕۆیی و داگیرکردنی خاکی کورد و دابڕانی ناحیە و گوندەکان لە یەکتر، بۆ عەرەب بگۆڕدرێت.
رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لایەنە سیاسییەكانی خانەقین كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا، بۆ تاوتوێكردنی ئەو شێوازە نوێیەی “بەعەرەبکردن” كە لە خانەقین و ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای دیالە گیراوەتەبەر. تەنانەت بڕیارێک هەبوو ڕۆژی دووشەممە خۆپێشاندانێكی فراوان لەناو بازاڕی خانەقین دژی هێنانی عەرەبی هاوردە و پێشێلكردنی مادەی سەد و چلی دەستوور بکرێت بەڵام لە ژێر گوشاری سیاسی و دەسەڵاتدارانی دیالە ئەو خۆپێشاندانە نەکرا و بۆ کاتێکی دیکە دوا خرا.
کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کورد لە خانەقین هیچی بەدەستەوە نەماوە و تەنانەت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لە هاووڵاتییانی شارەکە دەستگیر کراون و بۆ بەعقوبە گواستراونەتەوە.
سەیر ئەوەیە هەندێک هاوولاتی تەنیا لەسەر ئەوە دەستگیر کراون کە ناوی تابلۆی دووکانەکانیان لە عەرەبییەوە بۆ کوردی گۆڕیوە.
ئەوەی لە خانەقین ڕوودەدات سەرتاپای نادەستوورییە بەڵام سەرۆک کۆمار کە پارێزەری دەستوورە تا ئەم ساتە دەنگی هەڵنەبڕیوە و عەربیش لە ژێر سێبەری بێدەنگیی نوێنەرانی کورد لە بەغدا هەموو ئەو شتانە دەکات کە تەنانەت ڕژێمی بەعس نەیتوانی جێبەجێیان بکات.
بۆ نموونە لە ماوەی ڕابردوودا بە فەرمان و بڕیاری جیاواز بڕیار دراوە هەر یەک لە ناحیەکانی گوڵاڵە ، قەرەتەپە و سەعدییە لە قەزای خانەقین جیا بکرێنەوە و بکرێنە قەزا، ئەم هەنگاوە کە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی لەسەر دراوە، لەلایەن بەرپرسانی کوردەوە بە پێشێلکارییەکی زەقی دەستوور هەژمار کراوە.
بەپێی مادەی سەد و چلی دەستووری هەمیشەیی عێراق بە هیچ شێوەیەک نابێت دەستکاریی دیموگرافیای ناوچە کوردستانییەکان بکرێت تا ئەو کاتەی سەرجەم قۆناغەکانی ئاساییبوونەوە، قەرەبووکردنەوە و پاشان ڕیفراندۆم لەو سنوورە دەکرێت.
دەبوایە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ سەرجەم قۆناغەکانی مادەی سەد و چل جێبەجێ کرابان و سنووری مادەی سەد و چل بە تەواوی یەکلایی کرابایەوە بەڵام بەداخەوە ئەمە خەریکە دوو دەیەی تر بەسەریدا تێپەڕێت کەچی نەک ئاسایی نەبووەتەوە، بگرە زیاتر شێواوە.
ئەوەی لە خانەقین و کەرکووک بە تایبەتی و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە گشتی ڕوودەدات زۆر مەترسیدارە و کاتی ئەوە هاتووە گەلی کورد لە باشووری کوردستان هەموو توانا و هێزی خۆیان بخەنە سەریەک بۆ ئەوەی پێش بەو پیلانە مەترسیدارانە بگرن.
بە داخەوە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کورستان و خەریکبوونی لایەنە سیاسییەکان بە هەندێک پرسی لاوەکی و ململانێی ناوخۆیی و پێکنەهاتنی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، زیانێکی زۆری بە هەرێمی کوردستان و پرسی کورد گەیاندووە و ئەو دۆخە ئەگەر هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت دەبێت چاوەڕوانی شتی خراپتر لە خانەقین و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی کوردستان بکرێت.