رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ عێراق بە پاڵپشتی 5 یاریزانی کوردستانی رووبەڕووی عومان دەبێتەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

جامی کەنداوی 2026 بە یاریی لوتکەی نێوان هەڵبژاردەی عێراق و عومان دەست پێ دەکات، یارییەکەش ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێر 05:30ـی ئێوارە لە یاریگەی شا عەبدوڵڵا لە شاری جەددەی سعوودیە دەبێت، لەنێو لیستی یاریزانەکانی عێراق پێنج یاریزانی کورد دەبینرێن.

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، پێش یارییەکەی عومان رایگەیاند بۆ بردنەوەی جامی کەنداو دەجەنگن، دەشڵیت دڵتەنگم بەهۆی پێکانی عەلی حەمادی، بەڵام دڵخۆشم کە دەرفەت بۆ یاریزانێکی لاوی وەکو مستەفا قابیل رەخسا.
گراهام ئارنۆڵد لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەو یاریزانانەی بەشدارییان لە مۆندیال کردووە ئەزموونی زیاتریان بەدەستهێناوە، جگە لەوەش یاریزانی زۆرباشی لاومان هەیە و ئایندەیەکی گەش چاوەڕێیان دەکات و خاوەنی ئاست و کوالیتییەکی بەرزن.
لەبارەی یارییەکەی ئەمڕۆ گراهام ئارنۆڵد گوتی: عومان تیپێکی زۆر مەترسیدارە، بەڵام یاریزانەکانم بڕیاریان داوە لەم یارییە باشترین ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن، ئێمە وەک خێزانێکی یەکگرتوو لەناو تیپەکەدا کاردەکەین، ئامانجمان بەدەستهێنانی نازناوەکە و هێنانی خۆشییە بۆ هاندەرانمان.

ژمارەی یاریزانە کوردستانییەکان زیاد کرا
ژمارەی یاریزانە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردەی عێراق زیاد کرا، مستەفا قابیل دەبێتە سێیەمین یاریزانی یانەی هەولێر لە لایەن گراهام ئارنۆڵد بۆ یارییەکانی جامی کەندا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەکرێت.
لەنێو لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی کەنداوی 2026 پێنج یاریزانی کوردستانی دەبینرێن.
ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، محەمەد دلاوەر و یوسف ئیمام بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران، لە دوایین سات گراهام ئارنۆڵد بۆ شوێنی عەلی حەمادی بانگهێشتی مستەفا قابیی کرد.
لە لایەکی دیکەوە، ئەیمەن حسێن هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند پێکهاتەکەمان گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و یاریزانی نوێ و گرنگ و نایابمان هەیە.
ئەیمەن حسێن گوتیشی: ئێمە وەک یەک خێزان کاردەکەین، پشتگیری یاریزانە نوێ و گەنجەکان دەکەین و پابەندی پلانەکانی گراهام ئارنۆڵد دەبین و سەرجەم رێنماییەکان وەکو خۆی جێبەجێ دەکەین.
ئەیمەن حسێن: دڵخۆشین هەست بە پاڵپشتی هاندەران و میدیایەکان دەکەین، ئەمەش وایکردووە هەموومان لەڕووی دەروونییەوە زۆر باش ئامادەین و رکابەری بۆ بردنەوەی نازناوەکە بکەین.
جامی کەنداوی عەرەبی بە بەشداریی هەشت هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت کە دابەش کراون بەسەر دوو کۆمەڵە، عێراق لە کۆمەڵەی یەکەم هاشانی هەڵبژاردەکانی سعوودیە، عومان و کوێت یاری دەکات. کۆمەڵەی دووەمیش پێکهاتووە لە هەڵبژاردەکانی ئیمارات، قەتەر، بەحرێن و یەمەن.
هەڵبژاردەی عێراق لە دووەمین یاری خۆی، رۆژی 26ـی ئەم مانگە بەرامبەر کوێت یاری دەکات، لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان شێرەکانی رافیدەین لە رۆژی 29ـی ئەم مانگە رووبەڕووی سعوودیە دەبێتەوە.