بەپاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەشێوەیەکی مۆدێرن نۆژەن بکرێتەوە و سەرجەم کورسییەکانی یاریگەش دەگۆڕدرێن، تێچووی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە بە گوژمەی 260 هەزار دۆلار خەملێندراوە.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە بەهۆی ئەوەی بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی کەنداو دەکات، بەخێرایی هەوڵەکانی بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەکەی دەست پێکردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی هەولێر، یاریگای فڕانسۆ هەریری بە گوژمەی 260 هەزار دۆلار نۆژەن دەکرێتەوە، کارەکانیش دەبێت لە ماوەی کەمتر لە 40 رۆژ تەواو بکرێت، ئەگەرچی بڕیاردرا بوو سەرجەم کورسی یاریگەی فرەنسۆ هەریری بۆ رەنگی مۆر و سپی بگۆڕدرێت، بەڵام پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو هاتە دەنگ و دەستەی کارگێری یانەی هەولێری ئاگادار کردەوە کە دەبێرت رەنگی زەرد و ريشەکە وەکو خۆی بمێنێتەوە.
رۆژنامەی هەولێر زانیاری دەستکەوتووە، سەرجەم کورسییەکان بە گوژمەی 150 هەزار دۆلار دەگۆڕدرێن، شوێنی VIP بە گوژمەی 110 هەزار دۆلار رێکدەخرێتەوە، شوێنی کورسی یەدەگی یاریزانانی هەردوو تیپی نێو یاریگە دەستکاری دەکرێت و گۆڕانکاری لە سەرجەم ژووەکان و تراکی یاریگە دەکرێت.
یانەی هەولیڕ دەیەوێت کارەکانی یاریگەی فرەنسۆ هەریری پێش دەستپێکردنی چامپیۆنزلیگی کەنداو تەواو بکات.
یاریگەی شەهید فەڕەنسۆ ھەریری، یاریگای نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و بە دووەم گەورەترین یاریگای وەرزشی دادەنرێت لە عێراق، لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە، لە کۆتایی ساڵی 2001 ئەو یاریگەیە سەرلەنوێ فراوان كرا و بەناوى شەهید “فەڕەنسۆ ھەریری” کرا، لە ساڵی 2009 بووە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاو لە مێژووی شاری هەولێر.
یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو پێشوازی لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگی کەنداو دەکات.
یانەی هەولێر وەکو نوێنەری کوردستان و عێراق لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی کەنداو کەوتووەتە کۆمەڵەی سێیەم و بەرامبەر یانەکانی ئیتیفاقی سعودی، عەجمانی ئیماراتی و کازمەی کوێتی یاریی دەکات.
ئەمجارە جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ژمارەی یانە بەشدارەکانی جامی کەنداو بۆ 12 یانە زیادکراوە و یانەکان بەسەر سێ کۆمەڵەدا دابەشکراون، هەر کۆمەڵەیەک لە سێ یانە پێکهاتووە و یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەشێوازی چوون و هاتن بەڕێوەدەچن.
قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی کەنداو لە رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، قۆناخی کۆمەڵەکان لە رۆژی 17ـی شوباتی سالێ داهاتوو کۆتایی دێت، دوای ئەوە لە لەنێوان 2 بۆ 17ـی ئادار یارییەکانی قۆناخی هەشت دەکرێن، لە نێوان 23 بۆ 30ـی مانگی 4ـی 2027 یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی و کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەدەچێت.

